مێژووی ماندوێتی ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

نووسینی: پ. د. کامەران محەمەد

 

(ماندوێتی) دیاردەیەکی مرۆیی گشتگیرە، کە لە هەموو کات و شوێنێک هاوڕێ لەگەڵ مرۆڤدا بوونی هەبووە، بەڵام هەمیشە بە یەک شێوە تێگەیشتن ڕاڤە نەکراوە. ماندوێتی وەک (نەخۆشی) و (خۆشه‌ویستیی) و (کار) مێژووی خۆی هەیە. تێگەیشتن لە مێژووی ماندوێتی دەروازەیە بۆ تێگەیشتن لەو پەیوەندییانەمان کە لەگەڵ جەستە و کات و ئەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە تێیدا دەژین.

چەمکی مێژووی ماندوێتی

زاراوه‌ی (مێژووی ماندوێتی) وەک چەمکێکی سەربەخۆ و باو لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا، تا ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوو بەکارنەهێنراوه‌. مێژوونووسی فەرەنسی (جۆرج ڤیگارێلۆ Georges Vigarello) به‌یه‌که‌م کەس دادەنرێت، کە ئەم دەربڕینەی بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە بەرهەمە ئینسایکلۆپیدییەکەیدا (مێژووی ماندوێتی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ئێستا) بەکارهێنا. ئاشکرایه‌ (فیگارێلۆ)، خودی وشەکەی دانه‌هێناوە، بەڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ یەکەم کەس بوو، کە چەمکی (مێژووی ماندوێتی) وەک کایه‌یه‌کی زانینی سه‌ربه‌خۆ تیۆریزه‌ کرد، واته‌ مێژووی کۆمەڵایەتی و مێژووی جەستە و دەروونناسی و فەلسەفە و کارناسیی (ergology) کۆکردەوە.

زاراوەی (مێژووی ماندوێتی)، ئاماژەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی تێگەیشتن و لێکدانەوە و مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ ماندوێتی بە درێژایی سەردەمەکان. ماندوێتی تەنها هەستکردنێکی جەستەیی بە شەکەتی نییە، بەڵکو چۆنێتی پۆلێن کردن و مامەڵەکردنە لەگەڵیدا، لە ڕەهەندگەلێکی وەک پزیشکی و بیرکردنەوە و ئایین و کار و هونەره‌وه‌. واتە چەمکێکە کە بایۆلۆجی و کەلتوور و کۆمەڵگە تێکەڵ دەکات و ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن بارودۆخی دەرەکی هەستی ماندوێتی ناوەکی مرۆڤی پێکهێناوە.

 ماندوێتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا: گوناه یان فەزیلەت؟

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ماندوێتی لە (هاوێنەی ئایینی)ەوە لێی دەڕوانرا. (کار) لە دوای دەرکردنی ئادەم لە بەهەشت، بە جۆرێک لە سزای خودایی دادەنرا، لەبەر ئەوە ماندووبوون لە ئەنجامی کارکردن بە (ئامرازێک بۆ کەفارەتی گوناهەکان) هه‌ژمار ده‌کرا. بۆ نموونە ڕاهیبەکان لە دێرەکاندا چەندەها کاتژمێر لە کێڵگەکاندا و کاری دەستییان دەکرد، ماندوێتیشیان بە ئەنجامێکی سروشتی تەقوا و بەندایەتی دەزانی. سەبارەت بە تەمبەڵی، یان ئەوەی بە (دوورکەوتنەوەی ڕۆحی acedia) ناسراوە، بە یەکێک لە گوناهه‌ گەورەکان دادەنرا، چونکە لاوازی لە بەرگری جەستە و بێهێزی نیشان دەدا.

ڕێنێسانس و سەرەتاکانی مۆدێرنیتە: ماندوێتی جەستە

لەگەڵ سەرهەڵدانی سەردەمی ڕێنێسانس و بازرگانی و شارەکان، ماندوێتی واتایەکی کردەیی و کۆمەڵایەتی وەرگرت. کارکردن بووە چاوگی ڕێز بۆ هەندێک لە چینەکان، پزیشکەکانیش دەستیان بە باسکردنی (ماندوێتی جەستەیی) کرد، کە لە ئەنجامی کاری دەستییەوە دروست دەبوو. بۆ نموونە: لە دوکان و بازاڕەکاندا کرێکاران و پیشەوەرەکان لە بەیانییەوە هه‌تا ئێوارە کاریان دەکرد. بۆیە ماندوێتی وەک حاڵه‌تێک سەریهەڵدا، کە دەبوو لە ڕووی پزیشکییەوە لێی تێبگەن، ئەویش وەک ناهاوسەنگییەک لەنێو توخمەکانی جەستەدا (بەپێی پزیشکی کۆن وەک پزیشکی گالینی). هەروەها گرنگیدان بە ئاسوودەیی جەستەیی و هاوسەنگی لە نێوان کار و خەوتن و خواردندا دەرکەوت.

سەدەی نۆزدەهەم: لەدایکبوونی ماندوێتی پیشەسازی

سەدەی نۆزدەهەم شاهیدی (شۆڕشی پیشەسازی) بوو، کە تێڕوانینی خەڵکی بۆ کار و ماندوێتی بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی. مرۆڤ بەپێی ڕیتمی ئامێرەکان نەک ڕیتمی سروشت دەستی بە کارکردن کرد و سیستەمە پیشەسازییەکانیش زۆرترین وزەیان لە جەستە دەخواست. بۆ نموونە کرێکارانی کارگەکان لە ئینگلتەرا و فەرەنسا لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا کاتژمێرێکی زۆر کاریان دەکرد. تەنانەت ژن و منداڵیش لەمە بەدەر نەبوون. زاراوەی (هەوڵدانی زۆر) دەرکەوت و پزیشکەکان دەستیان بە باسکردنی (نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ماندوێتی)یەوە کرد.

زاراوەی (چینە ماندووەکان)یش لە ئەدەبدا دەرکەوت، وەک هەندێ لە شاعیرە ڕۆمانسییەکان (ماندووبوونی ڕۆح)یان بەرجەستە کرد، نەک تەنها ماندووبوونی جەستە، لە کاتێکدا چینی کرێکار بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن و بۆ بەدیهێنانی ئیسراحەت لە خەبات بەردەوام بوو.

سەدەی بیستەم: ماندوێتی لە نێوان جەستە و دەرووندا 

لە سەدەی بیستەمدا ماندوێتی بووە بابەتی گرنگیپێدانی بوار گەلێکی وەک پزیشکی دەروونی و کار و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. جەنگە جیهانییەکان و شارنشینی و گەشەسەندنی تەکنەلۆژی بووە هۆی (خێراکردنی ژیان) و بەمەش (جۆرە نوێیەکانی ماندوێتی) هاتنە ئاراوە. بۆ نموونە سەربازەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا (ماندوێتی جەنگ) یان چەشت، ئەوەی ئەمڕۆ بە نەخۆشی تێکچوونی دوای شۆکبوون ناسراوە. بۆیە چیتر ماندوێتی تەنها بە جەستەیی نەمایەوە، بەڵکو بووە (دەروونی و سۆزداری).

لە کارگەکاندا کار بە شێوەیەکی زانستی (تایلۆریزم و فۆردیزم) ڕێکخرا، ئەویش بۆ کەمکردنەوەی هەوڵدان و زیادکردنی بەرهەم بوو، بەڵام ماندوێتی کۆتایی نەهات، بەڵکو بۆ ماندوێتی دەروونی گۆڕا. دواتر قسەکردن دەربارەی (سووتانی مێشک burn-out) دەستی پێکرد، بەتایبەت لەنێو کارمەندان و مامۆستایان و پەرستاراندا.

 

سەدەی بیست و یەکەم: ماندوێتی دیجیتاڵی و کۆمەڵگەی ئەنجامدان

لە سەردەمی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا، ماندوێتی بووه‌تە حاڵەتێکی هەمیشەیی و درێژخایەن. بە گوتەی فەیلەسوفی کۆری- ئەڵمانی (بیونگ-چول هان)، ئێمە لە (کۆمەڵگەیەکی ماندوو)دا دەژین، کە هەمیشە داوامان لێدەکرێت بەرهەمدار و پەیوەست و ئەنجامدەر بین. بۆ نموونە زۆر کەس بەدەست (ماندوێتی بەردەوام)ەوە دەناڵێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەوڵی جەستەیی زۆریان نەداوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ (فشاری چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان و خێرایی و پەیوەندی بەردەوام و نەمانی سنوورەکانی نێوان کار و ژیانی تایبەتی).

ماندوێتی سەردەمی دیجیتاڵی، ماندوێتییەکی زەینیی و دەروونییە، ئەمەش هاوڕێیە لەگەڵ کێشەی خەوتن و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی تەرکیزکردن. تەنانەت خەوتنیش بەس نییە بۆ گەڕاندنەوەی وزە.

سەرچاوەکان

ماندوێتی تەنها دیاردەیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی کەلتووریی و کۆمەڵایەتی و مێژووییە. بۆ شیکردنەوەی پەرەسەندنی بەدرێژایی سەردەمەکان، مێژوونووسان پشت بە کۆمەڵە سەرچاوەیەکی بەرفراوان دەبەستن، کە ڕەنگدانەوەی چۆنێتی تێڕوانینی کۆمەڵگە جیاوازەکان و دەربڕین و وەڵامدانەوەی ماندوێتی بوون. (مێژووی ماندوێتی جۆرج فیگارێلۆ) پشکدارییەکی سەرەکییە لەم بوارەدا، گێڕانەوەیەکی پێکهاتەیی و ئاڵۆز پێشکەش دەکات، کە پشت بە سەرچاوەی جیاواز و جۆراوجۆر دەبەستێت، گرنگترین ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش بریتین له‌:

 نووسراوە پزیشکییەکان 

فیگارێلۆ، لە گوتاری پزیشکی لە دڵی لێکۆڵینەوەکەیدا دادەنێت، بەوردی شوێنپێی چۆنێتی وەسفکردنی ماندوێتی لە دەقەکانی (هیپۆکراتەوە) هەتا لێکۆڵینەوەکانی سەدەی بیستەم هەڵدەگرێت. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ماندوێتی وەک دەرەنجامێکی کەمی شلە زیندووەکان لێکدەدرایەوە. دواتر لە سەردەمی مۆدێرندا، چەمکی (شه‌که‌تی ده‌روونی) سەریهەڵدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تەرکیز کردن بوو لە جەستەوە بۆ ڕۆح. ئەم نووسینانە نەک هەر گەشەسەندنی زانین، بەڵکو ئەو شتانەش ئاشکرا دەکەن، کە کۆمەڵگەکان لە سەردەمی خۆیاندا لە چی دەترسان و ڕێزیان لە چی دەگرت: هاوسەنگی، دیسیپلین، لێهاتوویی، یان پتەویی.

فەلسەفه‌ و ئاکار

مێژووی ماندوێتی پەیوەندییەکی بەهێزی بە تێڕامانە ئاکاریی و فەلسەفییەکانەوە هەیە، دەربارەی چەمکەکانی کار، پشوودان، تەمبەڵی و ویست. فەیلەسوفانی وەک ئەرستۆ و شۆپنهاوەر و پیاوانی ئایینی و چاکخوازانی سەردەمی ڕیفۆرمی ئاینی و ڕۆشنگەریی، مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد، کە ئایا ماندوێتی نیشانەی شکستهێنانە یان بەهای فەزیلەت. فیگارێلۆ ئەم دەقانە بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی ئەوە ئاشکرا بکات، کە کۆمەڵگەکان چۆن واتایەکی ئاکارییان بە ماندوێتی داوە، ئایا سزایە، یان لاوازی ویست، یان دەرئەنجامێکی بەرزی کارە؟

نامە و یاداشتنامەکان

ڕەنگە مرۆڤانەترین و کاریگەرترین سەرچاوە ئەوانە بن، کە باس لە ماندوێتی لە لێوی ئەو کەسانەوە دەکەن، کە خۆیان ئەزموونیان کردووە، وەک کرێکار و سەرباز و ژنان. فیگارێلۆ پشتی بەو یاداشت و نامانە بەستووە، کە باس لە ماندوێتی جەستەیی و دەروونی ژیانی ڕۆژانە دەکەن. ئەم گەواهیدانانە ئەوە دەردەخەن، کە ماندوێتی تەنها حاڵەتێکی جەستەیی نەبووە، بەڵکو ئەزموونێکی سۆزداریی و بوونیی (وجودیی) بووە، وه‌ک ئازار، نامۆبوون، قوربانیدان و ئارامگرتن.

پەرەسەندنی زمان

زمانیش تۆمارێکی مێژووییە. فیگارێلۆ بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات، کە چۆن واتای وشەی ماندوێتی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەردەمی نوێ پەرەی سەندووە. دیارە لە سەرەتاکانیدا پەیوەست بوو، بە لاوازی کاتییەوە. ئێستا، زۆرجار پەیوەندی بە شەکەتی دەروونی درێژخایەنه‌وه‌ هەیە. ئەم پەرەسەندنە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵترە لە چۆنێتی ڕوانینی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان و کارکردن و سنووری جەستەییان.

میتۆدەکان

نووسینەوەی مێژووی ماندوێتی پێویستی بە فرە میتۆدییە، واتە تێکەڵکردنی (مێژووی پزیشکی، ده‌روونشیکاریی، شیکاری کەلتووریی، توێژینەوەی زمانەوانی و مێژووی کۆمەڵایەتی). دیارترین میتۆدەکانیش بریتین لە: شیکردنەوەی دەقە پزیشکی و فەلسەفیەکان لە ناوکۆ مێژووییەکانی خۆیاندا. واتە (توێژینه‌وه‌ی ناوکۆ (کۆنتێکست)). هاوکات توێژینەوە لە جیاوازی نێوان تێڕوانینی کۆمەڵگە جیاوازەکان بۆ ماندوێتی، واتە میتۆدی (شیکاریی بەراوردکاریی). دواتر گرنگیدان بە ئەزموونی تاکەکەسی، بۆ دەرهێنانی نەخش و شێوەی فراوانتر، واتە میتۆدی (مایکرۆ مێژوو). (شیکاری زمانەوانی)یش بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییە چەمکییەکانی وشەکان لە تەواوی سەردەمەکاندا دەکات.

ماندوێتی وەک ئاوێنەی کۆمەڵگەکان

به‌مشێوه‌یه‌ مێژووی ماندوێتی لە یەک کتێب یان یەک تیۆریدا نەنووسراوەتەوە. بەڵکو سەمفۆنیایەکە لە دەنگی پزیشک و فەیلەسوف و هاواری کرێکارە ماندووەکان و سه‌ر‌بازی نێو جه‌نگه‌کان و ژنه‌ خۆشی له‌خۆ نه‌دیوه‌کان و پەرەسەندنی هێواشی وشەسازییەکاندا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌. لە ڕێگەی کارەکانی مێژوونووسانی وەک (جۆرج فیگارێلۆ)وەش تێدەگەین، کە ماندوێتی تەنها دیاردەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە، کە واقیعی ئاکاریی و ئابووری و سۆزداریی سەردەمەکانمان بۆ نمایش دەکات.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین مێژووی ماندوێتی مێژووی پەیوەندییەکانمانە بە (جەستە) و (کات) و (کار)ەوە. لە ڕاهیبەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، هەتا کارمەندانی سەردەمی دیجیتاڵی، ماندوێتی وەک نیشانەی (سنووردارێتی مرۆڤ) دەمێنێتەوە. ئێمە ناتوانین بە ڕیتمی ئامێرەکان بژین و پێویستیشمان بەوە نیە.

تێگەیشتن لەم مێژووە، یارمەتی دەرە بۆ (گێڕانەوەی پێزانین بۆ پشوودان و هێواشیی و بێدەنگی). چونکە ماندوێتی لاوازی نییە، بەڵکو پەیامێکە لە جەستە و دەروونەوە کە دەڵێت: بووەستە...ئێستا کاتی پشوودانە.

سه‌رچاوه‌کان

1. جورج فيغاريلو: تاريخ التعب: من العصور الوسطى إلى أیامنا هذه، ترجمهة: محمد نعیم، صفحة سبعة للنشر و التوزیع، الطبعة الاولی، المملکة العربیة السعودیة، 2023.

2 . Anna Katharina Schaffner: Mental fatigue and physical exhaustion in history, (https://www.the-tls.co.uk/politics-society/social-cultural-studies/a-history-of-fatigue-georges-vigarello-book-review-anna-katharina-schaffner), (3/5/2025).

 3. Megan Wildhood: Book Review: A History of Fatigue from the Middle Ages to the Present, (https://www.madinamerica.com/2023/09/book-review-history-fatigue-middle-ages-present/), (4/5/2025).

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین