جارێکی دیكە شاندی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە کوردستانی

نوچە نێت

بۆ پێنجەمین جار شاندی دانوستاندكاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە (21/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هەولێر شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تەکنیکییان ئەنجامدا بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی وتەی کەسانی نزیک لە کۆبوونەوەکان، لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر چوارچێوەی کارکردنی حکومەتی نوێ، تێروانین و دیدی داهاتوو و داواکارییە سەرەکییە پەیوەندیدارەکان بە پێکهێنانی حکومەت.

جێگای ئاماژە پێدانە، لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان لەوانە دۆخی ژیانی هاووڵاتییان، سەقامگیری سیاسی، چاکسازی ئابووری، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان. هەردوو پارتەکە دووپاتی دەکەنەوە ئامانجییان بریتییە لە، "گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بابەتە ناکۆکەکان، پێکهێنانی کابینەی نوێ بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردنێکی کارا و گشتگیر.

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان (39) کورسی بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەدەست هێنانی (23) کورسی بووە دووەمی هەڵبژاردنەکان. لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی (2024)، بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم هەردوو پارتەکە یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین