هەر دوو سەرۆک مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی پشتگیری خەباتی ژنیان دەکرد دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

ژنێکی بە ویقار و رووخۆشە، پڕە لە هەستی نەتەوەیی و یاخیبوونی ڕەگەزی، بە تەواوی خەسڵەتەکانی خانمێکی رەسەنی کوردی تێدایە، وێڕای رووخۆشی، جوانی و سەلیقەی جێگەی سەرنجە، ئەو دەڵیت: لەگەڵ ئەوەی خیزانەکەم خۆپارێز بوون، بەڵام من هەمیشە ئینتیما و خۆشەویستی کوردستان لە ناخمدا بوو، بۆیە بەبێ ئاگاداری خێزانەکەم هەندێ کارم دەکرد کە زۆرجار مەترسی لەسەر ژیانیشم هەبوو.

نەهلە محەمەد سەعدوڵلا، خەڵکی قەڵاتی هەولێرە، قۆناغی بنەڕەتی لە شاری هەولێر خوێندووە، دواتر لە زانکۆی تەکنەلۆجی بەغدا وەرگیراوەو خوێندنی زانکۆی لەوێ تەواوکردووە. ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، لە ساڵی1992. 

خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکەم ئەزموونی دیموکراسی هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، کە لەلایەن دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان راگەیێندرا، کەبەسیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی (لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان)و لیستی ھاوبەشی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشان)، ھاتنە نێو پەرلەمان لە کۆی 105 کورسی پەرلەمان ھەریەک لە یەکێتی و پارتی50% ی کورسییەکانیان بەرکەوت.

بەپێی بریارێکی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی کە لە (8\4\1992) دەرچوو (5) کورسی بۆ مەسیحیەکانی کوردستان تەرخان کرا، کە ٤ ئەندامیان لە لیستی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و 1 ئەندامیش بۆ لیستی یەکگرتووی مەسیحییەکانی کوردستان تەرخان کرا.

لە ساڵی 1992دوای راپەڕین بوو، هێشتا ڕژێمی بەعس لە قوشتەپەی نزیک هەولێربوو، مەترسی ترس و تۆقین بەسەر خەڵکەوە مابوو، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەستەم بوو ئافرەت بەشداری سیاسی بکات، بۆیە نەهلە سەعدوڵلڵا دەڵێت"لە کۆی سەدوپێنج کەس لە پەرلەمان تەنیا حەوت ژن بووین، چونکە ژنان بە داواکاری حزبەکانیشیان نەدەهاتنە پەرلەمان، لەسەر ئاستی هەولێر لەناو هەموو حزبەکان تەنیا ژن بووم، چونکە کە داوایان لە ژنان دەکرد ببن بە ئەندام پەرلەمان دەیانگوت، دەبێت مێردەکەشمان لە گەڵمان بێت، ئەو کاتەش جگە لە ڕێگری نەریتی کۆمەڵایەتی، رژێمی بەعس دەهەزار دیناری سویسری بۆ هەر کەسێک دانابوو کە ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان تیرۆربکات".

لە کاتی شەڕی ناوخۆ 101 ڕۆژ لە ناو بینای پەرلەمان پەناگیربووین لە دژی شەڕ

نەهلە یەکێک لەو ژنانەیە کە رچەشکێن بووە، پەیڕەوی پۆشینی عەبا و پەچەو مانەوەی ژنی لە چوارچێوەی ماڵ نەکردووە، بۆیە لە هەندێ قۆناغەکانی ژیانی ناچاربووە ڕووبەڕووی خێزانەکەی بێتەوە ، هەروەها دووەم ژن بووە لە شاری هەولێر کە مۆلەتی شوفێری دەرهێناوەو شوفێری کوردووە" ژنان ناچاردەکران بە عەبا و پەچەوە بڕۆنە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بەڵام من ئەوەم ڕەتدەکردەوەو بەبێ عەبا و پەچە دەڕۆیشتمە بازاڕ بێ گومان ئەوەش یاخیبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی دەوێت".

نەریتە باوەکان لە کۆمەڵگە دواکەوتوو، هەمیشە تواناکان دەکوژێت بە تایبەتی تواناکانی ژن، لە سەرەتای تەمەنی کچەوە دەیانەوێت کچێکی گوێڕایەڵ و شەرمن بۆ بە شودان ئامادەبکەن، بۆیە هەمیشە ئەو ژنانەی کە فکریان ئازادە دەبێت شەڕ لەگەڵ نەریتی باو بکەن.

نەهلە باس لە خۆپیشاندانێک دەکات کە لە قۆناغی تازە پێگەیشتنی ئەو لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە، کاتێک زانیویەتی دروشمی نەتەوەیی تێدا دەگوترێتەوە بە دزی خێزانەکەیەوە چووەتە پاڵ خۆپیشاندانەکە "ڕۆژێک لە قشڵە بینیم ژنێک بە عەباو پەچەوە پێش کۆمەڵێک کەس کەوتبوو دروشمی دەگوتەوە، ژنەکە دەیگوت، پێشڕەوی کورد پارتییە ئەوانیتریش دەیانگوت سەرۆکمان بارزانییە، ئەمڕۆ مەلا میوانە، قۆندەرەی لەسەرچاوانە، منیش بە دەنگی بەرز دروشمەکانم دەگوتەوە ، لەگەڵیان بووم تا خۆپیشاندانەکە تەواوبوو، بەردەوام هەستم دەکرد وزەیەکی زۆری کوردایەتیم هەیەو دەمویست ئیشی بۆبکەم، بەڵام خێزانەکەی من زۆر خۆپارێزبوون و تێکەڵی سیاسەت نەدەبوون، بابم دەیگوت سیاسەت ماڵوێرانییە بەڵام من گوێم نەدەگرت".

نەهلە لە سەرەتای گەنجییەوە ئاشنای کوڕێک دەبێت کە سەر بە کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەبێت" لە شەشی ئامادەییەوە هاوسەرەکەمم ناسی و پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبوو، ئەو پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە هەبوو، هەردووکمان قوتابی زانکۆبووین، هەندێک هاوڕێی ئەو لەلایەن حزبی بەعسەوە دەستگیرکرابوون، ئێمە دەچووینە سەردانیان، هەروەها خۆشەویستی هاوڕێیەکی منیش لە زیندان بوو، ئێمەش بەردەوام سەردانمان دەکرد بۆیە ڕۆژێک بەڕێوەبەری زیندانەکە بانگی کردم، ئەوکاتە من قۆناغی سێ بووم، تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆربووم".

لە قۆناغی گەنجێتیم بەشداریم لە خۆپیشاندانەکان دەکرد

نەهلە وێڕای کەمی تەمەنی توانیویەتی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری زیندانەکە بداتەوەو خۆی دەربازبکات "بەڕێوەبەری زیندانەکە پیی گوتم، تۆ مارکسی منیش لە وەڵامدا گوتم، هەرنازانم مارکسی چییە. من لەگەڵ هاوڕێیەکم سەردانی ئێرە دەکەم ئەگەرنا کەس ناناسام، بەڵام بەپێی پەروەردەی خۆم سڵاو و هەواڵ پرسین لە کەسانی دەوروبەرم دەکەم. بۆیە بەڕێوەبەرەکە گوتی، باشە بڕۆ بەڵام جارێکی تر لێرە نەتبینمەوە".

نەهلە سەعدوڵڵا لە ساڵی 1979 لە زانکۆ بە پلەی یەکەم دەرچووە و بووە بە مامۆستا، لە ساڵی 1981 پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دڵشاد عەبدوڵڵا ئەنجام داوە. دایکی سێ کچ و کوڕێکە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعس، لە کاتی دەرچوونی قوتابییان و دامەزرانیان دەبوایە (ئیمزای بەعسی بوون) بکەن، بەڵام نەهلە ئەو ئیمزاکردنەوەی ڕەتکردووەتەوە، بۆیە بەردەوام لە ژێر چاودێریدا بووە و بە بانگکردن لە لایەن پیاوانی ئەمنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکەی بێزارکراوە " مانگانە یەک دووجار بانگی من و هاوڕێکانمانیان دەکرد بۆئەوەی ئیمزا بکەین، بەڵام کە من نەمدەکرد ئەوانی دیکەش سەیری منیان دەکرد و ئیمزایان نەدەکرد، بۆیە زوو بیانوویان پێدەگرتین و بێزاریان دەکردین".

ئەو ژنە خەباتگێڕە باس لە سەردانێکی خۆی بۆ لای هاوسەرە پێشمەرگەکەی دەکات، کە چۆن لە لایەن دەزگای ئەمنی بەعس ڕێگایان لێگیراوە"کاتێک دەمانویست بڕۆن بۆ لای هاوسەرەکەم لە پاسەکە دایان گرتین و لێکۆڵینەوەیەکی زۆریان لەگەڵ کردین، ئەوەبوو من گوتم پیاوێک دەناسم کە کەسایەتییەکی گرنگی ئەو ناوچەیەبوو، بەبێ ئەوەی بیناسم گوتم هاتووین بۆ ماڵی ئەو، ئەوەبوو بەبێ ئەوەی بیناسم ئەویش گوتی ڕاستە، بەمجۆرە ڕزگارمان بوو".

لە دوای راپەڕین و هاتنە خوارەوەی پێشمەرگە، نەهلە بەردەوام دەبێت لە خەبات و لە ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان درێژە بە خەباتکردن دەدات" ئەو کاتە پێشمەرگە هاتنە ناوشار هەموومان لە خۆشیا شاگەشگە بووین، ئەوکاتە پێشمەرگە زۆر پیرۆز و بە هەیبەت بوو لای هەموومان، بۆیە کەس جیاوازی نەدەکرد و هەموومان وەکو کەسی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵ دەکردن".

دوای ئەوەی بەرەی کوردستانی بڕیاری دامەزراندنی پەرلەمان و ئەنجام دانی هەڵبژاردن دەدات، داوا لە نەهلە دەکرێت ببێت بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان"ئەوکاتەی من بووم بە ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، ژنان نەدەبوونە ئەندام پەرلەمان، وێڕای ڕیگری نەریتی کۆمەڵایەتی، ترس لە ڕژێمی سەدامیش هەبوو لە هەولێر نزیک بوون، بۆیە هەموو کەس ئەو بوێرییەی تێدانەبوو".

خێزانی نەهلە و خێزانی هاوسەرەکەشی نەیانویستووە ببێت بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام هاوسەرە ڕۆژنامەنووسەکەی پاڵپشتی بووەو بووەتە یەکەم ژن کە لە هەولێر ببێتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر ئاستی هەموو حزبەکان" ماڵی خەزورم و ماڵی باوکیشم حەزیان نەدەکرد ببم بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام دڵشاد عەبدوڵڵای هاوسەرم عەقڵیەتی کراوەبوو هانیدام و پشتگیریشی کردم، بۆیە سەرکەوتووبووم".

نەهلە باس لە شێواز وبیرکردنەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی ئەوکات دەکات و دەڵێت "ئەو کاتەی ئێمە ئەندامی پەرلەمان بووین، هەموو بیرکردنەوەو هەوڵمان بۆئەوەبوو کە خزمەتی کوردستان و خەڵک بکەین، هەموو پڕۆژەو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەبوو، لە کاتێکدا ئەزموونی پەرلەمانیمان نەبوو، خەمی گەورەمان خەمی خەڵک بوو، خەڵکی سەنگین و نیشتیمان پەروەر ئەندامی پەرلەمان بوون، سەنگ و قورسایی پەرلەمان بەرچاو بوو".

نەهلە سەعدوڵڵا باس لە خراپی ڕۆڵی ئەندام پەرلەمانەکانی ئێستا دەکات لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان" ئەوکاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، شەڕیان دەکرد ئێمە 59کەس لە فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی، 101رۆژ لە پەرلەمان دژی شەڕی ناوخۆ پەناگیربووین، هەموومان خاوەن ماڵ و منداڵ بووین بەڵام ماڵ و منداڵمان بەجێهێشت و دژی شەڕی ناوخۆ وەستاینەوە". 

لە کاتی شەڕی ناوخۆدا نەک هەر لە کارکردن وەستاون بەڵکو لیژنەیان دروست کردووە" لە کاتی شەڕی ناوخۆدا جیا لەوەی دژی شەڕ وەستاینەوە، لیژنەمان دروستکرد و سەردانی بەرەی شەڕمان دەکرد، کە دەهاتینەوە دەمانکرد بە راپۆرت و باسی زیانەکانمان دەکرد و دەماندایە سەرووی خۆمان". 

نەهلە ئاماژە بە دەستەکەوتەکانی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات" بناغەی دامەزراندنی حکوومەت و یاساکان بەرهەمی خولی یەکەمی پەرلەمانن، جگە لەوەی یاسای درووستکردنی حکوومەت لە لایەن ئێمە دەرچوو هەروەها کۆمەڵێک یاسای باشمان دەکرد، وەکو مۆڵەتی دایکایەتی بە موچەوە".

نەهلە ئاماژە بە پاڵپشتی هەردوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ ژنان" مام جەلال بە ڕەحمەت بێت هەمیشە پشتگیری ئێمەی ژنانی دەکرد، هەروەها کاک نێچیرڤان بارزانی بە پلەی یەکەم لە دەرکردنی یاسای باش پشتگیری دەکردین، کاک نێچیرڤان کەسێکی کراوەیەو هەمیشە پشتگیری دۆخی ژنان دەکات، وەک دەبینین لە هەموو بۆنەکان بە گرنگیدانەوە بەشداری دەکات و وتە پێشکەش دەکات، ئێستاش دەبینم کە چەند سەرکردەیەکی دبلۆماسییە، هەروەها بە دڵسۆزییەوە پاڵپشتی ژنان دەکات". 

لە دوای کاری پەرلەمانی نەهلە لە کارکردن دانەبڕاوە، بەڵکو لە ساڵی 2007یەکێتی پەرلەمانتاران دامەزراوە" من لە دەستەی بەڕێوەبردن هەڵبژێردرام، زۆر چالاک بووین و کاری زۆر باشمان کرد، دواتر بۆردێکمان دروستکرد بە ناوی بۆردی ژنانی ئازاد، ئەم بۆردەش زۆر چالاک بووین و کارمان بۆ ژن دەکرد، جارێک داوای بینینی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانمان کرد لە عیراق، ئەویش گوتبووی بۆچی ئەوان دێن من خۆم دەڕۆم بۆلایان، ئەوەبوو هاتە هەولێر بۆ لامان، بەڵام بانگهێشتی ڕاگەیاندنمان نەکرد، دواتر گوتی لیژنەیەکمان هەیە بۆ چاودێری لە بەغدا، چاودێری ڕەوشی ژنیش لێرە بە ئێوە دەسپێرم".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین