سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێویستە مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا پارێزراو بێت کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن كۆبوونەوە، تێیدا “باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان” لە داهاتووی سووریا كرد.

به‌یانیی ئەمڕۆ شەممە (15/شوبات/2025) لە دووه‌م ڕۆژی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد ئه‌لشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا "پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی، "لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان به‌ دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد."

هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، لاى خۆیەوە، ئه‌لشەیبانی "پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە."

دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارییه‌ هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین