فه‌هیم عشق نووسه‌ر و سیاسه‌تكار: توركیا به‌ یاسا پرۆسه‌ى ئاشتى و رێككه‌وتنى دۆڵمه‌باخچه‌ى نه‌ناساندووه‌ تەوەر

سازدانی: هێژا دڵشاد

فه‌هیم عشق نووسه‌ر و سیاسه‌تمدار له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ "نوچه‌نێت" له‌ ته‌وه‌رى تاوتوێكردنى رێككه‌وتنى دۆڵمه‌باخچه‌ و پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا ده‌ڵێ، "توركیا هه‌میشه‌ یارى بۆ كورد ئاماده‌یه‌ و ئه‌وه‌ى بیرى لێده‌كاته‌وه‌ پاكتاوكردنى كورده‌ نه‌وه‌ك چاره‌سه‌رى پرسى كورد" دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر توركیا خوازیار بێت بۆ ئاشتى ئه‌وا هه‌میشه‌ زه‌مینه‌سازییه‌ك له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ هه‌یه‌.

بۆچی له‌ پاش راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌ قۆناغه‌كانی دانوستان له‌نێوان لایه‌نى كورد و تورك ئاماده‌نه‌كرا؟ به‌ بۆچوونی ئێوه‌ گرنگی راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌ بۆ كورد چیبوو؟


فه‌هیم عشق: وه‌ك ده‌زانرێت دوا پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2013 بوو كه‌ سیاسییه‌كانى كورد سه‌ردانی ئیمڕاڵییان ده‌كرد و چاویان به‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌كه‌وت. له‌و كاته‌دا دوو شت به‌ بنه‌ما وه‌رگیرا تاكو پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ریی سه‌ربكه‌وێت. یه‌كه‌م، دیداره‌كان له‌نێوان لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام ده‌بوو تاكو بگه‌نه‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك و دواتریش له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ قۆناغی دانوستان ده‌ستپێبكات. گفتوگۆكان به‌شێوه‌یه‌كی باش درێژه‌ی هه‌بوو تاكو گه‌یشته‌ راگه‌یێندراوی دۆڵمه‌باخچه‌، له‌وێدا پێویست بوو یه‌كه‌م قۆناغی دانوستان ده‌سپیێبكات. به‌ڵام تا ساتی راگه‌یێندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌، حكومه‌تی توركیا پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ ته‌واوی چه‌ك دابنێت، له‌ پاش ئه‌وه‌ ده‌ست به‌ قۆناغی دانوستان بكه‌ن. ئه‌مه‌ى وه‌ك مه‌رجی پێشوه‌خته‌ خسته‌ به‌رده‌م لایه‌نى كورد.  لایه‌نی كورد چ په‌كه‌كه‌ و چ عه‌بدولا ئۆجه‌لان داوایان له‌ توركیا كرد، له‌سه‌ره‌تاى پڕۆسه‌كه‌دا رێككه‌وتنێكى فه‌رمى و ئاشكرا له‌نێوان هه‌ردوولا بكرێت، ئه‌وجا هه‌نگاوی كرداری بۆ چه‌كدانانى په‌كه‌كه‌ بكرێت. ئه‌مه‌یان وه‌ك گره‌نتییه‌ك ده‌بینى. تاكو ئاماده‌كاری بۆ قۆناغى دانوستانى كۆتایی بكرێت. 

چه‌كدانانى په‌كه‌كه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كى به‌رده‌م پرۆسه‌ى ئاشتى بوو


لایه‌نی توركیا خوازیار بوو سه‌ره‌تا په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت و بخزێته‌ پرۆسه‌ى سیاسه‌ته‌وه‌ ئه‌وجا رێككه‌وتنێكی ته‌واوه‌تی بۆ ئاشته‌وایی بكرێت. لایه‌نی كورد وتیان ئێمه‌ ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نین و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین تاكو رێككه‌وتنێك ئیمزا ده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی ببینین، ئه‌وجا چه‌ك داده‌نێین. ئه‌مه‌ یه‌ك بوو له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ناو پڕۆسه‌كه‌.
له‌ رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌دا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتن. كه‌ خۆی له‌ 10 خاڵدا ده‌بینییه‌وه‌ ‌و لایه‌نه‌كان گه‌یشتبوونه‌ ئه‌نجامێك له‌سه‌رى. هه‌ر خاڵیكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئاماژه‌یه‌ك بوو به‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ چۆن به‌ رێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌مه‌ش له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاساییبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ى توركیا خۆى ده‌بینییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان رۆژی راگه‌یێندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ دانوستانی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ناشكرێت. من یه‌ك بوم له‌و كاته‌دا به‌وری به‌دواداچوونم بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌كرد و وتارم ده‌نووسی. بێگومان زۆر گرنگ بوو لایه‌نی تورك و كورد گه‌یشتن به‌ قۆناغی دانوستان، به‌ڵام زه‌ینیه‌تی ده‌وڵه‌ت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتبوو.  له‌به‌ر ئه‌وه‌ش دیار بوو كه‌ قۆناغی دانوستان پێشكه‌وتنێك به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت. هۆكاری ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م: په‌كه‌كه‌ قۆناغی كشانه‌وه‌ی له‌ناو خاكی توركیا وه‌ستاند. دووه‌م: ده‌وڵه‌ت بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ گفتوگۆ بۆ ئاشته‌وایی ده‌كات، به‌ڵام هاوكات له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی باكووری كوردستان چه‌نده‌ها قه‌ره‌قۆل و بنكه‌ی سه‌ربازی نوێی دروستكرد و تا ده‌هات داگیركاریی زیاتری له‌خاكی كوردستاندا كرد و سوپاكه‌ی زیاتر جێگیركرد. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ واده‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا روویدا. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا گومانێك لاى لایه‌نى كورد دروستبوو. پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ دره‌نگ ده‌ستیپێكرد دواتریش كشانه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی له‌ناو خاكى توركیا وه‌ستاند. له‌ نیسانی 2013 كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ده‌ستپێكرد به‌ڵام له‌ مانگى ئه‌یلوولدا په‌كه‌كه‌ پرۆسه‌ى كشانه‌وه‌ى وه‌ستاند. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی گه‌ریلا چۆڵی ده‌كرد، توركیا بنكه‌ی سه‌ربازی لێ دروست ده‌كرد. ئه‌مه‌ش وه‌ك تاكتیكێك بو كه‌ جارێكیتر په‌كه‌كه‌ نه‌توانێت له‌و ناوچانه‌دا بوونی هه‌بێت. په‌كه‌كه‌ ئه‌مه‌ی به‌ تاكتیكێك ناوبرد و پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه‌ی وه‌ستاند. هه‌روه‌ها گومانی زیاتر له‌ سه‌ر پرۆسه‌ى ئاشتى دروستكرد. 

رێككه‌وتنى دۆڵمه‌باخچه‌ بۆ ناساندنى پرسى كورد گرنگه‌


چه‌ند مانگێك له‌ پێش راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌، ده‌وڵه‌ت بڕیارێكى جددى له‌سه‌ر سڕكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و پاكتاوكردنى بزووتنه‌وه‌ى كورد دا. ئه‌م بریاره‌ دواتر  بۆ لایه‌نى كورد ئاشكرا بوو. ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو له‌ تشرینی دووه‌می ساڵى 2014، واته‌ ماوه‌یه‌ك پێش راگه‌یێندراوى رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى میدیاكانه‌وه‌ به‌ راسته‌وخۆ بۆ رایگشتى گوازرایه‌وه‌. كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی میللی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌سترا. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ سوپا و ئه‌ردۆغان و حكومه‌تى ئاكپارتى به‌شدار بوون. به‌ڵَگه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ لاى لایه‌نى كورد هه‌یه‌ كه‌ له‌وێ پیلانی نه‌هێشتنی په‌كه‌كه‌ و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ده‌درێت. واته‌ ده‌یانوت ئێمه‌ چۆن بزووتنه‌وه‌ى كورد نه‌هێڵین؟ ئه‌م پیلانه‌ دوابه‌دوای رێككه‌وتنامه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ كرا، ئه‌وه‌بوو  له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2015، به‌ قوڕسی شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه‌. ده‌ستگیركردنی سیاسه‌تكارانی كورد و شه‌ڕی ناو شاره‌كانی باكووری كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌. ده‌وڵه‌ت پیلانی له‌ناوبردنی كوردى هه‌بوو. لایه‌نی كورد پێشتر دركی به‌وه‌ كردبوو وه‌ به‌ڵَگه‌ی ئه‌وه‌شی لایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ى له‌واده‌ى پرۆسه‌ى ئاشتیدا داوه‌. 
لایه‌نی كورد خواستی رێككه‌وتن و دانوستانی هه‌بوو حكومه‌تی ئاكپارتی و ده‌وڵه‌تی تورك پیلانی له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردیان داڕشتبوو. به‌ڵێ رێككه‌وتننامه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ گرنگ بوو تاكوو دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام ده‌ركه‌وت ده‌وڵه‌ت ئامانجى له‌ چاره‌سه‌ری پرسى كورد نه‌بووه‌. به‌ڵكو مه‌رامی ته‌سفیه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی كوردی هه‌بووه‌. به‌تایبه‌تیش لایه‌نی چه‌كداریی كورد. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی ساڵی 2015 هه‌موو شتێ كۆتایی هات و شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه‌. 
ئه‌و راستییه‌ هه‌یه‌ له‌ راگه‌یێندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌، ده‌وڵه‌ت وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی  فه‌رمی قبوڵى نه‌كردووه‌. ته‌نانه‌ت ئیمزاشى له‌سه‌ر نه‌كردووه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پڕۆسه‌كه‌وه‌ لایه‌نی كورد داواكاریی ئه‌وه‌یان هه‌بوو رێككه‌وتنێكی فه‌رمی دوو لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ئیمزا بكه‌ن. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئیمزا له‌سه‌ر رێككه‌وتنێك بكات. راسته‌ له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى‌ دۆڵمه‌باخچه‌ له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆى نێوان دیداره‌كانى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان هاته‌كایه‌وه‌ و ئه‌و ماددانه‌ش پێشتر قسه‌ی له‌سه‌ر كرابوو كه‌ بۆ رایگشتی توركیا ئاشكرا بكرێت. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئاماده‌نه‌بوو ئیمزای له‌سه‌ر بكات. دواتر لایه‌نی كورد پێداگریی ئه‌وه‌ی كرد ئه‌و ماددانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت پێكه‌وه‌ بۆ رایگشتی ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌وه‌ بوو له‌ 28 شوباتی 2015 كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ به‌سترا له‌وێدا به‌ فریودانێك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت ئیمزای له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كرد. ته‌نها ئه‌وه‌بوو له‌وێدا به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشتن و ئه‌وه‌یان نیشانی گه‌لی توركیا دا كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ جۆرێك درێژه‌ى هه‌یه‌. 

به‌ بۆچوونی ئه‌ردۆغان چاره‌سه‌ری پرسی كورد كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵى ته‌ره‌ته‌ی كوردییه‌ 

به‌ واتایه‌كیتر راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕووى داواكارییه‌كانی كورد به‌ رایگشتی توركیا، واته‌ ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌ نه‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت بێت و ئیمزای له‌ سه‌ر ئه‌و 10 ماده‌یه‌ نه‌كرد. له‌كاتێدا ئه‌وه‌ راست نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و ماددانه‌ له‌ ئیمراڵی له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ئۆجه‌لاندا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو. واته‌ ئه‌و ماددانه‌ به‌ ته‌نها له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ ئاماده‌نه‌كرابوو. پێشتر گفتوگۆی له‌سه‌ر كرابوو. له‌پاش ئیمڕاڵی قسه‌ی له‌سه‌ر كرا له‌ڕێگه‌ی سیاسییه‌كانه‌وه‌ گه‌یێندرایه‌ په‌كه‌كه‌ و ئه‌وانیش گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردبوو. حكومه‌ت و ئه‌وانیش ئۆكه‌یان له‌سه‌ردا، له‌ كۆتاییدا سه‌ردێڕی رێككه‌وتنه‌كان نووسرایه‌وه‌ به‌ 10 خاڵ بۆ رایگشتی ئاشكرا كرا. لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگ بێت كه‌ هه‌ردوولا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ به‌ڵگه‌ بزانن و ئیمزا له‌سه‌ری بكه‌ن. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا ئیمزای له‌سه‌ری نه‌كرد و روونكردنه‌وه‌شی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ گوایه‌ پێویست ده‌كات كه‌ به‌و جۆره‌ بێت.
له‌پاش ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ئه‌ردۆغان له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی كشایه‌وه‌ و هه‌موو شتێ كۆتایی پێهات. ئه‌ردۆغان راسته‌وخۆ له‌ پاش راگه‌یێندراوی دۆڵمه‌باخچه‌ بۆ میدیاكان وتی "شتێك نیه‌ به‌ناوی رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌ و هیچ دانوستانێك له‌نێوان لایه‌نه‌كان نه‌كراوه‌". له‌ كاتێكدا خودی ئه‌ردۆغان بوو بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ دابوو كه‌ كێ له‌ كوێدا دانیشێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌و راسته‌یه‌ كه‌چی نكۆڵی لێده‌كات.

پێتوایه‌ له‌ ئاینده‌دا كار له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی به‌یاننامه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ بكرێته‌وه‌؟   ‌ ‌  
فه‌هیم عشق: ده‌شێ ده‌ستكاری هه‌ندێ له‌و خاڵانه‌ی ناو رێككه‌وتنه‌ بكرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌ بۆ لایه‌نی كورد رۆڵ پێدانه‌ و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك وایه‌ و گرنگه‌ بۆ ناساندنى پرسى كورد. لایه‌نی كورد ده‌ڵێت ئاماده‌ین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نی تورك و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی به‌یاننامه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ قۆناغی دانوستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و ئه‌و 10 بڕگه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك قبوڵی بكات و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكات. ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌توانین به‌رپرسیاریتی قۆناغێكی نوێ بۆ دانوستان بگرینه‌ئه‌ستۆ. 
لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و كۆسپ و رێگرییانه‌ش لاببرێت له‌به‌رده‌م قۆناغی دانوستان، له‌وانه‌ یه‌كه‌م: پێویسته‌ ده‌ستووری توركیا هه‌موار بكرێته‌وه‌ و له‌و زه‌ینیه‌ته‌ فاشیسته‌ رزگاری بێت و مافی یه‌كسانی بۆ تورك و كورد و گه‌لانی توركیا وه‌ك یه‌ك ده‌سته‌به‌ربكات. كار بۆ ده‌ستوورێكی دیموكراتی  بكرێت. پرسی ژن و منداڵ و ژینگه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. دووه‌م: ده‌رفه‌ت بدرێت تاكوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی كورد به‌شداری كایه‌كانی سیاسه‌ت بكات و ده‌رفه‌تی ئازادیی به‌شداریی بڕه‌خسێنرێت. سێیه‌م: كار بۆ به‌هێزكردنى ئیداری بۆ كورد بكرێت به‌وه‌ى كورد خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ببات، واته‌ كورد له‌و ناوچانه‌ی تیا ده‌ژی و ده‌نگی زۆره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن وه‌ك ده‌ڵێن مۆدێلى خۆسه‌ری دیموكراتی، كه‌ بزووتنه‌وه‌ى كورد ساڵانێكى داوای ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام زه‌ینیه‌تی تاكڕه‌ویی توركیا نه‌ك خۆسه‌ری دیموكراتى، به‌ڵكو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی نكۆڵیكردن له‌ كورد. ئه‌ردۆغان له‌ 2015 وه‌ ده‌ڵێت "پرسی كورد له‌ توركیا نه‌ماوه‌. من چاره‌سه‌رم كردووه‌". به‌ بۆچوونی ئه‌و چاره‌سه‌ری پرسی كورد كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵى ته‌ره‌ته‌ی كوردییه‌ یان پێگه‌یاندنی مامۆستایه‌ بۆ به‌شی كوردی له‌ زانكۆكان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها مامۆستا پێگه‌یه‌نران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام وه‌زراره‌تی په‌روه‌رده‌ رێگه‌ به‌ دامه‌زراندنی ئه‌و مامۆستایانه‌ نادات. 

ئه‌گه‌ر بێت و ده‌وڵه‌تی تورك نیه‌تی له‌ چاره‌سه‌ر بێت، ئه‌وا زه‌مینه‌سازی بۆ پرۆسه‌ى دیالۆگ و ئاشتى هه‌میشه‌ هه‌یه‌.


سێیه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ پرۆسه‌ی ئاشتیدا رۆڵیان گێڕا، یاسایه‌كیان بۆ ده‌رنه‌كرا تاكو روبه‌ڕووی دادگا نه‌كرێنه‌وه‌ له‌ دوا رۆژدا. بۆ نموونه‌ له‌و كاته‌دا ئۆجه‌لان له‌ ئیمڕاڵی به‌ شاندی هه‌ده‌په‌ و ده‌میرتاش ده‌ڵێت، "پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌ربكات تاكو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م پڕۆسه‌یه‌دا رۆڵ ده‌گێرن له‌ دواڕۆژدا به‌ تاوان هه‌ژمارنه‌كرێت تاكو ئه‌و یاسایه‌ بیانپارێزێت ئه‌گینا له‌ داهاتوودا له‌ ئه‌گه‌ری تێكچونی پڕۆسه‌كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌شدارى پرۆسه‌كه‌ بوون ده‌خرێنه‌ زیندانه‌وه‌" ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌شی نه‌كرد و ئاكتۆره‌كانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی خسته‌ زیندانه‌وه‌.  ئه‌وانه‌شی له‌ به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت بوون له‌ پرۆسه‌ی ئاشتیدا رۆڵیان گێڕا ئه‌وانیش دورخرانه‌وه‌ و پاسیڤ كراون. كه‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتارى ئاكپارتى تێدایه‌ هه‌موویان ژیانی سیاسییان كۆتایی پێهاتووه‌.
مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ئیمزای له‌سه‌ر رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌ نه‌كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ رایگشتی توركیا ئاشكرا كرا، به‌ڵام وه‌ك به‌ڵگه‌ توركیا ئیمزای له‌سه‌ر نه‌كردووه‌. هیچ یاسایه‌كیشی بۆ ناساندنى پرۆسه‌كه‌ ده‌رنه‌كرد.
هه‌موو ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك خاوه‌ن هه‌مان زه‌ینیه‌تی كۆنه‌. ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ وه‌ك پڕۆسه‌كانی ئۆسلۆ و ئه‌وانیتر ده‌وڵه‌ت نیه‌تی ته‌سفیه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردی هه‌بووه‌. هه‌نگاوه‌كانی به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوو بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌ش كۆتایی هات.

كه‌واته‌ ده‌وڵه‌تی تورك هیچ پڕۆژه‌یه‌كی بۆ پرسی كورد و ئاشته‌وایی نییه‌؟


فه‌هیم عشق: ده‌وڵه‌تی تورك پڕۆژه‌ی خۆی بۆ كورد هه‌یه‌، به‌ڵام پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد نییه‌. ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1923 وه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ توانه‌وه‌ی شوناسی كورد و ئینتیگره‌ی كورد به‌ سیستمی توركه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌بینین جگه‌ له‌ كورد، نه‌ته‌وه‌كانى تری ناو توركیا به‌جۆرێك ئینتیگره‌ی سیستمی توركیا بوون و به‌ تورك بونیان نیگه‌ران نین و ده‌شڵێن چه‌ند دڵخۆشین كه‌ توركین!. به‌ڵام كورد له‌ پێناس و كولتور و زمان و ئه‌ده‌بی خۆی پاشگه‌زنه‌بۆته‌وه‌ و وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر به‌ ته‌واوی ئینتیگره‌ی سیستمى ده‌وڵه‌تى تورك نه‌بوون و درێژه‌یان به‌ خه‌باتی خۆیان داوه‌. له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی توركیا شۆڕشی گه‌وره‌ روویداوه‌ له‌ شیخ سه‌عیدی پیرانه‌وه‌ تا شۆرشى ده‌رسیم، بۆ داكۆكی كردن له‌ شوناسى كورد بووه‌. له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا كورد جارێكیتر هاته‌ مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا پارتی سیاسییان دامه‌زراند. له‌ پاش كوده‌تاكه‌ی ساڵی 1980 په‌كه‌كه‌ خه‌باتی چه‌كداریی ده‌ستپێكرد و ساڵانێكی زۆره‌ درێژه‌ی پێده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ توركیا ده‌وترێ پرسی كورد بوونی نییه‌ و توانه‌وه‌ و پاكتاوی سیاسی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش پارتی سیاسی كورد به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كات و 70 بۆ 80 په‌رله‌مانتار به‌ده‌ستده‌هێنێت. ئیتر پرسی كورد بۆته‌ پرسێكی گرنگ و نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌گه‌ر بێت و ده‌وڵه‌تی تورك نیه‌تی له‌ چاره‌سه‌ر بێت، ئه‌وا زه‌مینه‌سازی بۆ پرۆسه‌ى دیالۆگ و ئاشتى هه‌میشه‌ هه‌یه‌. كورد ئاماده‌یه‌ بۆ ئاشتی و پارتێكی سیاسی به‌هێزی هه‌یه‌. 
له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمیكی نوێی دیموكراسی و ده‌ستوورێكی نوێی مه‌ده‌نی چاره‌سه‌ری پرسی كورد مومكینه‌. له‌وه‌ش ده‌ترسن كورد ببێته‌ مه‌ترسیه‌ك له‌ دوارۆژ بۆ سه‌ر توركیا ئه‌وه‌تا له‌ رۆژئاوا و باشووری كوردستانیش داگیركارییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ كورد درێژه‌ی هه‌یه‌.  له‌ داهاتوودا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پرسێكی قوڵ بۆ كورد. له‌ئێستادا نزیكه‌ی 80 بۆ 100 هه‌زار سه‌ربازی تورك له‌ناو خاكی باشووری كوردستانن و بنكه‌ی سه‌ربازی لێدروستكراوه‌. ئه‌مانه‌ ناكشێنه‌وه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌ داگیركاریی ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ كورد خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ نه‌بات و خاوه‌ن كیان و پێگه‌ى خۆى نه‌بێت، ده‌وڵه‌ت تورك پێیوایه‌ رۆڵى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بۆته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركیا. 
ده‌وڵه‌تی تورك هه‌میشه‌ گه‌مه‌ی سیاسی خۆی دژ به‌ كورد هه‌یه‌، دانوستانه‌كانى دۆلمَه‌باخچه‌ ئاوا به‌ ئاسانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كۆتایی پێهێنرا و له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ هه‌ڵسا. چونكه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت پرۆسه‌ ئاشتى گرنگى نه‌بوو، لایه‌نی سێیه‌میش له‌ناو پرۆسه‌كه‌ نه‌بوو تاكو چاودێرى بكات، ئه‌وه‌ش خۆی بۆ خۆی كێشه‌یه‌ك بوو كه‌ لایه‌نی كورد داوای نێوه‌ندگیریی نێوده‌وڵه‌تى كرد، به‌ڵام توركیا قبوڵی نه‌كرد.

پێتوایه‌ بۆ له‌مه‌ودوا لایه‌نى سێیه‌م وه‌ك چاودێریكردنى پڕۆسه‌ى ئاشتى پێویست بێت؟


فه‌هیم عشق: له‌ ئه‌نجامدا رێككه‌وتنامه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، به‌ڵگه‌یه‌كى دیاره‌. من باوه‌ڕم وا نییه‌ ئه‌گه‌ر بێت و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پرۆسه‌یه‌ك ده‌ستپێبكات، به‌ته‌نیا له‌نێوان كورد و تورك بێت. پێویسته‌ لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداربێت وه‌ك چاودێریكردنى پرۆسه‌كه‌. وه‌ك چۆن له‌ باشووری ئه‌فه‌ریقا و ئیرله‌نده‌ ئاشته‌وایی كرا. به‌و جۆره‌ به‌ره‌وپێشچونێك له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌بێت كاتێ لاینى سێیه‌م به‌شدار بێت و گه‌ره‌نتی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن. له‌مه‌ودوا به‌بێ بونى لایه‌نى ناوبژیوانى ده‌ره‌كى،  مومكین نییه‌ پرۆسه‌یه‌ك سه‌ربگرێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گه‌ره‌نتیه‌كی ده‌ره‌كی تیا نه‌بێت. ئه‌وكات هه‌نگاوی كرداری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێنت و كۆتایی به‌ شه‌ڕ دێت.
ده‌كری مادده‌كانی دۆلمه‌باخچه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌ و ئه‌وكات كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌. دانوستانى جدى به‌دواى خۆیدا بهێنێت. 
له‌ دوا پرۆسه‌ى ئاشتیدا، بینیمان زه‌ینیه‌تی ده‌وڵه‌ت نه‌گۆڕا، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت زۆری له‌ خۆى كرد بیركردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورد بگۆرێت، ویستی به‌ ساخته‌كاری پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببات. پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نى كورد، كه‌ به‌هێز و یه‌كگرتوو بێت. تا به‌رامبه‌ر رازی بێت به‌ پێدانى مافه‌كانی.  

فه‌هیم عشق
 


پڕۆفایل
فه‌هیم عشق
له‌ ساڵی 1961 له‌ ئامه‌د له‌دایك بووه.
له‌ زانكۆی دیجله‌  له‌ ئامه‌د خوێندوویه‌تى .
له‌ ساڵی 1989 ده‌ستی به‌كاری رۆژنامه‌نوسی كردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ گۆڤارێكی هه‌فتانه‌ له‌ ئامه‌د به‌ناوی "ده‌نگ‌" كاریكردووه‌.
له‌سه‌ر نووسینێكی له‌ساڵی 1990، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ و دوو مانگ له‌ زیندان ئامه‌د گیراوه‌.
دواتر كراوه‌ته‌ به‌رپرسی رۆژنامه‌ی وڵات له‌ ئامه‌د كه‌ به‌ زمانی كوردی و توركی چاپ ده‌كرا.
له‌ ساڵی 1995 توركیاى جێهێشت و له‌ باشووری كوردستان له‌ شاره‌كانی دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانی درێژه‌ی به‌كاری رۆژنامه‌نووسی و نووسین كردووه‌.
دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ توركیا و به‌رپرسی رۆژنامه‌ی روناهی و هێڤی بووه‌
له‌ ساڵه‌كانی داهاتوودا ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئاشتی و دیموكراسی بووه‌.
له‌ ساڵی 2002 بۆته‌ سه‌رۆكی ناوه‌ندى به‌دواداچوونى كولتوری له‌ ئیسته‌نبوڵ
گۆشه‌نووسی بۆ چه‌ند رۆژنامه‌ و سایتی توركیا كردووه‌. 
خاوه‌نی سێ كتێبه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە