سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئیستۆنیا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هانۆ پێڤكور، وه‌زیرى به‌رگریى ئیستۆنیا كۆبووەو و تیایدا وه‌زیرى به‌رگریى ئیستۆنیا "جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ خواستی وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانکردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و پەرەپێدانی هاریكاریى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا" خستەڕوو.

به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (16/تەممووز/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ هانۆ پێڤكور، وه‌زیرى به‌رگریى ئیستۆنیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك و وه‌زیری كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى هاریكاریى ئه‌منى و به‌رگریدا و ڕۆڵى ئیستۆنیا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا، تاوتوێ كران.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەكە، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیری و یارمه‌تییه‌كانى ئیستۆنیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ ئیستۆنیا نیشان دا."

وه‌زیرى به‌رگریى ئیستۆنیا لە بەرامبەردا، وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ خواستی وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانکردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و پەرەپێدانی هاریكاریى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، "ستایش و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشکاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا" ده‌ربڕى.

دەشڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى سووریا، دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین