سەرۆك بارزانی: کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد هەنگاوێكی مێژووییە بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کوردستانی

نوچە نێت

نوێنەری سەرۆک بارزانی لە (کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد) لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی سەرۆک بارزانیی لە کۆنفرانسەکە خوێندەوە و تێیدا ڕایگەیاند، "یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا."

ڕۆژی شەممە (26/نیسان/2025) د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداریی لە (کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد) لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان  كرد و تیایدا وتاری سەرۆك بارزانی خوێندەوە.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی وتارەكەیدا گووتیشی، "ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان."

 

دەقی وتارەكەی سەرۆک بارزانی لەکۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد رۆژئاوای کوردستان:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشک و برایانی خۆشەویست

ئامادەبوانی بەڕێز..

زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرینگەدا سڵاوى خۆم بە ئێوەى بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگەێنم.

ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت کە دەستخۆشی لەو هەوڵانەی بەڕێز مەزلوم عەبدی و یەك بە یەكی ئێوەى خۆشەویست بکەم لە ڕێخۆشكردن و ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسەدا، هیوادارین هەمووتان لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە نێوان ڕیزەکانى گەلەکەماندا.

ئاشكرایە گەلی کورد لە سوریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نكۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە سوریا و ناوچەکەدا ڕوویان داوە و لە داهاتووشدا ڕوو دەدەن، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتۆتە ئارا و ئێوە بەرپرسیاریەتێکى مێژوویى گرانتان لە ئەستۆدایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و داڕشتنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەى گونجاو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و ئازاد و دیموکراسیدا.

لەبەر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ئێستاى ناوچەکەمان، گرنگیی خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیانە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان بەدیار دەكەوێت. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی ئەمڕۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان زۆر لە جاران گرنگترە و ئەنجامی باشتریشی لێ دەكەوێتەوە.

ئێوەى بەڕێز زۆر باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە بەرچاوەکانی شەڕ و توندوتیژی لەسەر گەلی سوریا بوون، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و شێوانی شیرازەی ژیان و بەهێزبوونی مەترسیەكانی توندڕۆیی و تایفەگەری و تیرۆر.

هەربۆیە ئێمە پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان دەکەین کە تیایدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت و ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نەمێنێت. هەروەها پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێک دەكەین کە گەرەنتی ئەم پرەنسیپانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵات مسۆگەر بكات و بپارێزێت، ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، کە گەرەنتی مافە مەدەنی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان بکات.

بەڕێزان دەمەوێ دووپات بكەمەوە كە یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دمشق، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کاریگەرانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.

هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێكهاتەكانی تری گەلی سوریاى دراوسێمان دەکەینەوە. چەسپاندنی ئاشتی مەدەنی و پشتیوانیکردن لە کولتوری لێبوردەیی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سوریا لەسەر بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێ كە بنچینەى سەرەکین بۆ بنیادنانى وڵاتێکى سەقامگیر و ئارام بۆ هەمووان.

لە کۆتاییدا داواى سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەکەم و هیوادارم دەرئەنجامەکانى ببنە مایەى بەهێزترکردنی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و لە ئاستى ئازار و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورد بێت. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردنبێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.

هەر سەركەوتوو بن و بمێنن لە خێر و خۆشیدا..

مەسعوود بارزانی

هەولێر

٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥ 

See less

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین