سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى باڵیۆزى فینله‌ندا ده‌كات کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزى فینله‌ندا له‌ عێراق كۆبووەوە و تیایدا "خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پته‌وكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فینله‌ندا دووپات كرده‌وه‌."

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (سێی تەمووز/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ مه‌به‌ستى ماڵئاواییلێكردن، پێشوازیی له‌ ئانو سارێلا، باڵیۆزى فینله‌ندا له‌ عێراق كرد.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، لە كۆبوونەوەكەدا "بۆ ئه‌رك و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو بره‌ودان بە په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراقدا، سوپاس و پێزانینى پێشكه‌ش به‌ خاتوو سارێلا كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پته‌وكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فینله‌ندا دووپات كرده‌وه‌."

بە گوێرەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو سارێلا "ستایشى هاریكاریى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ڵ خۆى و ستافه‌كه‌ى له‌ ماوەی كاركردنیدا كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و هه‌میشه‌ خوازیاره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، هاریكاریى هاوبه‌شیان فراوانتر بكه‌ن."

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونەوەكەدا، هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە،  په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئاماده‌یى و ڕۆڵى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان، خرانه‌ به‌ر باس."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین