فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داواکاری هەیە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا دەکات بەر لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری کردن، مادەی (140) وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

ڕۆژی شەممە (28/ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاوی کردەوە، حەسەن مەجید، سەرۆکی کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، "پیویستە مادەی (140) پێش ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری کردن جێبەجێ بکرێت".

حەسەن مەجید جەخت دەکاتەوە لەوەی، "لە دەستووری عێراق مادەی (140) بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان داڕێژراوە، بەردەوام دووپاتی جێبەجێ کردنی دەکەینەوە".

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت، "چارەسەرکردنی تەواوەتی ئاوارەبوونی مێژوویی کوردەکان پیویست و گرنگە، زیاتر لە (4,500) گوندی کوردی لە کەرکوک و دەوروبەری وێران بوون و زۆرێک لە دانیشتووانیش ناچار بوون ماڵ و شوێنەکانیان جێبهێڵن، بۆیە دەبێت ڕێگە بەو خەڵکە بدرێت بگەڕێنەوە و بخرێنە ناو سەرژمێرییەوە چونکە ئەوان دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکانی خۆیانن".

سەرۆکی فراكسیۆنی پارتی ڕاشیگەیاند، "پرۆسەی سەرژمێری کردن بۆ عێراق زۆر گرنگە چونکە لە ڕێگەیەوە ئاماری گشتگیر لەسەر دانیشتوان دەست دەکەوێت وەک گەنجان، ژنان و منداڵان، هەروەها پێوەرە گرنگەکانی وەک ڕێژەی هەژاری و پێداویستییەکانی ژێرخان. لە ڕێگەی ئامارەکانەوە زانیاری جیاوازمان دەست دەکەوێت کە یارمەتیدەر دەبن لە پلاندانانی خزمەتگوزاری، پرۆژەکان و تێگەیشتن لە دیمۆگرافیای ناوچە جیاوازەکان".

دەربارەی بەشداریکردنی فراكسیۆنی پارتی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەندا حەسەن مەجید گوتی، "ئامادەبوونمان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی کەرکوک بەندە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، چونکە هەندێک بیروڕا دەڵێن پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکووک یاسایی بوو، لە لایەکی تریشەوە بیروڕای جیاواز بە نایاسایی ناوی دەبەن بۆیە بڕیاری دادگا بڕیاری کۆتایی دەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین