سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێویستە سووریای نوێ بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتووی سووریا و پاراستنی پێگەی کورد لەنێو حکوومەتی نوێی سووریا ڕایدەگەیێنێت، "پێویستە سووریای نوێ بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت، کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین کورد بپارێزین لەو ئاگرەدا"، بۆیە "لە رۆژانی یەکەمدا سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوە بوو چۆن دەتوانین کورد بپارێزین."

ڕۆژی چوارشەممە (2025/2/19) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو باسی ڕۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی پێگەی کورد لە نێو حکوومەتی نوێی سووریا کرد و سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، "رۆڵی ئێمە یارمەتیدەر دەبێت، ئەو قسانەی لەو دیدارەی کە من کردم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت سووریای نوێ سووریایەکی مەدەنی بێت و سووریایەک بێت کە هەموو لایەک لەنێو ئاییندەی ئەو وڵاتەدا خۆیان ببیننەوە؛ هەموو پێکهاتەکان بە کورد و بە عەرەب و  کریستیان و عەلەوی و درووزەوە. سووریا وڵاتێکە بەیەک ئایدۆلۆژیای تایبەت بەڕێوەنابرێت." 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، "سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و کولتوورجیاوازە، پێویستی بەوە هەیە هەمووان لەم سووریایەدا خۆیان بە هاووڵاتیی سووری بزانن، واتا سووریا وا بەڕێوەببرێت. هەرگیز سووریا بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت یەک ئایدۆلۆژی خۆی بسەپێنێت. من پێموایە ئەوەی ئێمە لە بۆچوونەکانی سەرۆکی سووریا دەیبینین، بەڕێز ئەحمەد شەرع،  ئەوە بەدی دەکەین کە بەڕاستی ئەو دەیەوێت بە جیدی کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات. ئەگەر بەڕاستی ئەمە سیاسەتیان بێت کە سەرنجیان لەسەر سووریا و چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکە بێت، دەتوانم بڵێم ئەو شایستەی ئەوەیە کە پشتیوانی بکرێت، نەک هەر رابوەستین و تەماشا بکەین. دەبێت یارمەتیدەر بین، چونکە من پێموایە ئەمە شانسێکی گەورەیە بۆ سوورییەکان و ئەگەر لەدەست بچێت دیار نییە شوێنگرەوەی ئەمە لە سووریا چی دەبێت."

سەبارەت بە دۆخی سووریا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت سووریای نوێ سووریایەکی مەدەنی بێت. هەرگیز سووریا بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت یەک ئایدۆلۆژی خۆی بسەپێنێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دروست بوونی حکومەتی نوێی سووریا بەو خێراییە بۆ خودی ئەحمەد شەرعیش شۆک بووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێڕوانینی خۆی لەبارەی بۆچوونەکانی ئەحمەد شەرع خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئەوەی ئێمە بەدی دەکەین ئەوەیە، ئەو دەیەوێت بە جیدی کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات. ئەگەر بەڕاستی ئەمە سیاسەتیان بێ، شایستەی ئەوەیە کە پشتیوانی بکرێت.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لە چوارچێوەی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی و ئەوروپا گووتیشی، ئێمە ئەم ساڵ گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی سووریاوە هەبوو، بۆچوونی خۆمان لەسەر پێشهاتەکان و دۆخی سووریا خستە بەر باس و قسەکردن لەگەڵ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە؛ چ لای وڵاتە ئەورووپییەکان چ ئەمریکا و چ ئەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش. سووریا تەوەری یەکەم و بایەخی یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئێمە بووە ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوچەکەوە هەبووە.

سەبارەت بە داهاتووی سووریای نوێ دەشڵێت، یەکەم شت گەلی سووریا شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی تاوەکو ئێستا کە بەسەریان هاتووە. خەڵکی سووریا زۆر نەهامەتی و بەدبەختیان بینیوە لەم چەند ساڵەی رابردوو. ئێمە هیوادارین ئێستا دەرفەتێک هەبێت بۆ ئەم وڵاتە کە بتوانێ هەم ئاشتی بەرقەرار بکات و فاکتەرێک بێت بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا هێمنی و ئارامی بپارێزێت. ئێمە ئەوە داوادەکەین. ئەگەر سەیری باکگراوندی ئەم هێزانە بکەین، ئەوانەی کە ئێستا لە سووریان، پێموایە بێ ئومێدییەک دەبینی، بەڵام کە سەیری قسەکانیان بکەیت و سەیری ئەو شتانە بکەیت کە ئەوان سەرنجیان لەسەرە، هیوایەکی گەورەش بۆ ئایندەی سووریا دەبینرێت.

سەرۆکی هەرێم پێشیوایە ،دەبێت کورد بەشداربێت لە سووریای نوێ و جەخت لەوەش دەکاتەوە،  لە سووریا پێویست بەوە دەکات کە هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا بەشدار بن. لەم چوارچێوەیەشدا قسەی ئێمە بۆ پێکهاتەی کوردیش هەر ئەوەیە کە دەبێت بە یەکگرتوویی لە دیمەشق بەشدار بن. دەبێت هەست بەوە بکەن کە ئەوان خاوەنماڵن نەک میوان. قسەی ئێمە بۆ ئەوان لە رۆژی یەکەمەوە وابووە کە پێویستە بە زووترین کات ئاڵای نوێی سووریا هەڵگرن. بە زووترین کات ئێوە خۆتان بچن بۆ دیمەشق و لە ئەزموونی ئێمە فێر بن. ئێمە لە ساڵی 2003وە چووین بۆ بەغدا کە یەکگرتوو بووین و پێکەوە بووین توانیمان دەستکەوتی باش بەدەستبێنین. دەکرێت هەموو ئەو شتانە نەبووبن کە ئێمە دەمانەویست، بەڵام بۆ یەکەم جار دەستووری عێراق نووسرا، بۆ یەکەم جار زۆر شت لە دوای ساڵی 1970 یان رێککەوتنی 13ی ئادار دەستکەوتێکی زۆر فەرمی بوو. ئەوەی کە بەدیهات لە ئەنجامی پێکەوەبوون و یەکبوونی هێزەکانی کورد بوو. ئێمە کتومت ئەمەمان بە برا کوردەکانمان لە سووریا گوتووە. گوتمان ئێوە دەبێت بچن هەوڵی خۆتان بدەن و لە سووریای نوێدا بەشدار بن. دەبێت هەڵسوکەوتی ئێوە وەکو خاوەنماڵ بێت نەک وەکو میوان.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ڕۆڵی خۆیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سروشتییە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان. ئەوەی لە سووریا رووی دا بەڕاستی ئێمەی تووشی شۆک کرد. بڕوا ناکەم بەس بۆ ئێمە شۆک بووبێت، پێموایە تەنانەت بۆ خۆشیان، بۆ خودی بەڕێز ئەحمەد شەرع و گرووپەکەشی، ئەوەی کە رووی دا و بەو خێراییە شۆک بوو.

هەروەها لەبارەی پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرۆکی هەرێم گوتیشی، کاری لەپێشینەی ئێمە لەم بابەتەدا ئەوەبوو ئێمە چۆن بتوانین کورد بپارێزین لەو ئاگرەدا. لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووین بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیدا. لە رۆژانی یەکەمدا سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوە بوو چۆن دەتوانین کورد بپارێزین. پێموایە ئێمە لەوەدا سەرکەوتوو بووین کە بتوانین رۆڵێک بگێڕین بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە کەم ببێتەوە لەسەریان و رۆڵی خۆشمان لەو چوارچێوەیەدا دیوە.

لەکۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت، قۆناخی دووەم ئەوەیە، وەکوو باسم کرد، ئێستا ئەمانە چۆن بتوانن لە سووریای نوێدا بەشدار بن و بچن بۆ دیمەشق و ببن بەشێک لە پرۆسەی پێکهاتنی حکومەتی نوێ لە سووریا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین