پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کاردانەوەى وڵاتان دژ بە هێرشەکەى ماڵى سەرۆکى هەرێمى كوردستان
نوچەنێت
ئامادەکردنى: ئیسماعیل تەها
كاتژمێر 11:00ی سەرلەبەیانى (2026/3/28) بە سێ درۆن هێرش كرایە سەر شاری دهۆک. یەکێک درۆنەكان ئاراستەی ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بازانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان كرا، ئەو هێرشە کاردانەوەیەکى گەورەى ناوخۆیى و عێراقى و جیهانى بەدوای خۆى داهێنا، جۆرێک بوو کاردانەوەکان چاوەڕوان نەکراو بوو.
هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان
بەدرێژایی ساڵانى رابردوو چەندین رووداوى ناوخۆیى و دەرەکى لەو ناوچەیە لە نێوان وڵاتانى ناوچەکە و عێراق روویداوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە رووداوەکان رۆڵى لێکنزیککردنەوەى لایەنەکان بووە، لە ناوخۆی كوردستان و عێراق هەوڵى هێورکردنەوەى ئاڵۆزییەكانی داوە، لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێمى کوردستان خاڵى کۆکەرەوى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بووە، چ ئەو کاتەى لە حکومەت بووە، چ ئێستاش سەرۆکى هەرێمى کوردستانە.
لەسەر ئاستى ناوچەکەش هەوڵە دیپلۆماسییەکانى دەگەڕێتەوە، کە کاریگەرى لەسەر لێكنزیکردنەوەى هەندێک وڵاتى سەرەکى ناکۆک هەبوو، بە نموونە رۆڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکانى تورکیا و ئیمارات هەبوو، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كاریگەری لەسەر دۆخی لیبیا و سووریا هەبوو.
هەوڵەكانی بۆ یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان
لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ نزیكردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان، لە كاتی ناكۆكییەكانیش هەوڵی داوە ناكۆكییەكان چارەسەر بكات، ئەو هەوڵانەی وایكردووە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكان بەردەوام بێت، حزبە كوردستانییەكانیش بە چاوی رێزەوە سەیری ئەو هەوڵانە دەكەن.
لە شەڕی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 و شەڕی مانگی شوباتی 2026 سەرۆكی هەرێمی رێگەی نەدا كوردستان ببێت بە بەشێك لە ململانێی ئەو جەنگە، داواكانی ئەمەریكای رەت كردۆتەوە، وەك چۆن لە ناو هەرێم رۆڵی هەبووە، لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش رۆڵی هەبووە، لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەرۆكی هەرێم لە دوو قۆناغی سەرەكی پڕۆسەی ئاشتی بەشداری كارای هەبووە.
رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا
پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بە یەكێك لە پڕۆسە سەرەكیەكان دادەندرێت، كورد ساڵی 1993 دەرگا بەڕووی ئەو پڕۆسەیە كراوەتەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سێیەم و چوارەمى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆڵى سەرەکى هەبوو.
كاتێك قۆناغی سێیەمی پڕۆسەی ئاشتی دەگاتە بنبەست، سەرۆكی هەرێم توانى پڕۆسەى ئاشتى لە چەقبەستوویى رزگار بکات، محەمەد ئەمین پێنجوێنی باس لە هەوڵەكانی كاك نێچیرڤان دەكات بۆ گێرانەوەی رۆڵ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و دەڵێت، نزیكەی (60) رۆژ بوو ژمارەیەك زیندانی مانیان لە خواردن گرتبوو، لەو كاتەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئەوە دەكاتە دەرفەتێك بۆ سەلماندنەوەی كاریگەری ئۆجەلان بەسەر ئەندامانی پەكەكە، بۆیە پێشنیار بۆ ئەردۆغان دەكات و كەسێك بنێرێت بۆ ئیمرالی، ئەویش سەرۆكی میتی نارد، ئۆجەلان نامەیەك بە خەتی خۆی بۆ بەندكراوە سیاسییەكان دەنووسێت، تاوەكو كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن، بەو نامەیە تواندرا مانگرتەكە كۆتایی پێبهێندرێت، ئەمەش بووە سەرەتایەكی گرنگ كە ئەردۆغان و توركەكان قەناعەت بەوە بهێنن كە تا ئێستاش ئۆجەلان كاریگەرە لە ناو پەكەكەدا دەتوانن لەگەڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا چارەسەری مەسەلەی كورد بكەن، ئێستاش گێرانەوەی ئەو رۆڵە بۆ ئۆجەلان كاریگەری لەسەر قۆناغی پڕۆسەی نوێی ئاشتی هەیە، لە هەمووی گرنگتر تا ئاستێكی زۆر بەرز ئەو فۆبیایەی دژ بە كورد لە شەقامی توركی هەبوو.*
چەنگیز چاندار، رۆژنامەنووسی بە ئەزموونی تورك رۆڵی سەركردەكانی باشووری كوردستان لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەڵێت، "ئەو رۆڵە نێوەندگیرییەی مام جەلال لە ساڵانی (1992 ــ 1993) گێڕاویەتی لە ئێستادا و لە پڕۆسەی ئاشتیدا نێچیرڤان بارزانی لە ئەستۆتی خۆی گرتووە، نێچیرڤان بارزانی شەخسی خۆی چۆتە قەندیل و لەگەڵ موراد قەرەیلان كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و باسی لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی كردووە.**
حەسەن جەمال نووسەری تورك باس لەوە دەكات، كە كاك نێچیرڤان پەیامێك بۆ توركیا دەنێرێت و هۆشداری دەدات كە رۆڵ و كاریگەریی ئۆجەلان لە پرسی ئاشتی لە بیر نەكرێت، لە پەیامەكەی بە توركەكان دەڵێت، "نابێت ئەوە لە یاد بكرێت كە سەرۆكی راستەقینەی پەكەكە ئۆجەلانە و ئێستا لە زیندانی ئیمراڵییە و دەرگای ئاشتی بۆ توركیا واڵا كردووە ئەمە شتێكی گرنگە و پێویستە هەنگاوی جدی و خێری بۆ بنرێت.**
لە قۆناغى ئێستاى پڕۆسەى ئاشتیش لە تورکیا سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆڵى سەرەکى لە پاڵپشتى ئەو پڕۆسەیە، چەندین شاندی باكووری كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ئاشتی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
هێرشەکانى حکومەتى سووریا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رووداوەكانی ساڵی رابردوو لەنێوان حكومەتی سووریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع و هێزەكانی سووریای دیموكرات، بە سەرۆكایەتی مەڵزووم عەبدی، كاتێك رووداوەكان بەرەو لێوارى بەریەكەوتنێكی وێرانكەر چوو، سەرۆکى هەرێمى کوردستان شانبەشانى تەمەریکا و فەرەنسا بەردەوام لە هەوڵدا بوو بۆ رێگرى لە فراوانبوونى جەنگە، رۆژنامەى لومۆندى فەرەنسى لە راپۆرتێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان "رۆڵێکی گرنگی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا گێڕاوە"بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە.
سەبارەت بە رێککەوتنەکە، سەرۆک ێچیرڤان بارزانی ھیوای خواستووە ئەم ھەنگاوە ببێتە "چوارچێوەیەک بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو کە تێیدا مافەکانی گەلی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە لە دەستووری داھاتوودا پارێزراو بن."
دواتریش کۆشکى ئیلیزێ بە فەرمى سووپاسى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات، کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیێندراوکەیدا هەڵوێستی فەرەنسای سەبارەت بە داهاتووی سووریا و پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کردووە، هاوکات سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، کۆشکی ئیلیزێ دەشڵێت، سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە فەرمی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا [لە سووریا].
کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هاوئاهەنگییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیییە کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و ئاسایشی ئەورووپی و ئەمریکییەکاندا بێت.
هێرشى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دهۆک
بەشداری لە پرسە سەرەكییەكان و هەوڵەكانی بۆ لێكنزیكردنەوەی بۆچوونەكان، رۆڵی هەیە لەو كاردانەوە فراوانەی بەرانبەر ئەو هێرشەی رۆژى شەممە 28ی ئاداری 2026، بە سێ هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک كرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی پارچەكانی كوردستان ئەو هێرشە کاردانەوەى لە ناوخۆى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهانى لێكەوتەوە، لەسەر ئاستى ناوخۆ لایەنە سیاسییەکان بە سەرکۆنەى ئەو هێرشەیان کرد، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ بەشداری لە پرسەكان لە ئاستی ئەو كاردانەوانە باشتر تێدەگەین.
کاردانەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، بە سەرکۆنەى ئەو هێرشەیان کردووە، هێرشەکە بە بەشێک لە لێدان لە پێگەى هەرێمى کوردستان دەزانن.
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان
لە سەر ئاستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، هەریەک لە بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى و قوباد تاڵەبانى و مەکتەبى سیاسى بە سەرکۆنەى ئەو هێرشەیان کرد، سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە لاپەڕەى خۆى نووسییوویەتى، بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەین لە دهۆک. کردەوەی لەم شێوەیە قبوڵکراو نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، پشتیوانی لە سەروەری یاسا دەکەین و داوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی بکەرانی ئەم کردەوەیە و دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوەیان. ئێمە ئامادەین بە هەر شێوەیەکی پێویست پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەین.
یەکگرتووى ئیسلامى
سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى دواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێم لە پەیامەکەى دەڵێت، پەلاماردانی ماڵی سەرۆکی هەرێم لە شاری دهۆک، بەتوندی سەرکۆنە ئەکەم، جگە لەوەی بەردەوامیە لە پێشێلکاری نایاسایی و هەوڵی تێوەگلانی گەلی کوردستانە لە شەڕێکی نەخوازراوی بێ مانادا، سابقەیەکی خراپی بەزاندنی سەروەری قەوارەی هەرێمە، بۆیە دەخوازم لایەنی پەیوەندیدار رێگری بکەن لەم پەرەسەندنە !
کۆمەڵى دادگەرى
دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە تیایدا، نیگەرانی خۆی و حیزبەکەی گەیاندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لەو پەیامەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو هێرش و پەلاماردانی بە زەرەر و زیان و هۆکاری نائارامیی و لێدان لە ئاسایش و سەروەریی هەرێمی کوردستانە.
بزووتنەوەى ئیسلامى
د.عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەکەین؛ نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی فەرمی و ئاشتیخوازە و لە هەموو قۆناغە جیاجیاکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جێگیرکردنی ئارامی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی."
پەیەدە
پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیدە) پەیامێکی بڵاوكردەوە، لەو پەیامەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، هەروەها هێرشەکە پێشێلکارییەکی جدی و مەترسیداری سەر ئارامی و سەقامگیری باشووری کوردستانە.
مەزڵووم عەبدى
مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات، لە پەیامێکدا دەڵێت، ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی و جەخت دەکەینەوە کە لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و پەلامارێکدا، هەمیشە لە پاڵ گەل و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبین، پاراستنی ئاسایشی باشووری کوردستان ئەرکی هەمووانە و سەقامگیریی ئەویش، سەقامگیریی تەواوی کوردان و ناوچەکەیە
کۆنگرەى نەتەوەیى کورد کەنەکە
لە لایەكی دیكەوە دواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێم گۆنگرەى نەتەوەیى کورد (کەنەکە) پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى هاتووە، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – (ک ن ک)، نیگەرانین لەو هەموو هێرشی درۆن و مووشەکییانەی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکرێن و بە تووندی ئیدانەیان دەکەین. ئەو هێرشانە گەیشتنە شاری دهۆک و شوێنێکی نیشتەجێبوونی بەڕێز سەرۆکی هەرێم[ی کوردستان] بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یان کردە ئامانج. ئەم کردارانە بۆ مەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئاژاوەنانەوە و دژی هەڵوێستی بێلایەنیی هەرێمی کوردستانە لەم شەڕەی لە ئارادایە و لە هەمان کاتیشدا نانەوەی دووبەرەکی و شێواندنی بنەماکانی دیموکراسییە لە هەموو عێراق.
پەیوەندیی سەرۆكی هەرێم و لایەنە عێراقییەكان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان هەیە، بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئیمارات و عێراق دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، لە لایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی گێرا لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و ئەبوو زەبی، لە مانگی شوباتی 2023 سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئیماراتی كرد.
کاردانەوەى لایەنە عێراقییەکان
لە سەر ئاستى عێراق لایەنە سیاسییەکان بە سەرکۆنەى هێرشەکانى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان کرد، دواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە دەکات، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی دەکات. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی سهرۆك نێچرڤان بارزانی بۆ بەهێزکردنی تەبایی لەنێوان هەموو عێراقییەکاندا دەکات.
لە لایەكی دیكەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک بەهێزترین هاوپەیمانى شیعەکان لە راگەیێندراوی پاش کۆبوونەوەیدا هاتووە، بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە، "ئاماژەی مەترسیدارن و هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لەرزۆککردنی سەقامگیری، کە ئەمەش پێویستی بە وشیاریی زیاتر و هەماهەنگی نیشتمانی هەیە".
لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە، ئاماژەی مەترسیدارن و هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لەرزۆککردنی سەقامگیری، کە ئەمەش پێویستی بە وشیاریی زیاتر و هەماهەنگی نیشتمانی هەیە".
نوورى مالیکى
نوورى مالیکى سەرۆکى دەوڵەتى یاسا لە پەیامێکدا دەڵێت، "ئەو پێشێلکارییانەی لە هەرێمی کوردستان روویاندا، بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێم، بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە لە لایەن هەر لایەنێکەوە بێت، ئەم کارانە تەنیا کەسانی دیاریکراو ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە گشتی دەبەن و بەشدارن لە لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی".
مالیکى جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کە ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە بەهێزکردنی گیانی تەبایی و یەکگرتووییە لەنێوان رۆڵەکانی نیشتمان و رەتکردنەوەی تووندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە، و وەستان وەک یەک ریز بۆ شکستپێهێنانی هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق."
رەوتى حیکمە
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەم کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک."
سەرۆکى رەوتى حکیمە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم جۆرە کارانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن و داوای کرد هەوڵە ئەمنییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.
قاسم ئەعرەجى
لە لایەکى دیکەوە قاسم ئەعرەجى، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دەکات، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک؛ ئەم کارە پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە ئاسایش و یەکڕیزیی عێراق دەکاتە ئامانج و رایگەیاند، ئەم جۆرە کارانە پێویستی بە "هەڵوێستێکی تووند"هەیە بۆ لێپرسینەوە و سزادانی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو هێرشە.
بزووتنەوەى بابیلۆن
هەر لەسەر هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەسوان کلدانی، سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، ئەم کارە تەنیا کەسێک ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق.
سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیۆن سەبارەت پێگەی سەرۆکى هەرێم دەڵێـت، "ئەم جۆرە کارانە تەنیا لێدان نییە لە کەسایەتییەک، بەڵکو زیان بە سەقامگیریی گشتی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیی عێراق دەگەیێنێت؛ بەتایبەت کە نێچیرڤان بارزانی خاوەن قبووڵکراوییەکی نیشتمانییە و رۆڵێکی کۆکەرەوەی هەیە لە بەهێزکردنی گفتوگۆدا."
هاوپەیمانى نەسر
حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانى نەسر، لە نامەیەکى ئاراستەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردووە، لە نامەکەیدا دەڵێت، برای ئازیزم جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەواڵی بەئامانجگرتنی ماڵتانم بەم کارە سەرکۆنەکراوە بەوپەڕی نیگەرانی و سەرکۆنەکردنە پێگەیشت، کە ناتوانرێ لێکبدرێتەوە تەنیا وەک دەستدرێژییەکی مەترسیدار نەبێت کە دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبات، هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات و ئەو سیمبوولە نیشتمانییانە دەکاتە ئامانج کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە چەسپاندنی لێکتێگەیشتن لەنێوان رۆڵەکانی نیشتمان.
هاوسۆزیی تەواوی خۆم بۆ خۆتان و بنەماڵە بەڕێزەکەتان رادەگەیەنم و جەخت دەکەمەوە کە ئەم جۆرە کارانە بە تەواوی رەتکراوەن و هیچ پەیوەندییەکیان بە بەهاکانی کاری سیاسی یان گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکن بۆ تێکدانی سەقامگیری و شێواندنی دۆخی گشتی.
عەبادى دەشڵێت، ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە تەبایی و سەرخستنی زمانی گفتوگۆ و کاری هاوبەشە بۆ پاراستنی عێراق لە هەر شتێک کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و یەکپارچەییەکەی.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی هەرێم و کاردانەوەى وڵاتانى جیهان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان چۆن ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق رۆڵی هەبوو لە نزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش رۆڵی هەبوو لە كەمكردنەوەی گرژییەكان و لێكنزیكردنەوەی وڵاتان.
پەیوەندی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە
پەیوەندی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچەیە، پەیوەندییەكی بەهێزە، هەوڵی داوە پەیوەندییەكانی بۆ لێكنزیكردنەوەی وڵاتان بەكار بهێنێت، یەكێك دوای ساڵانێك لە گرژی نێوان ئیمارات و توركیا سەرۆكی لە رێگەی هەوڵەكانی پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە بردە قۆناغێكی نوێ، بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپهڕى ئهلمۆنتیۆر سهرۆكى ههرێمى كوردستان هاوكار بووه لهو ئاشتكردنهوهیهى كه لهنێوان رهجهب تهیب ئهردۆغانى سهرۆكى توركیا و محهمهد بن زاید ئال نهیان جێنیشینى ئهبوزهبى له ئارادیه.
ماڵپەڕەکە نووسیوویەتى، ئێوارهى دووشهممهى رابردوو 30ى ئاب، پهیوهندییهكى تهلهفۆنى لهنێوان رهجهب تهیب ئهردۆغانى سهرۆكى توركیا و محهمهد بن زاید جێنشینى ئهبوزهبى ئهنجام درا، ئهمهیش سهرهتایهكى نوێ بوو له پهیوهندى نێوان توركیا و ئیمارات كه ماوهیهكى زۆره گرژیى تێكهوتووه.
ماڵپهڕى مۆنیتۆر دەشڵێت، شهوى رابردوو 31ى ئاب، راپۆرتێكى لهسهر ئهم رووداوه بڵاوكردووهتهوه و ئاشكراى كردووه، كه نێچیرڤان بارزانى له نزیككردنهوهى ئهم دوو وڵاته رۆڵى ههبووه، سەبارەت بە مانشێتى راپۆرتەکە مۆنیتۆر نووسیوویەتى، ناونیشانى راپۆرتهكه بهمشێوهیهیه "سهركردهى كوردى عێراق هاوكار دهبێت له كهمكردنهوهى گرژییهكانى نێوان توركیا و ئیمارات". له راپۆرتهكه ئاماژه بۆ ئهوه كراوه كه نێچیرڤان بارزانى سهركردهیهكى ژیره و پهیوهندى دۆستانهى لهگهڵ ههر دوو رێبهرى ئیمارات و توركیا ههیه، به تایبهتى لهگهڵ ئهردۆغان.
سهرچاوه دیپلۆماسییهكان باس لهوه دهكهن ماوهیهك بووه نێچیرڤان بارزانى كارى بۆ ئهم ئاشتبوونهوهیه كردووه و كارهكهی ئهویش له بهرژوهندى سهقامگیرى ناوچهكه دایه.
له راپۆرتهكه ئاماژه بۆ ئهوهیش كراوه كه كۆششهكانى نێچیرڤان بارزانى و دهركهوتنى رۆڵهكهى لهسهر ئاستى ناوچهكه وا دهكات كوردیش له سهر ئاستى یاریكهرهكانى ههرێمهكه پێگهى ههبێت.
دواتریش ئەو هەنگاوەى سەرۆکى هەرێم دەرگاى بە رووى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئیمارات کردەوە، کە ئێستا لەو پەڕى بەهێزى دایە لە بوارەکانى ئابوورى و دیپلۆماسى.
لە مانگی ئهیلوولى 2021 راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە، کە بە گرنگیەوە باسى رۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات له بوارى دیپلۆماسیهتدا، سەبارەت بە سەردانەکەى بۆ بهریتانیا ئاماژه بۆ چهند خاڵێك دەکات، لهوانه گرنگى سهردانهكه له كاتێكدایه كه سهرۆكى ههرێمى كوردستان له ماوهى چهند ههفتهى رابردوودا توانیویهتى دهرگاى گفتوگۆ و دانوستاندن لهنێوان توركیا و ئیمارات بكاتهوه، ههروهها توانیویهتى، بۆچوونى توركیا و فهڕهنسا له یهكتر نزیك بكاتهوه.
به بڕواى نووسهر ئهم سهركهوتنه دیپلۆماسییهى نێچیرڤان بارزانى وایكردووه ههرێمى كوردستان ببێته وێستگهیهكى گرنگ و بنهڕهتى بۆ ههر سهرۆك و بهرپرسێك كه سهردانى عێراق دهكات.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكی لە پەیوەندییەكان هەیە، لە هێرشی مانگی حوزەیرانی 2025 ئێران لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان بەرز نرخاند.
رۆڵی سەرۆكی هەرێم و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی، كاریگەریان لەسەر دید و تێڕاوانینی وڵاتان هەیە بەرانبەر ئەو هێرشەی كرایە سەر ماڵەكەی لە شاری دهۆك.
تورکیا
تورکیا لە سەر ئاستى وەزارەتى دەرەوە و سەرۆکایەتى کۆمار سەرکۆنەى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان کردووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکى هەرێم و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون، ههروهها به توندی ئەو هێرشە درۆنییەی سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکى هەریمى کوردستان لە دهۆک.
پێشتریش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێگەى تەلەفۆنەوە پەیوەندى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە کرد، لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆکى هەرێم لە دهۆک کرد، هەروەها جەختى لەسەر پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
ئێران
لەسەر ئاستی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک دەکات، عێراقچى وێڕای سەرکۆنەکردنی "کردەوە تیرۆریستییەکە"، هیوای تەندروستیی باش بۆ سەرۆکى هەرێم دەخوازێت..
لە لایەکى دیکەشەوە، سوپای پاسداران هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل و سەرەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە بە تاوانێکی تیرۆرستی
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سوپای پاسدارانی ئێران بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکى هەرێم لە دهۆک دەکات و بە تاوانێکی “تیرۆریستی” ئەمریکا و ئیسرائیلی ناو دەبات.
کۆمکارى وڵاتانى عەرەبى
ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیی لە رێگەى پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ سەرۆکى هەرێم بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کردووە کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردۆتەوە.
ئوردن
لەدواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێم شا عەبدوڵڵا، شاى ئوردن، لە نامهكهیدا، پرسه و سهرهخۆشیى خۆى و شانشینى ئوردنى به سهرۆك نێچیرڤان بارزانى و بنهماڵه و كهسوكارى شههیدانى هێرشه درۆنییهكهى 24ى ئهم مانگهى سهر سۆران رادەگەینێت و هیواى زووچاكبوونهوهى بۆ برینداران دەخوازێت، شای ئوردن هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە دوێنێ ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک به ئامانج گرت، هەروەها جهختى لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردەوە.
ئیمارات
لە سەر ئاستى وڵاتانى کەنداو ئیمارات، بە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکات، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان لە پەیوەندیەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکى توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات، هەروەها پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دووپات کردەوە.
كاردانەوەی وڵاتانی جیهان بەرانبەر هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە، هەندێك جار شانبەشانی ئەو وڵاتانە رۆڵی لە رێككەوتن و لێكنزكردنەوەی وڵاتان هەیە، لە پرسی كورد لە سووریا، سەرۆكی هەرێم لەگەڵ فەرەنسا و ئەمەریكا بەشدار بوو لە رێككەوتنی كورد و دیمەشق، ئەو بەشدارییانە كاریگەری لەسەر كاردانەوەكانی سەر ماڵەكەی هەبوو لە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە.
ئەمەریکا
ئیدارەی ئەمەریكا لە بەرزترین ئاست هاتە سەر خەت، ئێوارەی 2026/4/1 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیاوە پێگەیشت، باراک پەیامی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی گەیاند کە تیایدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات. هەر لە پەیامەکەدا ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و هاوخەمیی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕیوه و هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووه.
لە لایەکى دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە ئامانج گرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی. ئەمەریکا هێرشەکەی "بە نەگریس و تیرۆریستی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە کارانە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیا بریکارەکانییەوە لە عێراق ئەنجام دەدرێن".
بەریتانیا
لە لایەكی دیكەوە، خاتوو ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بە توندی هێرشهكانى سهر ههرێمى كوردستان و هێرشه درۆنییهكەی دوێنێى سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ لە دهۆک سهركۆنه كرد، هەروەها هاوخهمى و هاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون.
وهزیرى دهرهوهى بهریتانیا ههروهها جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.
فەرەنسا
دواى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاوى کردەوە، چەند ساتێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عیراق نێچیرڤان بارزانی قسەم کرد. پشتگیری خۆم بۆ بەرێزیان دووپاتکردەوە دوای هێرشە قبوڵنەکراوەکەی ئەم بەیانییە بۆ سەر ماڵەکەیان لە دهوک.
ماکرۆن دەشڵێت، ئەم پەرەسەندنە نیگەرانکەرانە ئاماژەن بۆ بەرزبونەوەی هێرشەکان دژی دامەزراوە عیراقییەکان، وەکو ئەو هێرشەی هەفتەی رابردوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش پێشمەرگە، بەم بۆنەیەش پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد. سەروەری عیراق، لە چوارچێوەکەشیدا کوردستان، پێویستە بۆ سەقامگیری ناوچەکە. دەبێت هەموو کارێک بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکرێت عیراق پەلەکێش بکرێت بۆ ناو ئەم گرژییە. فەرەنسا هاوشانی هاوبەشە عیراقییەکانی دەمێنێتەوە.
رووسیا
لە لایەکى دیکەوە، كۆنسوڵخانەی ڕووسیا لە هەولێر لە پەیامێكدا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، "نیگەرانیی قووڵی خۆمان" دەردەبڕین، لە "هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکان بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک پێشمەرگە و بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان."
هاوکات دەشڵێت، "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هەر کارێک دەکەین کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی عێراق هەبێت. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و لە رێگە سیاسی و دیپلۆماسییەوە، جیاوازییەکانیان نەهێڵن وسەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو سەقامگیربوونەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان دەخوازین."
ئەڵمانیا
حکومەتى ئەڵمانیا سەرکۆنەى هێرشەکەى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات، د.جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر به هێرشهكانى سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
ڤۆن گایەر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانهى کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بهئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکى هەرێم لە دهۆک. هەروەها جەختی کردەوە کە ئهڵمانیا بە بایەخەوە سەیری سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و پشتگیرى و هاوسۆزیی تەواوی وڵاتهكهى بۆ ههرێمى كوردستان دووپات کردەوە.
دەرئەنجام
رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نزیكردنەوەی لایەنە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچییەكان جێگەی پێزانینی پارتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق بووە. هێرشەکە ئەوەی نیشاندا کە سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی سیاسی و ئاسایشی هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە.
زۆربەی لایەنە ناخۆییەكانی هەرێمی كوردستان هێرشەكەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان وەسف كردووە، نەك تەنیا بۆ سەر ماڵی سەرۆكی هەرێم.
پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر ئەو كاردانەوە فراوانە هەبووە.
سەرۆكی هەرێم بۆتە بەشێك لە پارێزەری سەقامگیری ئاشتی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.
پارێزگاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنە كاریگەری لەسەر هەڵوێستی لایەنەكان هەبووە.
سەرچاوەکان:
* پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لاپەڕە: 137
** پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لاپەڕە: 178
*** پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لاپەڕە: 129
رۆژنامەى لۆمۆند رۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە رێککەوتنى سووریا و هەسەدە ئاشکرا دەکات
کۆشکى ئیلیزێ سوپاسى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەکات
ئیلاف: نێچیرڤان بارزانى ههرێمى كوردستانى كردووهته وێستگهیهكى گرنگى دیپلۆماسیهت
ماڵپهڕێكى ئهمریكى: رۆڵى نێچیرڤان بارزانى لهسهر ئاستى ناوچهكه دهردهكهوێت
لاپەڕەى فەرمى Bafel Jalal Talabani
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم دەكات
عەلی باپیر: هێرشی سەرماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێدانە لە سەروەری هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكی هەرێم هاتە دەنگ
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پهيامێكى پشتگيريى له ئهڵمانياوه پێدهگات
سەرۆکى ههرێمى كوردستان پهيامێكى سهرۆكى ئهمهريكاى پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆک ماکرۆنەوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆکوەزیران ئەلسوودانییەوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆکی ئیماراتەوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبییەوە پێگەیشت
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نامهيهكى لە شای ئوردنەوە پێگەیشت
مالیکی: هێرشکردنە سەر ماڵی بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکە بۆ نانەوەی ئاژاوە
قاسم ئەعرەجی: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی پێویستی بە هەڵوێستێکی تووندە
فراکسیۆنی بابلیۆن: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیەکی مەترسیدارە
پەیەدە: هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم پێشێلکارییەکی مەترسیدارە
سوپای پاسداران: هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی تاوانێکی تیرۆرستییە
عەبادی لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: ئەم جۆرە کارانە بە تەواوی رەتکراوەن
مەزڵوم عەبدی: سەقامگیریى هەرێمى کوردستان سەقامگیریى هەموو کورد و ناوچەکەیە
ڕووسیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات
کەنەکە: دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێ و ئەنجامدەرانی هێرشی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزابدرێن
بزووتنەوەی ئیسلامی: نێچیرڤان بارزانی فاکتەری ئاشتییە و سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەکەین
عەممار حەکیم: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەیە لە سەروەریی عێراق
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment