ترەمپ و ناتەنیاهو لەبارەی داهاتووی غەزە كۆدەبنەوە کوردستانی

نوچە نێت

ئەگەرچی ناکۆکییە سەربازییەکان لە غەزە زیادیکردووە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل بەردەوام غەزە بۆردومان دەکەن، لە لایەکی ترەوە، "بەرپرسانی ئیسرائیل لە واشنتۆن گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست دەکەن".

ڕۆژی سێشەممە (یەکی تەمموز/2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتۆن دەكات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی بۆ هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە.

هاوکات لە بەیاننامەیەکدا بنیامین ناتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بەنیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەزە و ئیسرائیل، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی تری ئەمەریکا کۆدەبێتەوە لەوانە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەزیری بازرگانی هاوارد لوتنیک .

لە سەرەتای ئەمساڵەوە گفتوگۆکان دەربارەی درێژەدان بە ئاگربەستی نێوان غەزە و ئیسرائیل وەستاون و هێشتا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ گەڕێکی نوێی دانووستاندن و ڕاگەیاندنی ئاگربەست. بەرپرسانی حەماس دەڵێن، ئامادەن هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن تەنها وەک بەشێک لە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە تەنها چەک داماڵینی حەماس کۆتایی شەڕەکەیە.

لە (7)ی تشرینی یەکەمی (2023) چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، (1,200) هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان هاووڵاتییانیسڤیل بوون و (251) بارمتە ڕفێندران بۆ غەزە. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەزە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە (56) هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون گیانیان لەدەستداوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین