بارەگای بارزانی: بەغدا بەڵێنی داوە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات کوردستانی

نوچە نێت

بارەگای بارزانی پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین."

ئەمڕۆ شەممە (12/تەممووز/2025) بارەگای بارزانی سەبارەت بە كێشەكانی هەولێر-بەغدا لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، "مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە"، بەڵام ئەمڕۆ " د. فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت. "

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی بارەگای بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە.

بەڵام هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت. 

هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.

بارەگای بارزانی

12ی تەممووزی 2025

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین