بایرام بۆزیل نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار: پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا مێژوویی بوو تەوەر

سازدانی: هێژا دڵشاد

بایرام بۆزیل، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی گشتی پارتی سۆسیالیستی كوردستان- باكوور، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت له‌ ته‌وه‌رى هه‌ڵسه‌نگاندنى پرۆسه‌ى ئاشتى توركیا، باس گرنگى راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌ ده‌كات، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى توركیا ئه‌وه‌یه‌ پرسى كورد ته‌نیا به‌ چه‌كدانانى په‌كه‌كه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

 

له‌ئێستادا دۆخی توركیا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كورد چۆنه‌؟

بایرام بۆزیل: له‌ پاش ساڵی 2015، واته‌ له‌پێش كۆتایی هاتنی مه‌سه‌له‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا، ده‌سه‌ڵاتی توركیا ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌موو بژارده‌یه‌كی دیالۆگی وه‌لا ناوه‌. گه‌یشتۆته‌ خاڵێك كه‌ به‌ ته‌واوی شه‌ڕ و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ پرسی كورد په‌یڕه‌و ده‌كات. توركیا به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ كوردی ناو سنووری خۆی نا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ كوردی پارچه‌كانیتریشدا شه‌ڕی راگه‌یاندووه‌. به ‌جۆرێك له‌ ئێستادا توركیا مه‌سه‌له‌ی كورد به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاسایش و تیرۆر ده‌ناسێنێت به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌موو توانایه‌كی سه‌ربازیی خۆی خستۆته‌گه‌ڕ. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا توركیا په‌لامار و هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌ ناوخۆشدا ره‌وشێكی دژوار له‌هه‌مبه‌ر پرسی كورد هه‌یه‌. له‌ دوا لێدوانه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ چیتر پرسی كورد بوونی نییه‌ له‌و وڵاته‌. توركیای ئێستا به‌هه‌موو جۆرێك مه‌سه‌له‌ی كورد و چاره‌سه‌ركردنی ره‌تده‌كاته‌وه‌. 


له‌ ساڵانی رابردوودا، حكومه‌تی ئاكپارتی چه‌ند جارێك هه‌نگاوی ئیجابی بۆ ئاشته‌وایی و چاره‌سه‌ری پرسی كورد ناوه‌، هیچ نه‌بێت ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه‌ راگه‌یه‌نراوه‌، به‌رای ئێوه‌ بۆچی سیاسه‌تی ئاكپارتی به‌و جۆره‌ی ئیستا گۆڕا؟


بایرام بۆزیل: هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئاكپارتیدا هات به‌رامبه‌ر به‌ پرسی كورد بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌:
یه‌كه‌م: له‌دوا پڕۆسه‌ی ئاشتیدا، ئاكپارتی ته‌نها یه‌ك ئامانجی هه‌بوو، ئه‌ویش بێده‌نگكردنی چه‌كه‌كان و بێ چه‌ك كردنی په‌كه‌كه له‌و تێڕوانینه‌وه‌ ده‌یویست توركیا له‌و شه‌ڕه‌ رزگار بكات كه‌ ساڵانێكه‌ بوونی هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ واده‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا ئه‌وه‌مان بینی كه‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی ئاكپارتی له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتیدا نیه‌تێكی روونی نه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی مه‌سه‌له‌ی كوردی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، به‌ڵام پڕۆسه‌كه‌ توانی مه‌سه‌له‌ی كورد زیاتر بناسێنێت و گشتگیرتری بكات. بۆ نموونه‌ له‌ رابردوودا بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا 6% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست ده‌هێنا، به‌ڵام له‌پاش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی قه‌باره‌ی ده‌نگده‌ری هه‌ده‌په‌ گه‌یشته‌ 12% و13%. ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌لی كورد،‌ توانی پشتیوانییه‌ك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد زیاتر بكات. به‌هۆی پڕۆسه‌ی ئاشتییه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی نایاسایی و  تیرۆره‌وه‌ ده‌رچوو بوو به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی، یاسایی و ره‌وایی نه‌ته‌وه‌یه‌ك. كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا به‌و جۆره‌ بینییان، هه‌ربۆیه‌ له‌ واده‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا پشتیوانی گه‌لانی توركیا بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد و هه‌ده‌په‌ زیاتر بوو. هه‌ر له‌و واده‌یه‌دا بوو كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر مه‌سه‌له‌ی پرسی كورد، بووه‌ رۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی توركیا. له‌ میدیاكان به‌ ئازادانه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرا وه‌ له‌لایه‌ن چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ درك به‌ بوونی پرسێكی قووڵی وه‌ك پرسی كورد كرا. پرسی كورد بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی جددی و گشت لایه‌نه‌كان له‌بری نكۆڵیكردن داكۆكیان لێكرد و ئازادانه‌ دانیان به‌ بوونی پرسی كورد ده‌نا. ئه‌مه‌ش حكومه‌تی ترساند.

توركیای ئێستا به‌هه‌موو جۆرێك مه‌سه‌له‌ی كورد و چاره‌سه‌ركردنی ره‌تده‌كاته‌وه‌


دووه‌م: مه‌سه‌له‌ی رۆژئاوای كوردستان و رووداوه‌كانی كۆبانی، كورد بووه‌ رۆژه‌ڤی جیهان. سه‌رنجی وڵاتان بۆ كورد زیاتر بوو. مه‌سه‌له‌ی كورد بوه‌ جێی خواست و باسی وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌ شه‌ڕی داعشدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ حكومه‌تی توركیای ترساند له‌وه‌ی كورد به‌ره‌و ده‌سكه‌وتی زیاتر هه‌نگاوبنێت. له‌و خاڵه‌شدا ره‌نگه‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵه‌ی هه‌بووبێت. كه‌ دواتر هه‌ردوولا په‌نایان بۆ شه‌ڕ و توندوتیژی برده‌وه‌. كاتێ شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ له‌ توركیا، ده‌سه‌ڵات په‌نای بۆ سوپا و پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌رست (مه‌هه‌په)‌ برد. ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌ و رێككه‌وتنه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕی. له‌وه‌ش زیاتر ئه‌مجاره‌ بۆ شه‌ڕی كورد پێویست بوو سیستمی ده‌وڵه‌ت بگۆڕدرێت، ئه‌وه‌شیان كرد و سیستمی سه‌رۆكایه‌تییان بۆ ئه‌ردۆغانی سه‌رۆككۆمار هێنایه‌كایه‌وه‌. ده‌وڵه‌ت هه‌موو پشتیوانییه‌كی خۆی بۆ ئه‌ردۆغان ده‌بڕی له‌پاش ئه‌و جه‌نگه‌ی دژ به‌ كورد رایگه‌یاندبوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت له‌هه‌مبه‌ر به‌ پرسی كورد هاته‌ ئاراوه‌. واته‌ رێككه‌وتنی ئه‌ردۆغان و مه‌هه‌په‌، گۆڕینی سیستمی په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ته‌نانه‌ت قووڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا و نزیكبونه‌وه‌ی توركیا له‌ رووسیا هۆكاره‌كه‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد بوو. ئه‌ردۆغان ئه‌مریكا به‌وه‌ خه‌تابارده‌كات كه‌ هاوكاری یه‌په‌گه‌ ده‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بوه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی توركیا چه‌ك له‌ رووسیا بكڕێت. دواتریش ئه‌مریكا سزای ئابووری به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش توركیا له‌گه‌ڵ 70 وڵاتی رۆژئاوا و ئه‌ندام له‌ ناتۆدا په‌یوه‌ندی خراپ بووه‌. به‌ واتایه‌كی تر مه‌سه‌له‌ی پرسی كورد، هه‌م له‌ ناوخۆ و هه‌م له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا ده‌وڵه‌تی توركیای عه‌سكه‌رتاری تر كرد.

له‌ دوا پڕۆسه‌ی ئاشتیدا لایه‌نی كورد و تورك گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك به‌ راگه‌یێندراوی دۆڵمه‌باخچه‌ ناوبرا، به‌ رای ئێوه‌ رێككه‌وتنی دۆڵمه‌باخچه‌ چی بوو؟


بایرام بۆزیل: عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ واده‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و دانوستاندا، 10 مادده‌ی وه‌ك نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی كورد ئاماده‌كردبوو پێشنیاری ئه‌وه‌ی كرد بۆ رایگشتی توركیا رابگه‌یه‌نرێت.‌ داواشی كرد له‌ ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی پڕۆسه‌ی ئاشتی، په‌كه‌كه‌ كۆنگره‌ی خۆی بۆ چه‌كدانان ببه‌ستێت. له‌م خاڵه‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌كه‌كه‌ ئاماده ‌نه‌بوو چه‌ك دابنێت. ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پڕۆسه‌كه‌. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌بوو له‌و كاته‌دا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆمار بوو، ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆكوه‌زیران بوو. حكومه‌تی ئاكپارتی باوه‌ڕی به‌ پڕۆسه‌كه‌ نه‌مابوو، ته‌نها ده‌یویست ئیداره‌ی وه‌زعه‌كه‌ بكات درێژی بكاته‌وه‌ تا كاتی هه‌ڵبژاردن. هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ردۆغان و داودئۆغڵو پێیان وابوو ناگه‌نه‌ ئه‌نجامێك له‌و پرۆسه‌یه‌دا، بۆیه‌ ده‌یانویست تاكوو 7 ی حوزه‌یرانی 2015، واته‌ تاكوو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ جۆرێك درێژه‌ به پڕۆسه‌كه‌ بده‌ن تاكوو شه‌ڕ ده‌ستپێنه‌كاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ریسكێكی سیاسی بوو بۆ ئاكپارتی به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌بوو مه‌هه‌په‌ و جه‌هه‌په‌ هێرشی زۆریان بكردایه‌ته‌ سه‌ر ئاكپارتی به‌وه‌ی شكستی له‌ پڕۆسه‌كه‌دا هێناوه‌. ئاكپارتی بۆ رێگری له‌وه‌ به ‌جۆرێك ئیداره‌ی وه‌زعه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و هه‌ده‌په‌ و ئۆجه‌لاندا ده‌كرد. هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكار بوو كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی ناچار كرد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ له‌ دۆڵمه‌باخچه‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ببه‌ستن. ئه‌وه‌ بوو له‌پاش ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر راگه‌یێند‌نراوی دۆڵمه‌باخچه‌، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ دان به‌و دانیشتنه‌ نانێت. له‌پاش ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی 7 ی حوزه‌یران كرا و له‌ مانگی ته‌مموزدا ده‌وڵه‌تی شه‌ڕی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌. به‌مه‌ش پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا كۆتایی پێهات.

ئایا ده‌كرێت رێككه‌وتننامه‌ی دۆڵمه‌باخچه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بناسێنین كه‌ گرنگییه‌كى مێژوویی بۆ كورد هه‌بێت؟ 


بایرام بۆزیل: به‌ به‌راورد له‌چاو دیداره‌كانی پێشتری نێوان ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی كورد، ئه‌مجاره‌ دیداره‌كان به‌ نهێنی نه‌مایه‌وه ‌و به‌ ئاشكرا به‌ڕێوه‌ده‌چوو. له‌ راستیدا دۆڵمه‌باخچه‌ رێككه‌وتنێكی ته‌واو نه‌بوو‌‌، ته‌نها لایه‌نی هه‌ده‌په‌ داواكارییه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیان خوێنده‌وه‌. حكومه‌ت هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌بوو به‌وه‌ی رێككه‌وتنێك كراوه‌ و ته‌نانه‌ت ئیمزا له‌ژێر نووسراوی ئه‌و ماددانه نه‌كرا. به‌ڵام سه‌راڕای ئه‌وه‌ش دۆڵمه‌باخچه‌ گرنگی خۆی بۆ كورد هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار لایه‌نی تورك و لایه‌نی كورد به‌ روونی و به‌ ئاشكرا له‌به‌رچاوی مێدیاكانه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌یان سازكرد. بێگومان له‌ رابردووشدا دیدار له‌نێوان حكومه‌تی تورك و هه‌ده‌په‌ هه‌بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا هه‌بووه‌ به‌ نهێنی. ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌ ئاشكرا بوو‌ و گرنگییه‌كی خۆی هه‌یه‌ كه‌ شتێكی سیمبولی بوو. به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خاڵی بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وێدا هه‌ردوولا ئاماده‌یی ئاشتی نه‌بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی نه‌بوو. ته‌نها مانایه‌كی سیمبولی هه‌بوو. ده‌سكه‌وت و ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی سیاسی نه‌بوو.

راگه‌یێندراوى دۆڵمه‌باخچه‌ گرنگییه‌كى سیمبولى هه‌بوو

ئه‌گه‌ر حكومه‌تی توركیا ئه‌و 10 مادده‌یه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لانی وه‌ك كارنامه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد جێ به‌جێ بكردبایه‌، پێتانوایه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ به‌س بێت بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ توركیا؟


بایرام بۆزیل: قه‌ناعه‌تی شه‌خسی خۆم، له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتیدا، خواست و داواكارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ و ده‌وڵه‌تی توركیا هاوتا نه‌بوون. دوا پڕۆسه‌ی ئاشتی قۆناغێكی باش و ئیجابی بوو بۆ هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام ویست و چاوه‌ڕێكانی لایه‌نه‌كانی پڕۆسه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك نه‌بوون   ‌    
هه‌ر یه‌ك له‌دیدی خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ پڕۆسه‌كه‌ ده‌كرد و چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی له‌ لایه‌كه‌ی تر ده‌كرد. له‌ یه‌كتێگه‌یشتنی ته‌واوه‌تی له‌نێوان دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ نه‌بوو. ده‌وله‌تی تورك خواستی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ ته‌واوی چه‌ك دابنێت و كۆتایی به‌ قۆناغی چه‌كداریی و شه‌ڕ بهێنێت. حكومه‌ت له‌و كاته‌دا هه‌ندێ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی نابوو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ و به‌كارهێنانی زمانی كوردی له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا. به‌ واتایه‌كی تر ده‌وڵه‌ت ئامانجی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه دابنیشێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی كورددا و دان به‌ مافه‌ ره‌واكانیدا بنێت و له‌و پرۆسه‌یه‌دا مافی كورد بدات. هه‌ر له‌ خوێندن به‌ زمانی دایك تاكوو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ كورد یان دروستكردنی هه‌رێمێكی فیدڕاڵی بۆ كورد له‌ توركیا، لایه‌نی په‌كه‌كه‌ش نیه‌تێكی جدییان نیشان نه‌دا، له‌به‌رئه‌وش بوو لایه‌نه‌كان قه‌ناعه‌تیان به‌ یه‌كتری نه‌مابوو ده‌شیان ویست به‌ جۆرێك پڕۆسه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بێت بۆ مه‌رامی سیاسی خۆیان. وا بڕیار بوو په‌كه‌كه‌ له‌پاش نه‌ورۆزی 2013   گه‌ریلاكانی له‌ناو خاكی توركیا بكشێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌كی كه‌می له‌ گه‌ریلاكانی كشانه‌وه،‌ به‌ڵام پڕۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه‌ی وه‌ستاند. له‌پاش ئه‌وه‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ستیپێكرد. دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو پرۆسه‌كه‌ چ په‌كه‌كه‌ و چ ده‌وڵه‌تی تورك ئیداره‌ی وه‌زعه‌كه‌یان كرد تاكوو ساڵی 2015  ‌چونكه‌ حكومه‌تی ئاكپارتی نه‌یده‌ویست وه‌زعه‌كه‌ تێكبچێت و خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ دۆخێكی ئارامدا بچێته‌ هه‌ڵبژاردنی 2015 وه‌. ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام هێرشی ده‌كرده‌ سه‌ر حكومه‌تی ئاكپارتی و ره‌خنه‌یان له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌گرت. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنی 2015 كۆتایی بهاتایه‌، ئه‌وا ریسكێكی سیاسی گه‌وره‌ ده‌بوو بۆ ئاكپارتی و زیاتر ده‌كرایه‌ ئامانج له‌لایه‌ن پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه‌. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ وا ده‌بینرا كه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌واو له‌ژێر فه‌رمانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندایه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی بینیمان په‌كه‌كه‌ له‌واده‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا گوێ رایه‌ڵی ته‌واوی فه‌رمانه‌كانی ئۆجه‌لان نه‌بووه. دواجار ئه‌گه‌ر بهاته‌ پرۆسه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بوایه‌، ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ی ئیجابی زیاتری هه‌بوایه‌. به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌ت هیچ ئه‌گه‌ر و بژارده‌یه‌ك له‌ ئارادا نه‌مابێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژه ‌بكێشێت. چونكه‌ ئامانج و داواكارییه‌كانی لایه‌نه‌كان بۆ پرۆسه‌كه‌ هاوتا نه‌بوو بگره‌ زۆر جیاوازیش بوو.

وه‌ك سیاسییه‌كی باكووری كوردستان، راو پێشنیارت چییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كی نوێی ئاشتی له‌نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا؟ ئایا ده‌كرێت لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ماددانه‌ی دۆڵمه‌باخچه‌؟


بایرام بۆزیل: پێموانییه‌ لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر به‌نده‌كانی دۆڵمه‌باخچه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ دۆڵمه‌باخچه‌ نه‌هاته‌ ئاراوه‌. من به‌ وردی ئاگاداری دۆخه‌كه‌ بووم، ئه‌وه‌بوو هه‌ردوولا هاتنه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ و 10 مادده‌كه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان خوێنرایه‌وه‌ حكومه‌تی توركیاش ئه‌وه‌ی راگه‌یاند ئه‌گه‌ر بێت و په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت، ئه‌وا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی ئاشتیدا ده‌بین. له ‌كاتێكدا ئه‌و 10 مادده‌یه‌ی ئۆجه‌لان پێشنیاری كردبوو شتێكی روون و ئاشكرای تیا نه‌بوو بۆ مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد. بگره‌ زیاتر نیه‌تی ئۆجه‌لانی نیشاندا بۆ به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌ی ئاشتی، له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌بوو په‌كه‌كه كۆنگره‌یه‌ك ببه‌ستێت و كۆتایهێنانی خه‌باتی چه‌كداریی رابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كرا. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ من راگه‌یێندرا‌وی دۆڵمه‌باخچه‌ به‌ به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی نابینم، هاوكات دوا پڕۆسه‌ی ئاشتی به‌ پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی ده‌بینم. گرنگی خۆی هه‌بوو، بۆ یه‌كه‌مجار به‌ فه‌رمی و به‌ ئاشكرا كورد و تورك له‌سه‌ر یه‌ك مێزی دانوستان كۆبونه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد. شاندی هه‌ده‌په‌ به‌ فه‌رمی سه‌ردانی ئۆجه‌لانیان له‌ ئیمڕاڵی ده‌كرد و دواتریش شاندی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵیان كۆده‌بوویه‌وه‌. ده‌وڵه‌ت رێگه‌ی دا شاندی هه‌ده‌په‌ سه‌ردانی قه‌ندیل بكه‌ن و نامه‌ی ئۆجه‌لان به‌ په‌كه‌كه‌ بگه‌یه‌نن. ئه‌ردۆغان نوێنه‌ری خۆی نارده‌ لای ئۆجه‌لان. هه‌موو ئه‌مانه‌ بێگومان گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌ مێژووی توركیادا.
په‌كه‌كه‌ قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ نه‌بوو چه‌ك دابنێت به‌بێ گره‌نتییه‌ك، ده‌وڵه‌تیش هیچ یاسایه‌كی لێبورده‌یی ده‌رنه‌كرد تاكو گه‌ریلاكان بگه‌ڕێنه‌وه‌ توركیا و ژیانی ئاسایی خۆیان به‌سه‌ر به‌رن. واته‌ كشانه‌وه‌ی گه‌ریلاكان له ‌خاكی توركیا و چوونیان بۆ قه‌ندیل هیچ مانایه‌كی نییه‌ له‌وێ چی بكه‌ن؟ ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و دروستدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌بینیوه‌. په‌كه‌كه‌ش نیه‌ت و گفتی بۆ چه‌ك دانان نه‌بوو. 


به‌ بۆچوونی ئێوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌ ته‌نها له‌ ده‌ستی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه‌دایه یان ده‌شبێت ئۆپۆزسیۆن رۆڵ بگێڕێت‌؟


بایرام بۆزیل: من له‌و كاته‌دا چه‌ندین وتارم نووسی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی و ته‌نانه‌ت كتێبێكیشم هه‌یه‌. چه‌ند سه‌رنجێكی گرنگم نوسیوه‌ له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: مه‌سه‌له‌ی كورد مه‌سه‌له‌ی چه‌ك نییه‌. واته‌ له‌ پێش خه‌باتی چه‌كداریی په‌كه‌كه مه‌سه‌له‌ی كورد بوونی هه‌بووه‌. سبه‌ی په‌كه‌كه‌ نه‌مێنیت ئه‌وا پرسی كورد وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ نابێت ده‌وڵه‌تی توركیا چاره‌سه‌ری پرسی كورد به‌ چه‌كدانانی په‌كه‌كه‌وه‌‌ ببه‌ستێته‌وه. 
دووه‌م: بێگومان بێده‌نگكردنی چه‌كه‌كان زۆر گرنگه‌، ئێمه‌ خوازیارین ئه‌و شه‌ڕه‌‌ بوه‌ستێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زۆر شتێكی ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ده‌وڵه‌ت و په‌كه‌كه‌ دیدار ساز بكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و ده‌وڵه‌تیش یاسایه‌كی لێبورده‌یی گشتی ده‌ربكات. هه‌نگاوی تر بنێت تاكوو گه‌ریلاكان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو خاكی توركیا. به‌ڵام مه‌رجه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد هه‌موو لایه‌نه‌كانی توركیا چاودێری پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن و هاوكار و به‌شداربن له چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه‌. ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد بكرێته‌ ئه‌جێندای لایه‌نه‌كان و له‌ په‌رله‌مانی توركیا كاری له‌سه‌ر بكرێت. واته‌ به‌ ته‌نها رۆڵی ده‌زگای هه‌واڵگری میتی تورك و حكومه‌ت بۆ دیداری لایه‌نی كورد شتێكی ته‌واو نییه‌. بگره‌ ده‌بێت په‌رله‌مانی توركیا وه‌ك مه‌ره‌جه‌عێكی شه‌رعی و یاسایی، بكرێته‌ سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری پرسی كورد، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرسی كورد پێویستی به‌ ده‌ركردنی یاسا و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا هه‌یه‌. له‌ ناسینی پێناسی كورده‌وه‌ تاكو زمانی كوردی و بواره‌كانیتر ده‌بێت له‌ ده‌ستووردا بناسرێت. دواتریش مافی ئه‌وه‌ش بدرێت به‌ كورد كه‌ خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ببات. جا ئه‌وه‌ ئۆتۆنۆمییه‌ یان فیدڕاڵی یاخود شتێكی تر. هه‌روه‌ها ده‌شبێت گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی باكووری كوردستان به‌شدارییان پێبكرێت تاكو رۆڵی خۆیان بگێڕن. دواجار ده‌بێت توركیا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی بناسێنێت نه‌وه‌ك پرسێكی ئاسایش و ئه‌منی. به‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت ئه‌گینا چاره‌سه‌رێكی گونجاو نایه‌ته‌كایه‌وه‌. دوور یان نزیك توركیا ناچاره‌ پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات. بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت هه‌لومه‌رجه‌كان وا پێویست ده‌كات كه‌ توركیا چاره‌سه‌ری پرسی كورد بكات. جا ئه‌وه‌ ئاكپارتی ئه‌و كاره‌ ده‌كات یان ده‌سه‌لاتی دوای ئه‌و دواجار ده‌بێت توركیا چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ ئاشتییانه‌ بكات.

ده‌بێت په‌رله‌مانی توركیا وه‌ك مه‌ره‌جه‌عێكی شه‌رعی و یاسایی بكرێته‌ سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری پرسی كورد

 
بێگومان پارتی ده‌سه‌ڵات هه‌ر كه‌سێك بێت پێویستی به‌ هاوكاری لایه‌نه‌كانی توركیا هه‌یه‌ و مه‌رجیشه‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ریی به‌ یاسایی بكات و له‌چوارچێوه‌ی پارله‌مان و یاسا ئه‌و كاره‌ بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بێت و پارتی ده‌سه‌ڵات له‌مڕۆدا بڵێت پارته‌ كوردییه‌كان سه‌ربه‌ستن له‌ سیاسه‌تكردنیان به ‌ناوی كورد و كوردستانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێت و بناغه‌یه‌كی یاسایی بۆ دانه‌نێت، ئه‌وا رۆژی دواتر داواكاری گشتی ئه‌و پارته‌ داده‌خات و ئه‌ندامه‌كانیشی ده‌ستگیرده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ئێستادا كه‌ناڵی ته‌ره‌ته‌ كوردی كراوه‌ته‌وه‌، سبه‌ی كه‌سێكیتر بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ره‌نگه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ دابخات. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی چاره‌سه‌ریدا پێویسته‌ رێكاره‌كانی به‌ یاسایی كردنی بۆ بگیرێته‌به‌ر. ده‌ستوور تاكه‌ گه‌ره‌نتییه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد. هه‌ر چۆن له‌ عێراق له‌ساڵانی حه‌فتاكان مافی كورد له‌ ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌دا دانی پێدانرا. له‌به‌رئه‌وه‌ زه‌مینه‌سازی یاسایی بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی زۆر گرنگه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی حكومه‌ت له‌ توركیا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یاساكانی ده‌ستوور له‌ په‌رله‌مان هه‌موار بكاته‌وه‌ و بیگۆڕێت‌. بێگومان پشتیوانی پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش گرنگه‌.

له‌ مانگه‌كانی رابردوودا هه‌ده‌په‌ رێككه‌وتنی كوردستانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی باكووری كوردستاندا ئیمزاكرد. ئامانج له‌مه‌ چییه‌؟ ئایا دیداره‌كانی نێوان هه‌ده‌په‌ و پارته‌ كوردییه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌؟


بایرام بۆزیل: له‌ باكووری كوردستان رێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كاندا هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووشدا جۆره‌ رێككه‌وتنێك هاته‌ ئاراوه‌. پارته‌كه‌ی ئێمه‌ پارتی سۆسیالیستی كوردستان-باكوور و چه‌ند پارتێكی تر پێكه‌وه‌ له‌ ئێستادا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ و دیداره‌كان له‌نێوانمان درێژه‌ی هه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌دا دیالۆگمان زۆر باشه‌. مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه‌ كۆده‌نگییه‌ك له‌نێوان پارته‌ كوردییه‌كانی باكوور بێته‌ ئاراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ داخوازییه‌كانی كورد. هاوكات گله‌یشمان له‌ هه‌ده‌په‌ هه‌یه‌ به‌وه‌ی خۆیان به‌ پارتێكی توركیایی ده‌ناسێنن، له‌ كاتێكدا ده‌نگده‌رانی ئه‌وان كوردن و له‌ چه‌قی باكووری كوردستان هێز و پشتیوانی گه‌لی كوردی لێده‌كرێت. ئێمه‌ ده‌خوازین هه‌ده‌په‌ وه‌ك پارتێكی ته‌واو كورد پێناسه‌ی خۆی بكات تاكوو بتوانین رێككه‌وتنی كوردستانی پته‌وتر بكه‌ین له‌ناوخۆماندا. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش دیداره‌كانمان درێژه‌ی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بۆ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی كورد له‌ باكوور. یه‌ك له‌و كارانه‌ی ئێستا ده‌كرێت مه‌سه‌له‌ی كاركردنه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی زمانی كوردی ئێمه‌ و هه‌ده‌په‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا ره‌نگه‌ بژارده‌ی ترمان هه‌بێت. له ‌ئێستادا هیچ رێككه‌وتنێك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌نێوان پارته‌ كوردییه‌كان و هه‌ده‌په‌ دا نییه‌.    

-بایرام بۆزیل
-نووسه‌ر و سیاسه‌تكاری باكووری كوردستان
-یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی گشتی پارتی سۆسیالیستی كوردستان-باكوور
-له‌ ساڵی 1961 له‌ قه‌زای لیجه‌ سه‌ر به‌ ئامه‌دی باكووری كوردستانی له‌دایك بووه‌.
-له‌ ساڵی 1977 له‌ رۆژنامه‌ی رۆژا وڵات كه‌ به‌ كوردی و توركی چاپ ده‌كرا ده‌ستی به‌كاری رۆژنامه‌نوسی كردووه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌سگیرده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ له‌ ئامه‌د زیندانی ده‌كرێت.
-به‌شی ئابووری له‌ زانكۆی ئیستانبوڵ ته‌واو كردووه.‌
-له‌ ژیانی سیاسیدا سێ جار زیندانی كراوه‌.
-له‌ ساڵانی 1994 تاكو 2004 ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئازادی و ماف بووه‌ له‌ باكووری كوردستان.
- له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ خه‌باتی سیاسدا، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گۆڤار و په‌خشی ده‌نگ ه‌ له‌ باكوور.
-خاوه‌نی چوار كتێبه‌.‌ 

  ‌  ‌   ‌      ‌    

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە