سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان نابێتە  هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووەوە و ڕایدەگەیێنێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچه‌كه،‌ زۆر پێویست."

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (17/شوبات/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مه‌جید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیان "له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەندییەكانی كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان له‌و بوارانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ردوولا گرنگن، به‌تایبه‌تى بوارى ئابوورى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ڕێوه‌چوونى ڕێككه‌وتنى عێراق و ئێران بۆ پاراستنى ئاسایشى سنووره‌كان و ڕۆڵ و هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، بیروڕایان گۆڕییه‌وه."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە "هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئەوەیە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و بە هیچ شێوەیەك نابێتە سه‌رچاوه‌ى هەڕەشە و ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دەوروبەر، هه‌روه‌ها باسى لە گرنگیی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش كرد."

هەروەها تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

 

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا ئەمەش دەقەكەیەتی:

بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز ئاغای دكتۆر مەجید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم. جەخت لە گرنگیی پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەینەوە كە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندیی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچه‌كه،‌ زۆر پێویست و گرنگە‌. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ به‌ تایبه‌تى كۆمارى ئیسلامى بنیات بنێن لەسەر بنەمای ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.

جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ینه‌وە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران".

لەم دیدارەدا جەختمان كردۆتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و دووپاتمان كردووه‌تەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمەی كە دانراوە لەڕووی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەتی هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێیت بە سەر چاو.

دواتر بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتەیەكدا گوتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی كە ئەمڕۆ دەرفەتێك دروست بوو و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە هەرێمی كوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی كە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراق هەمانە، دوێنی سەردانی بەغدام كرد و دانوستانێكی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەكاندا لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كە هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە، هەروەها پرسێكی زۆر هەیە كە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ئەو ڕوانگە باشانەی كە لە بەغدا هەبوون.

ئەمڕۆ بەیانییش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێزان مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى ـ دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین.

زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دوو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك ڕامگەیاند هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كولتووری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابووری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین.

ئەمڕۆ لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابووری لەگەڵ وڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سروشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی كار لەنێوان هەردوو حكوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردوولا.

هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بوو كە گفتوگۆمان لەسەر كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین.

جارێكی دیكە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە ئێمەیان كرد و هیوادارین كە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین