سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند بابەتێكی سەربازی تاوتوێ دەكەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، "ستایشی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان" دەكات.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ (17/كانوونی یەكەم/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جه‌نه‌راڵ كێڤن لێیهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، کرد.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوه‌یەکدا که‌ وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوو، "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنییان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جه‌ختیان له‌ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا"، كرده‌وه‌.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى داكۆكى لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، "ستایشی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کرد، هه‌روه‌ها هاوکاریی بەردەوامى نێوان هەموو لایەنەکانى، به‌ کلیلی بەهێزکردنی ئاسایش لە عێراق، له‌قه‌ڵه‌مدا."

ژەنەراڵ لێیهى، لاى خۆیەوە هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە،  "ستایشى ڕۆڵى هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا کرد و پابەندیی هێزەکانی هاوپەیمانانى بۆ بەردەوامیی پشتگیری له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیری و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش."

هەروەها "داكۆكى له‌ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەکە و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش"، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین