سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و بە دەنگ بانگەوازی ئۆجەلانەوە بچن. کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی گوتی، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، چەکدانان بەمانای شکست و تەسلیمبوون نایەت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/2/19) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو هەڵوێستی خۆی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا راگەیاند و گوتی، "پێویستە پەکەکە پێشوازی لە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات و چەک دابنێت، چەکدانان بە مانای تەسلیمبوون نایەت. بەڵکو مانای ئەوەیە پرسی چەکداری و هێزی چەکدار هیچ کێشەیەکی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکات."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرد و  ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەیەکی جیدی لە تورکیا دەستی پێکردووە. ئێمە لە ماوەی رابردوودا چەندین دیدارمان لە ئەنقەرە لەسەر ئەم پرسە کردووە و، بە بۆچوونی ئێمە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی جیدیە کە خێری هەیە، هەم بۆ تورک هەم بۆ کورد و بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەنێو تورکیا دەژین. بابەتەکە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە ئایا دوای ئەوە چی دەکرێت. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک بدات و، پێموایە دوای پەیامەکەی هێزەکان، بەتایبەتی پەکەکە، دەبێت پێشوازی لەو پەیامەی بکەن، چونکە پێموایە لە پێشوازیکردن لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلاندا ئەم پرسە خێری کوردی تێدایە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردەوە، پرۆسەکە روونە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، چەک دابنێت نەک بە مانای ئەوەی "تەسلیم"ـە، نا، ئەمە بە واتای "تەسلیمبوون" نییە، واتای ئەوەیە ئێستا لەم کاتەدا پرسی چەکداری و هێزی چەکدار هیچ کێشەیەکی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکات. کێشەی کورد ئەگەر هەشبێت، دەبێت هەر کێشەیەک بە دیالۆگ لەنێو تورکیادا چارەسەر بکرێت، ئێمە پشتگیریی ئەوەین کە پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بکات و ئەوەی لەسەر ئێمەیە و پێمان بکرێت رۆڵ ببینین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە رێکوپێکی بڕوات. هەر شتێک کە پێویست بێت و هەر رۆڵێک کە بە ئێمە بسپێردرێت لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتی ئەو رۆڵە بگێڕین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین