پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای لە كەركووك كردەوە کوردستانی

نوچە نێت

لە ڕێوڕەسمێکدا بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرایەوە، فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، "پارتی سوورە لەسەر ئەوەی بەخۆداچوونەوە بکرێت لە کوردستان و ئەوەی پێویستە بۆ یەکڕیزی".

ئەمڕۆ شەممە (پێنجی نیسان/2025) بە ئامادەبوونی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومیی دیکە، بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی خۆی لە کەرکووک کرایەوە.

 فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، ''ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکو ئێمە هەر لە کەرکووک بووین و لە کەرکووکیش دەبین، چونکە ئەگەر بۆ چەند وەختێک بە جەستەش لە کەرکووک نەبووبین، هەمیشە رێکخستن و باوەڕی کوردایەتی کە بیروباوەڕی رێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە، رەگ و ریشەی لەم کەرکووکەدا هەبووە و دەمێنێت و رۆژ بە رۆژیش زیادی کردووە".

هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە گوتارێکدا رایگەیاند: ''دوای هەشت ساڵ، گەڕانەوەمان لەکاتێکدایە کە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیەوە بینیوە، پێدەچێت ئەو گۆڕانکارییانەش بەردەوام بن، بۆیە دۆخەکە هەستیارە.''

هاوکات بەرپرسی  مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ئاماژەی بۆ یەکڕیزیی کورد لە کەرکووک کردەوە و گوتی، ''ئێستا لە هەموو کات زیاتر یەکڕیزیی گەلی کوردمان پێویستە. بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە ببینە هەوێنێک بۆ یەکڕیزی و تەبایی، پێمان باشە لە هەموو کێشەکاندا چی لە رابردوو و چی لە ئێستادا، دەستوور باڵادەست بێت و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور.''

جێگەی ئاماژەپێدان دوای هێرشەکانی (16)ـی ئۆکتۆبەری (2017)، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین