پێکهاتەكان جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی تر چالاکانەتر بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان دەكەن کوردستانی

نوچە نێت

هاووڵاتیانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان چالاکانە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (20/تشرینی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، "دەنگدەرانی مەسیحی لە بنکەکانی دەنگدان لە ناوچەی عەنکاوەی شاری هەولێر چالاکانە بەشدارییان کرد لە پرۆسەی هەڵبژاردن".

دەنگدەرێکی مەسیحی گوتی، "من هاتووم بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، بەو هیوایەی ئەوانەی متمانەمان پێیانە چارەسەری ئەو کێشانە بکەن کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگاکانمان دەبنەوە".

دەنگدەرێکی تری مەسیحی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "ڕێژەی بەشداری پێکهاتەکان لەم هەڵبژاردنەدا تاڕادەیەک باشە، بەڵام ژمارەی کورسی تەرخانکراوەکان کەمە، سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە پێموایە بەشداریکردن گرنگە و گرنگترین لایەنیش هەڵبژاردنی کەسی گونجاو و کاریگەرە بۆ چوونە پەرلەمان".

ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتە ئایینی و نەژادییەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین وەک، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی.

(1091) کاندید لە هەردوو ڕەگەز بۆ بەدەستهێنانی (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمدا کێبڕکێ دەکەن، پێنج لەم کورسییانە بۆ کەمایەتییەکان تەرخانکراوە. بە بڕیاری دادگا فیدڕالیی عێراق (11) کورسی کۆتاکان کەمکراوە،

سەرۆک مەسعوود بارزانی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان ڕایگەیاند، "بڕیارەکە گورزێکە بۆ هاوبەشی و پێکەوە ژیان". 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین