چۆن لەسەردەمی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم مافەكانی ڕۆژنامەنووسان بەیاسا دەستەبەر كرا؟ ناوخۆیی

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: چرا کوردستانی 

یەكێك لە دەستکەوتەكانی كورد لە باشووری كوردستان لە سەدەی بیستدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو حکوومەتە لە دەرئەنجامی هەوڵ و خەبات تێکۆشانی هەزاران ساڵەی گەلی کورد بوو، کە تاوەکو ئێستا نۆ کابینەی لێ پێکهاتووە، ئەگەر بێین خوێندنەوە بۆ ئەم کابینانە بکەیین و بەراوردیان بکەیین، دەبینین سەردەمی زێڕینی حکوومەت لە کابینەی پێنجەمدا خۆی دەبینێتەوە، کە لە ساڵی (2006 بۆ 2009) لە دەسەڵات بوو، بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، کە تیایدا چەندین گۆڕانکاری گەورە هاتنە ئاراوە و چەندین پرس بوونە جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانی كابینەی پێنجەم، یەکێک لەو پرسانە پرسی ڕۆژنامەگەریی بوو، لەم ڕاپۆرتەدا، هەوڵمان داوە تیشک بخەینەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریی لەو کابینەیەدا و وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە ئایە ئەو گۆرانکارییانە چی بوون کە لە سەردەمی حکومڕانی ئەو کابینەیەدا لە بواری ڕۆژنامەگەریی هاتنە ئاراوە؟

 

مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەریی کوردی

ڕۆژنامەی کوردستان کە یەکەمین ژمارەی لە (22)ـی نیسانی ساڵی (1898) لەلایەن (میقداد میدحەد بەدرخان) لە قاھیرە، بە زمانی کوردی بڵاوكرایەوە و (31) ژمارەی لێ دەرچوو، هاوکات ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی كوردی، بوو بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، كە بووە هەوێنی لە دایكبوونی سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕێکخراو لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بەشێوەیەک گەلی كوردی لە بوارەكانی كولتووری، سیاسی، زمان، ئابووری و زانستەوە هۆشیارکردەوە، ئەم ڕۆژنامەیە پازدە ڕۆژ جارێک ژمارەی نوێی لێ دەردەچوو، بەرهەڵستی عوسمانییەکانی دەکرد و لەلایەن کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە پشتگیتری دەکرا. یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بە زمانی کوردی کورمانجی دەرچوو، ئەمەش بێگومان بێ سەرکووتكردن و ئارێشە نەبوو، سەرباری فشاری عووسمانییەکان، تا (19)ـی نیسانی (1909) بەردەوامی دەبێت. 

 

ڕۆڵ و گرنگی ڕۆژنامە بۆ کورد

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەهێزترین هۆكارن لە گەیاندنی پەیام بە تاک و ڕۆژنامەوانی بە گشتی لە سەرانسەری دونیا ڕۆڵی باڵا لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بە باشی و خراپییەکانەوە دەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری بەسەر داڕشتنی سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارەداندا دەبینێت، ھەر خۆی بەکارھێنانی ڕۆژنامە و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتێکی کارا و کاریگەر دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە چۆن فیکر و ھزری کۆمەڵگە چ ئاراستەیەک وەردەگرێت.

(كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەڕین بەرپا بكەن ‌و هونەر‌و زانست فێر بن) دروشمی ڕۆژنامەی کوردستان بوو. ڕۆژنامەی کوردستان بووە بنەمایەک بۆ گەشەسەندنی هەست و هۆشیاری نەتەوەیی، هەر خودی ناوی ڕۆژنامەکە دەرخەری ئامانجی ئەو ڕۆژنامەیە بوو. یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەی کوردی ئەوە بوو، کە ژمارەکانی بە زمانی کوردی دەردەچوو، ئەگەرچی لە چوارەم ژمارەیەوە هەندێک لە بابەتەکانی بە زمانی تورکی بڵاودەکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی کوردی بە زمانێکی نووسراو و ستاندارد ئامادە دەکرد. پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکان، لەو سەردەمەدا زۆرجار زمانی کوردی بەسەر دەوری شیعریدا سنووردار بوو، لە قەوارەی ڕووداوە سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکاندا کەمتر بەکار دەهات، بەڵام ڕۆژنامەکان دەبوایە بڕیار بدەن کام دیالێکت و کام ڕێنووس بەکاربهێنن، ئەمەش بەخۆی کارێکی سیاسی و کولتووری بوو لەو سەردەمە. 

هەروەها بڵاوکردنەوەی تێڕوانینی مێژوویی و سیاسی، ڕۆژنامەکان تەنها هەواڵی ڕووداویان بڵاونەدەکردەوە، بابەتەکانیان لەسەر (مێژوویی، سیاسی، ئەدەبی) ئەمەش کارێکی سیاسی بوو، چونکە ئامانجەکەی خستنەڕووی مێژووی کوردەکان بوو، هاوکات وەک قەڵغانێکی بەرگری وابوو لە کولتوور و زمانی کوردی لە کاتێکدا دەوڵەتەکانی ناوچەکە سیاسەتی توانەوەی کوردیان پەیڕەو دەکرد، وەک قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە تورکیا، ڕۆژنامەکان بوونە قەڵای پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی.

 

ڕۆڵی کابینەی پێنجەم لە بواری ئازادی ڕۆژنامەگەریی

دوای ساڵانێك لە شەڕی ناوەخۆ و یەکتر کوشتنی کورد و دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو ئیدارەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ساڵی (1988) (ڕێکەوتنامەی واشنتۆن) بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خاتوو (مادلین ئۆڵبرایت)، لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان واژووکرا. ڕێکەوتنامەی واشنتۆن، بووە بنەمایەك بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ناوەخۆ وهەوڵی یەکخستنەوەی ئیدارەکانی کوردستان لە یەك حکومەت دا. ڕێکەوتی (22/2/2006) ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستان، لە دانیشتنی ژمارە (3)ـی نائاسایی خوولی دووەمی هەڵبژاردن، ساڵی (2006) ی خۆی بەست، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو سەرۆکی حکومەت، کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، عومەر فەتاح وەك جێگری سەرۆکی حکومەت، دیاری کران، دواتر سەرۆکی پەرلەمان کاندیدکردنی سەرۆك و جێگرەی سەرۆکی حکوومەتی کوردستانی خستە دەنگدان و بە تێکڕای دەنگ پەسەند کران. لە بەرواری (7/5/2006) متمانەدرا بە (نێچیرڤان بارزانی) وەکو سەرۆکی حکومەت و (عومەر فەتاح) وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت. 

کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەتێکی زۆری بە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەر و ڕاگەیاندن کرد. بە تایبەت بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی، بەڵام بەهۆی خراپی ئەرشیفی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و حکوومەتیش کە بەداخەوە گرنگی ئەوتۆی پێنەدراوە، تەنیا بەشێک لەو چالاکیانەی لەو سەردەمەدا لەو بوارە ئەنجامدراون بەردەستن. لە (2006/6/23) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی21 دەزگای میدیایی و ڕاگەیاندن کۆبووەوە بۆ بەدواداچوون و داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی. لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، "ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵی پێشەنگ و پیرۆز ببینێت لە پێشخستن و پەرەپێدانی وڵاتدا، کاری ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە کوردستاندا ئەزموونێکی نوێیە سەریهەڵداوە، تا ڕادەیەکیش پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، ڕاگەیاندن زیاتر کاری وروژاندن و بەرپرسیاریەتیە، ئەرکی چاودێریکردنی حکوومەتە بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان". هەر لە کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری ڕۆژنامەنووسان، بڕیاری پێداچوونەوە بە یاسای تیرۆر لە پەرلەرمان و دوو بڕگە یاساسی دیکەی عێراقی درا، کە هەندێک بڕگەی تێدابوو دەکرا لە دژی ڕۆژنامەنووسان بەکاربێت. 

هەر لە بواری ڕۆژنامەوانیدا، لەلایەن کابینەی پێنجەمەوە گرنگی بە هاتنە مەیدانی لاوانی ڕۆژنامەنووس دراو و دەرفەت و هاندانی تایبەت هەبوو بۆیان بۆ ئەوەش وەزارەتی وەرزش و لاوان خەڵاتی ڕۆژنامەنووسانی لاوی ڕاگەیاند، ڕۆژی (2007/4/23) لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وەزارەتی وەرزش و لاوان لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت (15)    ڕۆژنامەنووسی لاو لە بوارە جیاوازەکاندا خەڵاتکرد، بە مەبەستی پشتیوانی بۆ لاوان تا برەوی زیاتر بە بوارەکەیان بدەن. 

 

دەرکردنی پڕۆژە یاسای ڕۆژنامەگەریی

ڕۆژی (2007/3/10) دانیشتنی ژمارە (2)ـی خوولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتی عەدنان موفتی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ شەش پڕۆژە یاسا کرا، یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانەش، یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی بوو لە هەرێمی کوردستان، دواتر لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە ئاراستەی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان کرا، بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیانمەوە خوێندنەوەی وردی بۆ بکەن و ئامدەی کەن بۆ بەردەم پەرلەمان.

 دوای ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاساکە، ڕۆژی (2007/12/11) لە دانیشتنی ژمارە (33) خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای ڕۆژنامەگەریی خرایەڕوو، گفتوگۆی چڕی لەبارەیەوە کرا، لە ئەنجامدا یاسای ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند کرا. 

یاسای ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە (14) ماددە، لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا ماددەکانی (8,9,10,11,12,13,14) بەر لە پەسەندکردنیان گفتوگۆی چڕیان لەسەر کرا. ماددەی یەکەمی تایبەتە بە پێناسە و پرەنسیپەکان، ماددەی دووەمی تایبەتە بە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ماددەی سێیەم تایبەتە بە مەرجەکانی دەرکردنی ڕۆژنامە، ماددەی چوارەم تایبەتە بە سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ڕۆژنامە، ماددەی پێنجەم تایبەتە بە مافی خاوەن ئیمتیاز و خاوەندارییەتیەتەکانی، ماددەی شەشەم تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیازیی و ئەگەرەکانی بەردەم بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، ماددەی حەوتەم تایبەتە بە سەربەخۆیی و مافەکانی ڕۆژنامەنووس، ماددەی هەشتەم تایبەتە بە گرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر ڕۆژنامەنووس، ماددەی نۆیەم تایبەتە بە پێ ژماردن و دیاریکردنی بڕەکەی لە ئەگەری پێشێلکردنی بنەما ڕۆژنامەوانییەکان، ماددەی دەیەم تایبەتە بە دیاریکردنی ئەوەی ئەو حوکمانەی لە ماددەی نۆیەمدا هاتووە، ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپکراوانە ناگرێتەوە کە بە مەبەستی زانستی تەواو لەلایەن دەزگا فەرمی و زانکۆکان و سەنتەری توێژینەوەی زانستی دەهێنرێن. ماددەی یازدەهەم و دوازدەهەم و سێزدەهەم تایبەتن بە پابەندی بە یاساکان. 

 

گرنگی پڕۆژەیاسای ڕۆژنامەگەریی

پڕۆژە یاسای ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵ و گرنگییەکی تایبەتی هەبوو لە برەودان بە سێکتەری ڕاگەیاندن بە گشتی و ڕۆژنامەگەریی بە تایبەتی، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا توانرا گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروست بکات، وردە وردە خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر و سلێمانی لە دایکبوون و پێشانگاکانی کتێبیش بوژانەوە. لە بارەی گرنگی ئەم پڕۆژە یاسایە و کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی، نوری بێخاڵی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچە نێتی ڕاگەیاند "یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی لە کوردستان بۆ ئەو کات و ئێستاش، لە پەیوەست بە ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەنووسی و پەیوەندیی نێوان ڕۆژنامەنووسی و دادگا، یاسایەکی زۆر باش و دەسکەوتێکی گرنگ بوو و گرنگە. ڕاستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی پۆلیس و دادگاکان زۆر بە کەمیی لەبەر ڕۆشنایی ئەم یاسایە و بە گوێرەی ماددەکانی، سەرەدەر و مامەڵە لەگەڵ کەیسی ڕۆژنامەنووساندا دەکەن و هێشتا هەر بە یاساکانی سەردەمی بەعس مامەڵە دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا بوونی یاساکە لە نەبوونی باشتر بووە، هەرنا بەهۆیەوە ڕۆژنامەنووسان بەرچاویان ڕوونتر بووە و پۆلیس و دادگاکانیش کەم و زۆر چوونەتە ژێر باری.

لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم یاسایە وەڵامگۆی پێداویستییەکانی ئێستای دنیای میدیای دیجیتاڵی نییە، چونکە ئەو یاسایە تەنیا بۆ ڕۆژنامەنووسیی کلاسیک دەرچووە، بەتایبەتی میدیای کاغەزی، بۆیە زۆر پێویستە ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە و بەجۆرێک فراوان بکرێت، کە کاری میدیای دیجیتاڵی (سۆشیال میدیا و ماس میدیا) ڕێک بخات، چونکە ئەم میدیا مۆدێرنە، جگە لە مەترسیی هەواڵی ساختە و شێواندنی زانیاری، بەهۆی خراپ بەکارهێنانیشیەوە، بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر ژیانی تاکەکەس و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی. دیارە مەبەستی ئێمە لە هەموارکردنەوە و فراوانکردنی یاساکە سانسۆرکردن و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە دەزگا میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسەکان بە یاسا بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتیی پیشەیی و ئەخلاقی کاری ڕۆژنامەنووسییان.

 

ئازادی ڕۆژنامەگەریی

ئازادی ڕۆژنامەگەری بەشێکە لە ئازادی ڕادەڕبڕین، کە بنەمایەکی سەرەکی مافی مرۆڤە و لە سەرجەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا جەختی لە سەرکراوەتەوە. ڕێكخراوی یۆنسکۆ ڕۆژی (3)ـی ئایاری هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری داناوە، مەبەست لەمەش ئاگادارکردنەوەی حکوومەتەکانە بۆ ڕێزگرتن لەم ئازادییە و سازدانی زەمینەی لەباری پاراستن و دەستنیشانکردنی پێشێلکاری و ئاڵنگاری ئەم بوارە. بەهەمان شێوە ئەم ڕۆژە ئاگادارکردنەوەیکی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانە سەبارەت بە بابەتەکانی ئازادی و ڕەوشتی ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسیاریان. 

هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوون و داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی هەوڵەکانی چڕ کردبوویەوە، لە پڕۆژە یاساکەدا زۆر ئیمتیازی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان درا و بەرگری لە ماف و پاراستنیان کرا بە یاسا، بەڵام لە هەندێ مادەشدا جۆرێک لە سنووردارکردنی کاری ڕۆژنامەنووسی دەبینرا، بۆیە پەسەندکردنی یاساکە ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی بەدوای خۆیدا هێنا، پێیان وابوو لە ڕێی ئەو یاسایەوە ئازادییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی بەرتەسک دەبێتەوە لە کوردستان. دوای ئەوەی بۆ واژۆکردن پڕۆژە یاساکە ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم کرا، سەرۆک بارزانی ئامادە نەبوو واژۆی بکات و گەڕاندییەوە پەرلەمان و داوای کرد لەژێر ڕۆشنایی ئازادییەکانی ڕۆژنامەگەری و بیروڕا و لەسەر بنەما ستانداردە جیهانی و نێودەوڵەتییەکانی کاری ڕۆژنامەگەریدا، پێداچوونەوە بە هەموو یاساکەدا بکرێت وهەموار بکرێتەوە. 

ڕۆژی (2008/5/27) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا باس لە چەند پرسێک سەبارەت بە کوردستان و عێراق دەکات، یەکێک لەو پرسانەش پرسی ئازادی ڕۆژنامەوانییە و دەڵێت،‌‌ پێویستە بە پلەی یەک ڕەچاوی پڕەنسیپی ئازادیی ڕۆژنامەوانی بکرێت و بپارێزرێت، ئەم پڕەنسیپەش پێویستە پەسەند بکرێت، کە یەکێکە لەو دروشمانەی لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە و دەبێت لەسەریشی بەردەوام بین" هەروەها دەشڵێت، "لە کوردستان کێشە ئەوە نییە ڕۆژنامەنووس مافی قسەکردن یان ڕادەربڕینی نییە، گەر ڕۆژانە سەیری ڕۆژنامەکان بکەیت، دەتوانی دەیان بابەت و ڕەخنە ببینی کە دژی حکوومەت و سەرکردایەتی کورد بڵاو کراوەتەوە، ئەمانەش زۆر بە ئاسایی وەردەگرین، کێشەکە لەوە دایە، بە پێی ئەو یاسایەی پێشتر لە عێراقدا هەبووە، هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کراوە". 

هەروەها لە ڕۆژی (2007/11/20) فیستیڤاڵی گەلاوێژدا لە شاری سلێمانی، نیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا باسی لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی، "ئێمە وەک میللەت تازە دەکەوینە ناو ژیانی دیموکراسی و هێشتا ئەزموونی ئەو قۆناغەمان تەواو نییە، زۆرجار هەواڵێکی چەوت یان ڕەخنەیەکی بێویژدانانە، دەبێتە هۆی ڕووخانی ورەی جەماوەر. وشە بەرپرسیاریەتییە، وشە بوێر و ڕاستگۆییە" هەر لە وتارەکەدا سەرۆکی حکوومەت نووسەران و ڕۆژنامەنووسان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی و پێیان دەڵیت، "خۆتان بە ڕاوێژکاری حکوومەتی هەرێم بزانن"، بەڵێنیشیان پێدەدات "ئێمەش ئاگامان لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەی کوردی هەیە، ئاگامان لە بۆچوونی ڕۆشنبیران و نووسەرانە، بۆچوونەکانیشیان ڕەچاو دەکەیین و بە هەند وەردەگرین".

 

ئەنجام

ــ سەردەمی زێڕینی رۆژنامەگەریی، دەتوانین بڵێن لە کابینەی پێنجەمدا خۆی دەبینێتەوە، لەساڵانی (2006 بۆ 2009) ، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی کە تیایدا چەندین گۆڕانکاری گەورە هاتنە ئاراوە و چەندین پرس بوونە جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانی حكومەتی هەرێم.

ــ ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە سەردەمی کابینەی پێنجەمدا گەیشتە ترۆپک، هەر لە سەرەتای پێکهێنانییەوە بە بەردەوامیی کاری بۆ گەشەسەندنی ئەم بوارە کردووە. 

ــ بایەخدانی ئەو کابینەیە بە پرسی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن، نیشانەی ئاگایی سەرۆکی حکوومەت، نێچیرڤان بارزانی بووە، نیشانەی هەستکردنی بووە بە گرنگی و پێویستی بوونی ئازادی لە پڕۆسەی ڕۆژنامەگەرییدا. هەر ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان بەردەوام جێگەی سەرەنجی وڵاتان بێت.

 

سەرچاوەکان

یەكەم: كتێب

  • متمانە و بونیادنان، ڕزگار ڕەزا چووچانی، 2022، هەولێر.
  • پەرتەوازەیی و یەکڕیزی، ڕزگار ڕەزا چووچانی، ب1، 2024، هەولێر.
  • گەران بەدوای مرواری، ڕۆژنامەوانی کوردی، نەجاتی عەبدوڵلا، کتێبی سێیەم، 2023، هەولێر.
  • ئینساکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی، جەمال خەزنەدار، 2022، هەولێر. 
  • دەیەی زێڕینی کوردستان، ئاژانسی شەفەق نیوز، و. نووری بێخاڵی، 2025، سلێمانی. 
  • کۆبەرهەمی فەلەکەدین کاکەیی، بەرگی چوارەم، 2015، هەولێر. 
  • کابینەی پێنجەم لە دیدی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، سەعد هەمەوەندی، سەنگەر حوسێن.
  • کوردستانیکا، دەستەی ئینساکلۆپیدیا لە ئەکادیمیای کوردی، 2023، هەولێر. 

دووەم: لێدوانی تایبەت

  • نووری بێخاڵی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس.

سێیەم: ماڵپەڕ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین