چەندین ڕووفاتی ئێزدییەکان دەگەڕێندرێتەوە کوردستانی

نوچە نێت

بەرپرسێكی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجامی کۆتایی پشکنینی دی ئێن ئەیان دەرچوو، عێراق تەرمی (32) قوربانییانی ئێزدی ڕادەستی خانەوادەکانیان دەکاتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (13/شوبات/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، زەید عەلی عەباس، بەڕێوەبەری گشتی بەشی پزیشکی دادوەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، "تەرمەکان هی قوربانیانی شەنگالن کە زۆرینەی دانیشتووانی ئێزیدیەکانن، لە (2014) لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراونەتە قوربانی.

شێخ نایف، نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی گوتی، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دامەزراندنی یادگەیەک لە شەنگال بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکەین بۆ خێراکردنی پرۆسەی گەیاندنی نمونەی پشکنینی دی ئێن ئەی کەسوکاری قوربانیانی دیکە بۆ بەغدا و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان."

لە لایەکی ترەوە، چیا کەریم، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستن ئاشکرای کرد، "لە داهاتوودا ڕووفاتی زیاتر ڕادەستی پزیشکی دادوەری دەکرێت".

هەروەها گوتیشی، تیمەکانی پزیشکی دادوەری ساڵانە دۆزینەوەکان ڕادەگەیەنن لەسەر بنەمای ئامارە تەواوکراوەکان. هەر کە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە دەست بە پرۆسەکە دەکرێت".

عێراق (125) گۆڕی بەکۆمەڵی دۆکیۆمێنت کردووە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە هەر شوێنێک چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە.

جێگای ئاماژە پێدانە، تاوەکو ئێستا (134) گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، کۆی گشتی گۆڕەکانیان گەیشتووەتە (151) گۆڕ کە (64) یان تەنها لە شەنگال بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین