سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی ده‌مێنێته‌وه کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مەریکا ڕایگەیاند، "هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه."

نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە (24/شوبات/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مەریکا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی كلدانى ـ ئه‌مەریکی کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "ستایشی ڕۆڵی ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و پشتگیرییان له‌ پێشخستنى ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەییی کولتووری و ئایینیی عێراقییەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە."

شاندی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مەریکا لای خۆیانەوە، "پێزانینیان بۆ كولتوورى‌ یه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جیاكاندا له‌ هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها داكۆكییان لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان به‌تایبه‌تى لە بوارى ئابووری و وەبەرهێناندا کرد بە جۆرێک کە پشتگیریی گەشەپێدان بکات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە و کوردستاندا بڕەخسێنێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو."

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر "پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا کردەوە و دڵنیایى دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه‌، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندیى نێوان عێراقییەکانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هاوکاریی هاوبەشیان لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا بۆ هه‌مووان به‌ گرنگ زانى. هه‌ر له‌و میانه‌دا هه‌موو ئاسانكارییه‌كى بۆ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى له‌بارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ شانده‌كه‌ ده‌ربڕى."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین