لە چەند رۆژی داهاتوو چەكدانانی پەكەكە دەست پێدەكات کوردستانی

نوچەنێت

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو، ژمارویەك گەریلای پارتی كرێكاران (پەكەكە) وەك نیازپاكیەك چەكەكانیان دابنێن، ئەو هەنگاوەی پەكەكە لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییە لە توركیا.

ئەمڕۆ دووشەممە (30/حوزەیران2025)  ماڵپەڕی روداو بڵاوی كردەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، چەک دابنێن.

ماڵپەڕەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان زانیاری وەرگرتووە و، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، رێوڕەسمی چەکدانانەکە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تەممووز و لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوە و دوای ئەوە پرۆسەی چەکدادانەکە دەست پێدەکات.

 دوو سەرچاوەکە دەڵێن، لەنێوان(03 بۆ 10)ـی تەممووز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان (20 بۆ 30) کەس دا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.

 لەبارەی چارەنووسی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن، سەرچاوەکان گوتیان، "گەریلاکان لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی ئێستا لێیدەژین ، واتە ناگەڕێنەوە نێو شارەکانیان".

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن "ئەگەر گۆڕانی سیاسیی خێرای چاوەڕوانەکراو روونەدات، پلانی چەکدانانەکە لەکاتی دیاریکراودا وەک خۆی بەڕێوەدەچێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین