سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی فەیلی ڕایگەیاند، "خوشک و برایانی فه‌یلیمان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه‌کانیان".

ئەمڕۆ هەینی (چواری نیسان/2025) سەرۆک نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چل و پێنجەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق کە ئەو تاوانەی به‌ جینۆساید ناساندووه‌، کوردە فەیلییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و ڕەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە".

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ یادی پڕ له‌ ئازاری چل و پێنجەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدی هەزاران کوردی فەیلی ده‌که‌ینه‌وه‌ کە لە هەڵمەتێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقدا، ڕووبه‌ڕووی کوشتن و دەستگیرکردن و ڕاگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن و پشتیوانیی شۆڕشی کوردستانیان کرد.

لەم یادەدا، جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق کە ئەو تاوانەی به‌ جینۆساید ناساندووه‌، کوردە فەیلییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و ڕەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات. خوشک و برایانی فه‌یلیمان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه‌کانیان و به‌دیهینانی دادوه‌ری بۆ ئه‌وان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکه‌ین.

جینۆسایدی کوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و ئه‌و تاوانانه‌ی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، مێژوویەکی ڕەش و ڕابردوویەکی تاڵن کە جگه‌ له‌ نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات هیچی تری نه‌هێناوە. ده‌بێ ئەو ڕابردووە ببێتە پەند و وانه‌ بۆ به‌دیهێنانی داهاتوویەکی باشتر کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکتر و پاراستنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان لە عێراقدا بنیات نرابێت.

سڵاو و دروود بۆ یادی شەهیدانی کوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین