سەرۆك بارزانی: پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارەسەر بكەن،"

ڕۆژی پێنجشەممە (23/كانوونی دووەم/2024) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی:

لەدیدارەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا و هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ڕۆڵی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە ئاییندەی ئەو وڵاتە و پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و پشتبەستن بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگی نێوان لایەنەكان كرا. 

پەیوەست بە ئایندەی كورد لە سووریا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و نەهامەتیەكانی گەلی كورد لە سووریا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارەسەر بكەن، هەروەها سیستەمی سیاسیی نوێی سووریا تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی گەلی كورد و داواكاری و ماف و تایبەتمەندیی گەلی كورد هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوونی ئارامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ئەڵمانیا كرایەوە و سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. شاندی میوانیش ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەڵمانیا پشتیوانی گەلی كوردستانە و لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا لە هەماهەنگیدا دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین