نورجان بایسال، نووسەری ناوداری توركیا: گرنگى دۆڵمه‌باخچه‌ له‌وه‌ بوو سێ ساڵ كه‌س نه‌كوژرا تەوەر

سازدانی: هێژا دڵشاد

نورجان بایسال نووسه‌رى به‌ناوبانگى باكوورى كوردستان و توركیا له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، باس له‌ گرنگى رێككه‌وتنى دۆڵمه‌باخچه‌ ده‌كات، هه‌ر چه‌نده‌ پێیوایه‌ له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ خواسته‌كانى كوردى به‌دی نه‌هێناوه‌، به‌ڵام دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ڕووى مرۆییه‌وه‌ گرنگییه‌كى زۆرى هه‌بووه‌ له‌وه‌ى سێ ساڵ هیچ كه‌سێك له‌ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ و توركیان نه‌كوژراوه‌.

لە ئێستادا رەوشی سیاسی لە باكووری كوردستان چۆنە؟ دۆخەكە بۆ پرسی كورد چۆن دەگوزەرێت؟

نورجان بایسال: سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی تورك لەهەمبەر بزووتنەوەی سیاسی كورد ئه‌وپه‌ڕى فاشیزمانەیە و رێگریی و فشارێكی جدی لەسەر كورد هەیە. خەریكە هەموو رێگاكان بەڕووی بزووتنەوەی سیاسی كورد دادەخرێت. ئه‌گه‌ر نەڵێین بە تەواوی زه‌مینه‌ی خه‌باتی سیاسی بۆ بزووتنەوەی سیاسی كورد نەهێشتووە، ئه‌وا نزیكە لەوەی بە تەواوی هیچ زەمینەیەك لەبارنەبێت بۆ ئەوەی كورد لە توركیا و لە باكووری كوردستان سیاسەت بكات. سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كورد، هەموو بژارده‌كانی ماف و یاسایی لە كورد لێ وەرگیراوەتەوە و لەماوەی پێنج بۆ شەش ساڵی رابردوو رەوشێكی ئێجگار خراپ لەئارادا هەیە و هێرشی زۆر لەسەر كورد هەیە. لەلایەكەوە رێگری لەوە دەكرێت كورد خۆی خۆی بەڕێوەببات، بەمەش دەوڵەت قەیومی لە شوێنی هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی كورد لە باكوور داناوە. لە ساڵی 2016 وە لە 65 شارەوانی كورد تەنها چوار شارەوانی لەدەستی كورددا ماوە، ئەوانیتر له‌لایه‌ن‌ دەوڵەته‌وه‌ بە ناهەق لەدەستی كورد وەرگیراوەتەوەو قەیومی بۆ داناون. قەدەغەكان بۆ سەر زمان و كولتووری كوردی زیاتر بووه، له ‌هەموو روویەكەوە پەلاماری دەسكەوتەكانی كورد دەدرێت. واتە مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ كورد، مافی زمان و كولتووری كورد، مافی بەشداری سیاسی بۆ كورد هەمووی لەژێر پرسیارێكی گەورەدایە و دەوڵەت بەهەموو توانایەوە رووبەڕووی كورد بۆتەوە. لەساڵی 2016 كاتێ قەیوم بۆ شارەوانییەكانی هەدەپە دانرا، دەوڵەت لەو ڕێگەیەوە سەرجەم ناوەند و وەشانە كوردییەكانی باكووری كوردستانی داخست. ناوەندە پەروەردەییەكان و ناوەندە سەرەتاییەكان و پەیمانگا و ئینستوتەكانی بواری پەروەردە و كولتوور و زمانی كوردی لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵدا لەلایەن دەوڵەتەوە داخراون. لە شارێكی وەك ئامەد كە چەند سەنتەرێكی كولتووری وەك جگەرخوێن و ئارام تیگران-ی تیابووه‌، ئێستا هەمووی داخراون. ئەوەی پەیوەست بێت بە دەسكەوتەكانی كوردەوە هەمووی لەبەردەم هەڕەشەی نەماندایه‌ و لەماوەی ئەم پێنج ساڵەی دوایدا دەوڵەت هەموو شتێكی قەدەغە كردووە و بەشێكی زۆری ئەو دەسكەوتانەی كورد لەباربراون.  ره‌وشه‌كه‌ به‌م جۆره‌ خراپه‌ و پێویستی به‌كاتی زۆره‌ تاكوو ئاسایی ببێته‌وه‌ یاخود لایه‌نی كه‌م له‌ ئه‌گه‌ری گۆڕینی رژێمی توركیا ره‌نگه‌ گۆڕانكارییه‌كی ئیجابی بێته‌ئاراوه‌.

"پێویستە له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى توركیا لایەنی سێیەم بۆ چاودێریكردنى هه‌بێت"

 

وەك بەڕێزتان ئاگادارن و ساڵانێكه‌ وتار ده‌نووسن‌، لەساڵی 2013 تاكوو 2015 پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەبوو جیاوازتر لە پڕۆسەكانی پێشتر بەوەی پڕۆسەكە بە ئاشكرا بۆ رایگشتی ئاشكراكرا بوو. بەبۆچوونی ئێوە بۆچی نەتوانرا درێژە بە پڕۆسەكە بدرێت؟
نورجان بایسال: سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم، پڕۆسەی ئاشتی چەند لاواز بێت یان كێشە و گرفتی هەبێت، دواجار پڕۆسەیەكی بە نرخ و گرنگە. لەبەرئەوەی لەماوەی ئەو پڕۆسەیەدا هیچ مرۆڤێك ناكوژرێت. لەو پڕۆسەیەدا راستە كە بناغە و پڕۆژەیەكی تۆكمەی بۆ چارەسەریی پرسی كورد نەبوو، بەڵام هیچ نەبێت لەو وادەیەدا ئاگربەستێك هەبوو وە خوێنی هیچ كەسێك نەڕژا.‌ نزیكەی سێ ساڵ تەرمی هیچ كه‌سێك نەهاتەوە. ئەمە شتێكی زۆر بە نرخە. لەو پڕۆسەیەدا كورد بە مافەكانی خۆی نەگەیشت، هەنگاوەكان زۆر هێواش بوون. بۆ نموونە من لەو كاتەدا دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی زۆر وتارم نوسی كە رەخنە ئامێز بوون. لەساڵی 2013 لەسەرەتای پڕۆسەكە من لە دێهاتەكانی ناوچەی تاتوان-ی باكووری كوردستان بووم كارم دەكرد. لەو كاتەدا كە پڕۆسەی كشانەوەی گەریلاكان دەستیپێكرد، دەوڵەت چەكداری زۆری دامەزراند بەناوی پاسەوانی گوندەوە له ناوچەكانی‌ تاتوان. هه‌ر لەو كاتەدا بوو لەوتارەكانمدا نوسیوم ئەگەر دەوڵەت بەنیازی ئاشتییە، بۆچی پاسەوانی گوند دادەمەزرێنێت. ئەمە شتێكی نامۆ بوو بەواتای ئەوە دێت چەكداری بەكرێگیراو بۆ دەوڵەت زیاتر ده‌كرێت. ئێمە وەك ئەكادیمییەك لە ناوچەكە بەردەوام سەرنجەكانی خۆمان دەنوسی و رەخنەمان لە دەوڵەت دەگرت بەوەی لە پڕۆسەكەدا نییەتی جدی نییە، ئێمە دركمان بەوە دەكرد كە پڕۆسەكە بەنرخە وەك لایەنی ئاشتەوایی و وەستانی شەڕ، هاوكاتیش سەرنج و رەخنەی خۆمان له‌سه‌ر میكانیزمی پڕۆسه‌كه‌ هەبووە. لە سەرەتای ساڵی 2015 پێم وابوو پڕۆسەكە بەرەو وەستان و كۆتایی دەچێت. دەرەنجامەكانی وایان نیشاندەدا. هاوكات لەو باوەڕەدا نەبووم بەو جۆرە بەخراپی پڕۆسەكە كۆتایی پێبێت بەوەی شەڕ هاتە ناو شارەكانەوەو خەڵكانێكی زۆر بونە قوربانی و لە ماڵ و زێدی خۆیان راگوازران. رووداوەكانی كۆبانی تادەهات لەناوچەكە توڕەیی خەڵكی زیاتر دەكرد لە بەرامبەر دەوڵەتی تورك، تەرمێكی زۆر لە كۆبانییەوە دەهاتەوە بۆ توركیا و دەسگیركردنی ئەندامانی هەدەپە دەستیپێكرد و توندوتیژی پۆلیس رووی لەزیادبوون كرد، كێشەی سەرەكی ئەوەبوو پڕۆسەی ئاشتی هیچ ژێرخانێكی یاسایی نەبوو، لەبەرئەوە رووداوەكان بە خێرایی كاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆسەكە دەكرد. پێویست بوو زەمینەسازییەكی دەستووری بۆ پێناسه‌كردن و پارێزگاری كردنی پڕۆسەی ئاشتی هەبووایە. ئەم بابەتانە ناو بەناو گفتوگۆمان لەسەردەكرد لەوادەی پڕۆسەكەدا. من وەك نورجان لە ئامەد دركم بە توڕەیی و نیگەرانی خەڵك دەكرد. پێش كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە لە مەسەلەی كۆبانی و هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكانی شنگال بەتەنها بۆ كوردی ناوچەكە رووداوێكی نەخوازراو نەبوو، بەڵكو پەیوەندی بە تەواوی كوردەوە هەبوو. بە كوردەكانی توركیاشەوە. لەبەرئەوەی لەو كاتەدا تەرمێكی زۆر دەهاتەوە بۆ توركیا و توڕەیی كوردی باكووری لێكەوتەوە بەتایبەت رووداوەكانی كۆبانی كوردی نیگەران كرد بەوەی توركیا رۆڵێكی خراپی گێڕا. كورد لەوە تێگەیشت كە دەوڵەتی تورك بەدوای مافی یەكسانی و دادپه‌روەرییەوە نییە بۆ كورد. كورد لە باكوور تەماشای برا كوردەكانی رۆژئاوای كوردستانی دەكرد كە چۆن پێویستیان بە هاوكاری ئەوانە و ناتوانن هیچ هاوكارییەك پێشكەش بكەن. كۆبانی بووە هۆی ئەوەی توڕەیی كوردانی لێبكەوێتەوە. هاوكات خاڵی وەرچەرخان بوو. خەڵكێكی زۆر لەسەر سنووری نێوان توركیا و رۆژئاوای كوردستان نۆبەتیان دەگرت. من چەند جارێك سەردانی خاڵی سنووریم كرد. دڵی كوردی باكوور لای كوردانی كۆبانی بوو. هاوسۆزی و هاوخەمییەكی تەواویان بۆیان هەبوو. سەرەڕای ئەوە دەوڵەتی تورك نەیوست گوێ بە داواكارییەكانی كورد بدات و رێگر بوو لە هاوكاریكردنی كورد بۆ كورد. سیاسەتێكی دوو فاقی پەیڕەودەكرد. كۆبانی تاقیكردنەوەیەكی گەورە بوو بۆ دەوڵەت بەنسبەت كوردەوە. بەوەی ئایا دەوڵەتی تورك ئاشتەوایی لەگەڵ كورددا دەوێت یاخود نا.  تاقیكردنەوە راستییەكە كۆبانی بوو. كورد لەوە تێگەیشت كە دەوڵەتی تورك هیچ كاتێك بەدوای ئەوەوە نییە لەگەڵ كورددا دەربارەی یەكسانی ماف و دادپەروەریی بگات بە خاڵێك. هەمیشە كورد ترسێكە لەدڵی دەوڵەتی تورك و هەمیشە هەوڵ دەدات مافەكانی كورد زەوت بكات. ئەم باوەڕە لای كورد دروست بوو. ئەوەش بوو لە پاش كۆبانی وردە وردە پڕۆسەی ئاشتی بەرەو لاوازی چوو.

خۆزگە دۆڵمەباخچە هەوێنی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەیەكی نوێ بووایە

 

سێ مانگ‌ پێش كۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئاشتی، راگەیەنراوی دۆڵمەباخچەهاتەئاراوە، لایەنی كورد و تورك بە ئاشكرا دانیشتن. بە رای ئێوە راگەیاندنی دۆڵمەباخچە چی بوو؟
نورجان بایسال: كاتێ لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەوە راگەیەنراوە هاوبەشەكەم بینی، بیرم لەوە كردەوە ئایا ئەمە چوارچێوەیەكی یاسایی لەخۆدەگرێت؟ ئایا یاسایەكی تایبەتی بۆ دەردەكرێت بۆ بە یاساییكردنی پڕۆسەكە و دانیشتنەكان؟ كاتێ پڕۆسەیەكی ئاشتی بناغەیەكی یاسایی نابێت، رۆژی دواتر ئەگەری ئەوەی هەیە هەموو شتەكان لەبارببرێت و لایەنەكانیش نكۆڵی لەوە بكەن كە پێكەوە گفتوگۆیان كردووە یان ئیمزایان لەسەر چەند ماددەیەك كردووە. من هەر لە سەرەتای پڕۆسەكەوە بە نووسینەكانم ئاماژەم بەوە كردووە كە پێویستە پڕۆسەی ئاشتی بە یاسایی بكرێت و پشتوانییەكی دەستووری هەبێت، تاكو بە ئامانجی خۆی بگات. لەبەرئەوەی كاتێك بنچینەیەكی یاسایی نابێت، ئەوا زۆر ئاسانە لایەنێك یاخود لایەنەكان پاشەكشە لە پڕۆسەكە بكەن. داواكارییەكی تر بۆ بەهێزكردنی پرۆسەكه خوازیار بووین لایەنی سێیەم وەك نێوەندگیر بەشداربووایە. بۆ نموونە لە پڕۆسەی ئاشتی لە ئێرلەنده، دادوەرێكی ئەمریكی وەك چاودێری پڕۆسەكە بەشداربوو، لە زۆربەی وڵاتان بەو جۆرە پڕۆسەی ئاشتی سازكراوە بە بەشداری لایەنی سێیەم وەك چاودێرییكردنی پڕۆسەكە، پێموابێت ئەمە بۆ توركیا زەروریەتێكی خۆی هەیە. بوونی لایەنی سێیەم هەمیشە گرنگە لەبەرئەوەی چاودێری هەنگاوەكان و گفتوگۆكانی هەردوولا دەكات كە لەسەر مێزی گفتوگۆ باسی لێوەدەكرێت. نەبوونی لایەنی سێیەم لە توركیا بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەكه، یەك لە كەموكورتییەكانی پڕۆسەی ئاشتی بووە.  
ئەگەر بێت و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بناغەیەكی یاسایی و دەستووری هەبوایایە، هەروەها لایەنێكی دەرەكی وەك چاودێریكردنی پڕۆسەكه بەشدار بووایە، ئەوا بە ئاسانی پڕۆسەكە كۆتایی پێنەدەهات و لایەنەكان نه‌یانده‌توانی لەسەر مێزی گفتوگۆ هەڵبسن. یاخود ئەردۆغان نەیدەتوانی بڵێت من ئاگاداری راگەیێندراوی دۆڵمەباخچە نیم و دواتریش نكۆڵی لێبكات! بەداخەوە پڕۆسەكە جگە لە قسەی جوان هیچ لێكەوتەیەكی ئیجابی بۆ ئەمڕۆی توركیا نەبوو‌. 

نورجان بایسال


ناوەڕۆكی راگەیێندراوی دۆڵمەباخچه تەنها ناساندنی چەند ماددەیەك بوو، كە لە مڕۆدا هیچی نەخرایە بواری جێبەجێكردنەوه و بە یاسایی نەكرا. من وەك كوردێكی هاووڵاتی توركیا رۆژانە روبەڕووی رەهەندە جیاوازەكانی پرسی كورد دەبمەوە. بۆچی پرسی كورد بوونی هەیە؟ لەبەرئەوەی من وەك كوردێك ناتوانم بە زمانی كوردی قسە بكەم. مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ من نییە. ‌‌زۆر شت هەیە ناتوانم بە كولتووری خۆمەوە ئەنجامیان بدەم، چونكە قەدەغە كراون. من لەم وڵاتەدا هەموو رۆژێك رووبەرووی جیاكاری دەبمەوە. رووبەڕووی نەتەوەپەرستی دەبمەوە. له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردم زۆر بە ئاسانی هێرش دەكرێتەسەرم. لەم وڵاتەدا من لەلایەن ئەو كەسانەوە بەڕێوەنابرێم كە دەنگم پێداون و بە نوێنەری خۆم هەڵمبژاردوون. من وەك تاكێكی كورد لە توركیا ئەم كێشانە بەرۆكی گرتووم. هاوكات ئەو كێشانەی رووبەڕووی كۆمەڵگەی كوردی لە باكوور دەبێتەوه كۆمەڵێك كێشە و پرسی جدین. واتە وەك تاكێكی كورد و وەك كۆمەڵگەی كورد دەبێت مافەكانم پارێزراوبێت. ئیرادەی خۆ بەڕێوەبردن چییە، بۆ نموونە من دەمەوێ لەلایەن ئەو شارەوانی و په‌رلەمانتارەوە كە دەنگم پێداون‌ بەڕێوەببرێم. ئەمە مافێكی رەوایە لە هەر وڵاتێكی دیموكراسیدا، بەڵام لە توركیا كورد خاوەنی ئەو مافە نییە. لەكاتێكدا ئەم مافانەی باسم كرد هیچیان لە بڕگەكانی ناو راگەیێندراوی دۆڵمەباخچەدا نەبووه‌. بەبۆچوونی من راگەیێندراوی دۆڵمەباخچە بۆ ئەوەبوو كە پەیامێك بە رایگشتی توركیا بدەن كە هەردوولا خوازیارن بەوەی پڕۆسەی ئاشتی درێژەی هەبێت. بۆ نموونە لەو ماددانەی دۆڵمەباخچە باسی لە مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ كورد نەكردووە. یاخود بۆ نموونە بڵێت لەماوەی شەش مانگ یاخوود ساڵێك بەم قۆناغانە كار بۆ مەسەلەی خوێندن بە زمانی كوردی بكرێت. یاخود باس لەوە بكات لە هەرێمە كوردییەكاندا ئیدارەی خۆیەتی بۆ كورد بەهێزتربكرێت یان باسی لەوەنەكرا لەناو دەستووردا دەربارەی پێناسی كورد چەند ماددەیەك هەمواربكرێتەوە. دواجار بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا پێویستە چەند هەنگاوێكی یاسایی بنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەمواركردنەوەی دەستوور پێویستە. هاوكات ریفۆرمی یاسا ئاساییەكان و ریفۆرمی ئابووری پێویستە. یاساكانی تیرۆر و یاساكانی ئازادی رادەڕبڕین و بەشداریی سیاسیی هەموو ئەم بوارانە كۆمەڵە گۆڕانكارییەكی یاسایی پێویستە. دواتریش كەرتی گەشتیاری و بوژاندنەوەی هەرێمە كوردییەكان هەمووی یاسای نوێ و كاری جدی پێویسته. لەبەرئەوەی لەماوەی 100 ساڵی رابردوو دەوڵەت ئەو ناوچانەی پشتگوێ خستووە و هیچ وەبەرهێنانێكی جدی تیا ئەنجام نەداوە. لەوانەش تەواونەكردنی پڕۆژەی گاپ تائێستا ماوەتەوە. پرسی كورد ئەم رەهەندانەی هەیە. وە لە راگەیێندراوی دۆڵمەباخچەدا باسی هیچ لەم پرسانەی تیانەكرا و پڕۆژەیەكی روونی بۆ تەواوی دۆزی كورد تێدانەبوو .

كەواتە راگەیێندراوی دۆڵمەباخچە بەگشتی گرنگییەكی ئەوتۆی بۆ كورد نەبووە؟
‌نورجان بایسال: بەشێوەیەكی گشتی لەوێدا لایەنەكان ئەوەیان دووپات كردەوه كە خواستیان بۆ بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی هەیە. ئەو راگەیێندراوە بە نرخ بوو، بەڵام من وەك هاووڵاتییەكی كورد لە توركیا لە مڕۆدا ئەو كێشانەی لە ئامەد رووبەڕووم دەبێتەوە لە بڕگەكانی دۆڵمەباخچە باسی لێوەنەكرابوو‌. زۆرێك لە بڕگەكانی دەستوور پێویستی بە هەمواركردنەوە، قەرەبووی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بكاتەوە كە 100 ساڵە بە سیاسەتێكی چەوت مامەڵە له‌گه‌ل مه‌سه‌له‌ی كورد كراوە.  
بیرم دێت ئەوكاتەی بینەری راگەیێندراوی دۆڵمەباخچە بووین لە شاشەكانەوە, خەڵكی ئامەد سەریان سوڕمابوو! لەبەرئەوەی تێگەیشتنیان بۆ راگەیبَندراوە هاوبەشەكە نەبوو و پێشیان وابوو شتێكی تایبەتی تێدا نەبووە بۆ خودی چارەسەری مەلەسەی كورد. لەبەرئەوەی ئەو ماددانی خوێنرانەوە شتی سەرەكی و گشتی بوون.  بۆیە پێموانیە ئێمە بتوانین بە گەڕانەوەمان بۆ خاڵی دۆڵمەباخچە بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك و به‌ كارێكی پێویستی نازانم، چونكە خۆی لە خۆیدا لەوێدا ئه‌وه‌ی باسكرا له‌ پێشنیاری چارەسەریی پرسی كورددا خۆی نەدەبینیەوە. لەپشت ئەو راگەیێندراوەوە باس لە هیچ هەنگاو كردارێكی یاسایی نەكرا بوو بۆ هەنگاوەكانی چارەسەریی پرسەكە. بۆ نموونە باس لەوە نەكرا كە بڵێن لەپاش شەش مانگ یاخوود ساڵێك ئەم ریفۆڕمانە بە چارەسەریی دۆزی كورد دەكرێت. حكومەتی توركیا هیچ پلانێكی لەو جۆرەی نەبووە. ئەگەر بە پێچەوانەوە بووایا ئەوا كرۆكی راگەیێندراوەكە پاپەندبوونی هەردوولای زیاتر دەردەخست. خۆزگە دۆڵمەباخچە هەوێنی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەیەكی نوێ بووایە. لە هەر وڵاتێك جۆرێك لە رێكاری خۆیان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی ئەم جۆرە پڕۆسانە و بەرقەراركردنی ئاشتەوایی و هەندێكجار پڕۆسەكە دەوەستێت وەكو ئەوەی لە ئێرلەندە روویدا، دواتر دووبارە لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشنەوە. لەو خاڵەی وەستاون دەستپێدەكەنەوە. رێتێچووە كە راگەیێندراوی دۆڵمەباخچە دووبارە ببێتە خاڵی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی،  هیواخوازم. لێرەدا ئەو راستییە هەیە كە پێویستە هەردوولا پابەندی پڕۆسەكە بن و بۆ ئەو مەبەستەش لە رووی یاساییەوە پڕۆسەكە بناغەیەكی هەبێت. بۆ نموونە لە پڕۆسەكەی ساڵی 2013-2015 ئەو كەسانەی بەشداری پڕۆسەی ئاشتی بوون. لەمڕۆدا تۆمەتیان بۆ دروست دەكرێت و داوای یاساییان لەسەرە و دەخرێنە زیندانەوە. لەكاتێكدا ئەگەر یاساییەك هەبووایە ئەوا لەمڕۆدا هەموو ئەو كەسانەی دەپاراست لە كارێكی وا كە كاتی خۆی رۆڵی ئاشتەواییان لە پڕۆسەكە بینیوە. پێویست بوو لەسەرەتای پڕۆسەكەوە یاسایەكی تایبەت بە پڕۆسەكە دەربكرایە. واتە ئەگەر بێت و تۆ كار بۆ پڕۆسەیەكی ئاشتی و ئاشتەوایی بكەیت، كە پەیوەندی بە گیان و ژیانی ملیۆنان ئینسانەوە هەیە و پەیوەندی بە داهاتووی وڵاتێك و كۆمەڵگەوە هەیە، خۆی لە خۆیدا شتێكی زۆر گرنگە. دەبێت لە پێشدا یاسایەك دەربكەیت كە گیانی ئەو كەسانە بپارێزێت كە بەو ئەركە گرنگە هەڵدەسن. یاسا بیانپارێزێت. پێویست بوو هەدەپە و حكومەتی ئاكپارتی سەرەتا یاسایەكیان بۆ ئەو مەبەستە دەربكردایە. ئەوكات هەردوولا بە بێ‌ هیچ ترسێك دەیانتوانی درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی بدەن و هەنگاوی جدیتر بنێن. ترسی ئەوەشیان نەبێت كە دوارۆژدا دۆسیەی یاساییان لەسەر دەكرێتەوە و زیندانی دەكرێن.

لە ئەگەری دەستپێكردنی پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لە داهاتوودا وەك نووسەرێك پێشنیارت بۆ میكانیزمی نوێ چییە ؟ 
نورجان بایسال: لەهەر وڵاتێك جیاواز ئەم كارە دەكەن و رێكار و زەمینەسازی خۆی هەیە. لە توركیا دەكرێ لە هەنگاوەكانی سەرەتاییدا پڕۆسەكە بۆ رایگشتی ئاشكرا نەكرێت و بەنهێنی بمێنێتەوە. واتە مەرج نییە لەسەرەتای پڕۆسەكەدا هەموو شتێ‌ بۆ رایگشتی ئاشكرا بكرێت. بە بۆچوونی من ئەوە كارێكی پێویست نییە. دەشبێت هەندێ‌ میكانیزمی نوێ بۆ پاراستنی پڕۆسەی ئاشتی و كارەكتەرەكانی ناو پڕۆسەكە بگیرێتەبەر. لەوانەش یاسایەك كە پارێزبەندی بۆ ئەو كەسانەی رۆڵ لە پڕۆسەكەدا دەگێڕن. پڕۆسەكانی ئاشتی لە هەر كوێیەكی دنیا بێت پڕۆسەیەكی قوڕس و گرانن هەندێكجار لایەنێك یاخود هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ هەڵدەسن. بۆیە پێویستە لایەنی سێیەم وەك ناوبژیوان و چاودێریكردنی پڕۆسەكە بەشدار بێت تاكو دووبارە لایەنەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێنێتەوە. چاوی سێیەم هەمیشە گرنگە. ئەگەر بێت و لایەنی سێیەم لایەنێكی نێودەوڵەتی بێت ئەوا زۆر ئیجابی و باش دەبێت. لە دنیا كەسانی عاقڵمەند هەن بۆ ئەو كارانە رۆڵی خۆیان بە باشی گێڕاوە. ده‌سته‌یه‌كی عاقڵمه‌ندی جیهانی سه‌ردانی ئامەدیان كرد و دیدارم لەگەڵ سازكردن. مارت ئەساری یەكێكە لەوانە و لە ساڵی 2010 لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوەی ئەنجامداوە. دواتریش سەردانی ئامەدی كرد. مارت ئەساری لە زۆربەی پرۆسەكانی ئاشتەوایی لە وڵاتان وەك چاوی سێیەم بەشدار بووە. هاوكاریی پرۆسەكانی كردووە قەناعەتی بە لایەنەكان كردووە بۆیە بوونی لایەنی سێیەم لەناو پڕۆسەكەدا زۆر زۆر گرنگە و پێویستە. دەشبێت ئەو لایەنی نێودەوڵەتی بێت تاكو بتوانێت قەناعەت بە دوو لایەنەكە بكات لەكاتی هەر كێشەیەك رووبدات تاكو بیانگەڕێنێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. 
لە دوا پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا، دەستەی عاقڵمەندان بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێكهات، بەڵام ئەركییان سنووردار بوو، رۆڵیان ئەوەیان نەبوو قەناعەت بە لایەنەكانی بكەن تاكو بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ تاكوو پڕۆسەكە درێژە بكێشێت. ئەم كارە بە لایەنی ناوەكی ناكرێت، كاتێ‌ لایەنی دەرەكی بێت باشتر و پۆزەتیفانە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت و لایەنی نێودەوڵەتی دەتوانێت بەباشی چاودێری وردی پڕۆسەی ئاشتی بكات. بۆ نموونە لە ئێرلەندە لایەنی سێیەم وتی دەبێت چەكەكان لەو شوێنە بنێژیت كە من دیاری دەكەم و تەنانەت نابێت حكومەتی ئینگلیزیش شوێنەكەی بزانێت. تائێستا كەس نازانێت چەكەكان لە كوێ‌ نێژراون. تەنها لایەنی ناوبژیوان دەزانێت. رێككەوتنەكان بەو جۆرە كراون كە پاش 100 ساڵ شوێنی شاردنەوەی چەكەكان ئاشكرادەكرێت. بەم جۆرە لە نموونەی زۆربەی وڵاتان هەیە كە ئاشتەواییان بۆ هەتا هەتایی بەرقەرار كردووە. جۆرە میكانیزمێكی لەو شێوەیە بۆ توركیا گونجاوە. بەوەش پڕۆسەی ئاشتی  پارێزگاری لێدەكرا. لایەنی سێیەم ئەركی چاودێری و نووسینەوەی تێبینی و گفتوگۆكانی پڕۆسەكە دەبێت. بەرپرسیارێتی ئەو شتانەی دەبێت و لایەنەكان بە پڕۆسەی دیالۆگەوە پابەند دەكات، بەڵام ئەم جۆرە میكانیزمان لە توركیا بەهەند وەرنەگیراوە. دەكرا پێشبینی ئەو شتانە بكرابایە. لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆسەیەكی ئاشتی دەبینین یاخود نا، ئەوەیان روون نییە. بەهیوام دووبارە پڕۆسەی ئاشتی بێتەئاراوە بەشێویەكی لۆژیكی و بەجۆرێك كە پڕۆسەكە و كەسانی ناو پڕۆسەكە بپارێزێت. من لەو سەردەمەدا زۆر سەردانی ئێرلەندەم كرد. سەرۆكی ئەو كاتەی ئێرلەندە زۆر بەوردی باسی پڕۆسەكەی بۆ كردین، چۆن دەستیان پێكردوەو بە چ جۆرێك میدیا و رایگشتییان ئاگاداركردۆتەوە. بەوردی باسی ئەو قۆناغانەشی كرد كە چۆن لەگەڵ میدیاكاندا كۆبونەوەیان كردووەو چۆن قۆناغ بە قۆناغ زانیارییان پێداون. چۆن داوایان لە میدیاكان كردووە كە پاڵپشتی پڕۆسەكە بكەن. یەك لەو كارانەی ئەوان كردوویانە ئەوەیە بەكارهێنانی وشەی تیرۆریست قەدەغە دەكرێت و بەهیچ جۆرێك ناوی تیرۆریست لە میدیاكان ناهێنرێت. ئەگەر بێت و ئاشتەوایی بكەیت نابێت وشەی تیرۆریست بۆ بەرامبەرەكەت بەكاربهێنیت. زۆر نموونەی لەو جۆرە لە دنیا هەیە دەشێ‌ توركیا یەك لەو نموونە سەركەوتووانە هەڵبژێرێت و وەك میكانیزمێكی نوێ‌ بۆ پڕۆسەی ئاشتی جێبەجێی بكات.

دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەكوێ‌ گەیشتووە؟ لە ماوەی رابردوودا دۆسیەی یاسایی بۆ په‌رلەمانتارێكی هەدەپە كرایەوە بەوەی وتبووی سەڵاحەدین دەمیرتاشی خۆشەویست؟

 

زۆرێك لە موحافیزكارە كوردەكانی ئاكپارتی لە سیاسەتی ئێستای ئاكپارتی نیگەرانن و لەو پارتە دابڕاون

 


نورجان بایسال: چەند جارێك دادگای مافەكانی مرۆڤ لە ئەوروپا بە فەرمی داوای لە توركیا كردووە كە دەسبەجێ‌ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبكەن. بەڵام دادگا لەژێر فشاری سیاسیی دەمیرتاشی ئازاد نەكردووە. ئەمە پێچەوانەی یاساكانی دەستووری توركیا و یاساكانی مافەكانی مرۆڤە كە توركیا لەگەڵ دادگای مافەكانی مرۆڤ له‌ ئه‌وروپا ئیمزای لەسەر كردووە و توركیا ئه‌ندامه‌ له‌ كۆنسەی دادگای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئەوروپا.
وادەبینرێت بۆ ماوەیەكی نادیار سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بمێنێتەوە. لە خاڵێكی زۆر كۆمیدیداین. كار گەیشتۆتە ئەوەی هەر كەسێك وشەی بەڕێز یاخود خۆشەویست بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش بەكاربهێنێت، ئەوا زیندانی دەكرێت. لەم رۆژانەدا حكومەتی ئاكپارتی پاكێجی ریفۆڕمی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی راگەیاندووە، جێی شەرم و پێكەنینە كە هەبێت یان نەبێت چ جیاوازییەكی هەیە كاتێ‌ رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە توركیا لە خراپترین خاڵدایە. ئەگەر بێت و بەكارهێنانی خۆشەویست بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش بە تاوان بناسرێت، تۆ پاكێجی مافی مرۆڤ رابگەیەنیت یان نا چی لە مەسەلەكە دەگۆڕێت. بێگومان هیچ متمانەیەكی نابێت. لەمڕۆدا پتر لە 10 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە لە زینداندان. زۆربەی هەرە زۆری په‌رلەمانتارەكانی هەدەپە دۆسیەی یاساییان لەسەر تۆماركراوە بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی. بەنیوەی ئەوەش لە ئەوروپان لە سەرۆك شارەوانی و سیاسییه‌كانی كورد. هەندێكیتریان لە زیندانن. بۆ نموونە هاوسەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد بە بەڵگەی ساختەی بۆ دروستكراوه‌ تاكوو بخرێتە زیندانه‌وه‌ گوایە پزیشكە و گەریلای تیمار كردووە. ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی هەدەپە زۆربەیان دەسگیركراون. لەهەموو لایەكەوە قەیوم دانراوه‌. 
لەمڕۆدا كەشێكی عەسكەرتاری لە شەقامەكانی ئامەد هەیە، لەهەر سوچ و كۆڵانێك ئاڵای توركیا هەڵواسراوە. تانك و زرێپۆشی زۆری لێیه‌. وێنای شەڕ بوونی هەیە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی بەسەر ژیانی رۆژانەی تۆوه‌ هه‌یه‌. شه‌قامه‌كانی ئامه‌د بەربه‌ست و تەلبەند كراوه‌  زۆرێك لە شەقامەكانی ئامەد گیراون و قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرە. شارێكی وەك ئامەد ماوەی پێنج ساڵە قەدەغەی هاتوچۆی تیا راگەیێندراوە، كاتێ‌ بەناو شارەكە پیاسە دەكەیت دەبینیت زۆربەی جادە و كۆڵانەكانی گیراوە كەس بۆی نییە بە پیادەش پیاتێپەڕبێت. كاتێ‌ هەموو ئەم شتە نائاساییانە دەبێت، كه‌چی حكومەت بانگەشەی ئەوە دەكات كە پاكێجی مافەكانی مرۆڤ رادەگەیەنێت. بێگومان ئه‌و پاكێجانه‌ جێی متمانه‌ نییه‌.

كاتێ‌ فشار و رێگرییەكان زۆرە لەسەر بزوتنەوەی سیاسی كورد. ئایا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەدەپە چانسی تێپەڕبوونی بەربەستی  10 %ی دەبێت؟
نورجان بایسال: بەبۆچوونی من هەدەپە سەرەڕای ئەو فشارانەی رووبەڕووی دەبێتەوە هێشتا چانسی ئەوەی هەیە كە بەربەستی  10%ی هەڵبژاردن ببڕێت. ئەوەندە ناهەقی بەرامبەر بە كورد و بزووتنەوەی سیاسی كورد دەكرێت، ئەو كوردانەشی كە هەدەپە نین، نیگەرانن و دەڵێن ئیتر بەسە. دەنگدەرە موحافیزكارە كوردەكانی كە پێشتر دەنگیان بە هەدەپە نەداوە، ئێستا جۆرە هاوسۆزییەكیان بۆ هەدەپە لەلا دروستبووە بەهۆی ئەو ناهەقیانەی دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر گەلی كورد و بزووتنەوەی سیاسی كورد دەیكات. زۆرێك لە موحافیزكارە كوردەكانی ئاكپارتی، لە سیاسەتی ئێستای ئاكپارتی نیگەرانن و لەو پارتە دابڕاون. لەوانەشە هەموویان لە هەڵبژاردنی ئایندەدا دەنگ بە هەدەپە نەدەن بەشێك لەو دەنگانە بۆ پارتەكەی ئەحمەد داودئۆغڵو و بابەجان بڕوات. ئەو راستییەش هەیە كە بەشێك لە كورد لە سیاسەتی هەدەپە نیگەرانن. ئەمە خاڵێكی گرنگە و پێویستە گفتوگۆی لەسەری بكەین، لە ساڵی 2015 و 2016 كاتێ‌ شەڕی خەندەق دەستیپێكرد، بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌سدانی خەڵكێكی زۆر، لە شەڕی ناو شارەكاندا پێویست بوو بزووتنەوەی سیاسی كورد رەخنە جددی هەبێت و سەربەخۆیانە لەدژی شەڕەكە بوەستێت. ئەم هەڵوێستە بەشێك لە دەنگدەرانی هەدەپە نیگەران كرد. پرسیاری ئەوەیان دەكرد بۆچی ئەوەندە گەنجی كورد دەكوژرێت؟ ئایا شەڕی ناوشارەكان و خەندەق پێویست بوو؟ خۆی لە خۆیدا دەوڵەتی تورك چۆنە دەزانرێت. دەبوو هەموو تاكێكی كورد هەڵوێستی لەسەر شەڕی ناو شارەكان هەبویا و لەدژی شەڕ بوەستنایەتەوە. تێكۆشانیان بكردبایە. پێویست نەبوو ئەوەندە مرۆڤ بكوژرێت و ئەوەندە خانوو بڕووخێت و هەزاران كەس بێ‌ ماڵ و حاڵ بن. دواجار سەرەرای نیگەرانییەكان دەنگدەرە كوردەكە زۆرینەی دەنگ بە هەدەپە دەداتەوە. بەوەی دەنگدان بە هەدەپە دەنگدانە بە پێناسی كورد. 
بەم سیاسەتەی ئێستای دەوڵەت كە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە كورد و هەدەپە تۆمەتبار بكات توركیا هیچ دەسكەوتێكی نابێت. هەزاران كورد دەسگیربكەیت و هەزارانیتر بكوژیت پرسی كورد لە شوێنی خۆیدا دەبێت و كۆتایی نایەت. 100 ساڵە ئەم دەوڵەتە هەمان رێگەی گرتۆتەبەر، بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی باشی بۆ هیچ لایەك هەبووبێت، بە هیچ شێوەیەك بەم سیاسەتە داهاتووی توركیا نابێت. پێویستە دەسەڵاتی توركیا بیر لەوە بكاتەوە ئایا بۆ 100 ساڵی داهاتوو بەم شێوەیە دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ كورددا بكات. واتە تاكوو 100 ساڵی داهاتوو شەڕ بكەین و خوێنی یەكتر بڕێژین. ئایا داهاتی 100 ساڵی تری ئەم وڵاتە بۆ شەڕ تەرخان بكرێت؟ ئەم سیاسەتە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت. بەم سیاسەتە چانسی ئەوەت نییە كورد لەناوبرێت. بیرم دێ لە ساڵانی 1980 كان و 1990 كاندا قسەكردن بە زمانی كوردی لە ئامەد بۆ ئێمەی كورد زۆر مەترسیدار بوو. قەدەغە لەسەر هەموو شتێك هەبوو. باشە ئەنجامەكەی چی بوو؟ چەندەها ساڵ زمان و كولتووری خۆمان لێ قەدەغەكرا. بە توركی خوێندمان. دواتر چی بوو؟ ئایا پاشگەزبووینەوە لە كورد بوونمان؟ نەخێر لە پێناسی خۆمان پاشگەزنەبووینەوە. واتە لەپاش 100 ساڵ خەبات و تێكۆشانی كورد درێژەی هەیە. سیاسەتی دەوڵەت هەرچۆنێك بێت كورد هەمان خواست و داواكاری بۆ مافەكانی خۆی هەیە. كورد 100 ساڵە هەمان داواكاری هەیە. كورد داوای مافی یەكسانی و دادپەروەریی دەكات. سیاسەتی نكۆڵیكردنی كورد لەلایەن دەوڵەتی توركەوە سەركەوتوو نەبووە. سیاسەتی پاكتاوكردن و قڕكردنی كورد نه‌بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد نەورۆزی خۆمان یاد نه‌كه‌ینه‌وه‌ و لە پێناس و كولتووری خۆی پاشگەزببینەوە. داواكارییەكانی كورد وەك خۆیەتی و فشار و رێگرییەكان كاریگەرییان تێناكات.


پڕۆفایل
نورجان بایسال
لە ساڵی 1975 لە ئامەد لەدایك بووه.
قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە ئامەد تەواو كردووە.
لە ساڵی 1996بەشی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی ئەنقەرە تەواوكردووە. 
دواتر ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی بیلكەنت بەدەسهێناوە.
بەشداری چەندین رێكخراو و رپلاتفۆرمی مەدەنی كردووه‌
گۆشەنوسی بۆ چەندین وێب سایت و رۆژنامەی ناوداری توركیا كردووە.
زۆرێك لە نوسینەكانی ده‌رباره‌ی پرسی كورد و مافه‌كانی مرۆڤ قەدەغەكراون.
ساڵی 2019 داواكاری گشتی دۆسیەی یاسایی لەسەر نوسه‌ر كردەوە تائیستا دۆسیه‌كه‌ی بەردەوامە و داوای 10 سال زیندانی لیدەكرێت
خاوەنی چوار كتێبە
جگە لە زمانی كوردی و توركی زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت.
بەشداری چەندین پلاتفۆڕمی نێودەوڵەتی كردووە وتاری لەسەر مەسەلەی كورد لە توركیا بە ئینگلیزی پیشكەش كردووە.
لە ساڵی 2018 لە دبلنی پایتەختی ئیرلەندە، خەڵاتی مافەكانی مرۆڤی پێبەخشراوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە