د.چنار سەعد: کار بۆئەوە دەکەین پرسی ئافرەت لەکوردستان ئەوەندە بچێتە پێش ئیتر پێویستمان بە کۆتا نەبێت
چنار خۆشناو
د. چنار سەعد عبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ویاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە بەشداری کارای ئافرەتان دەکات لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراق و دەڵێت: بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەیەکمان ڕاگەیاند و ئەنجامی باشمان بە دەستهێنا.
نوچەنێت: پلان و کارنامەی هێزوتوانای ئافرەتان، بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و هاتنە پێشەوەی ئافرەتان یەکێک بوو لە پڕۆژەکانی بەڕێزتان، ئامانج لەم پرۆژەیە چی بوو؟
د.چنار: پڕۆسەی هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی چارەنوسسازە، پەیوەندی بە دیاریکردنی چارەنوسی هەموو تاکەکانی گۆمەڵگەوە هەیە، ئافرەت بەشێکی گرنگی ئەم کۆمەڵگەیە، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، هەر لە خەباتی نهێنی و شاخەوە تاکو خەباتی مەدەنی، ئافرەتان بەشدارێکی کاریگەر بوونە، بۆیە ئەمڕۆش لە پرۆسەی سیاسیدا پێویستە ئافرەتان لە ڕێزی پێشەوە بن.
پێموایە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند کە تەنیا گلەیی بکەین و بڵێین، بەشخواراوین. پێویستە ئیتر بەشێوەیەکی کارا و بە کردار لە گۆڕەپانەکە بین. بۆئەم مەبەستەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی پارتیمان کاک (نێچیرڤان بارزانی) چاڵنجی بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگی ڕاگەیاند، پێمان وابوو ئەو یەک ملیۆن دەنگ و زێدەترە بە دەنگی ئافرەتان مسۆگەر دەبێت، هاتین بە هاشتاگێک و کۆمەڵێک بەرنامەی جیاواز دەستمان پێکرد و کارەکانمان بەشێوەی گروپ ئەنجام دەدا.
هەنگاوێکی تر کە گڕوتینی زیاتری پێداین، دیداری سەرۆک بارزانی بوو گردبوونەوەیەکی ئافرەتان لە پارێزگای دهۆک، بە-بەشداری ئەندامانی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی وئافرەتانی پارتی، لەم کۆبوونەوەیەدا جەنابی سەرۆک پەیامی تایبەتی خۆی بۆ ئافرەتان ڕاگەیاند و بووە هۆکاری هاندانی ئافرەتان بۆ ناو ئەو پڕۆسەیە، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم چاڵنجەکەی ئێمە سەرکەوت.
کاتێک من ڕێژەکانم بەرواورد کرد، دەنگی تایبەت بەلاوە دەنێین، لەبەر ئەوەی دەنگدانی تایبەت هەر خۆی بەفەرمی لە "لەشکر لە هێزەکانی ناوخۆ" ڕێژەی زۆرترینی ئەوانەی کە لەو کەرتە ئیش دەکەن پیاون، ڕێژەی ئافرەت لەو کەرتە کەمە، بەڵام کەدەنگدانی تایبەتمان لە دەنگدانی گشتی، دەرهێنا بۆمان دەرکەوت لە سنوری پارێزگای هەولێر، ڕێژەی دەنگی ئافرەت پەنجاو یەک لەسەد ٪٥١ ، چل ونۆ لەسەد ٪٤٩ دەنگدەری پیاوە، بۆیە ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە ئاماژەیە بەوەی ئێمەش لەم چاڵنجە سەرکەوتین.
چاڵنجەکەی ئافرەتانیش سەرکەوت
نوچەنێت: نهێنی سەرکەوتنی چاڵنجەکەی ڕێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی چی بوو؟
د.چنار: بەڕێز کاک "نێچیرڤان بارزانی" بە ئەزمونی لە حوکمڕانی لە ئیدارە، لە سەرۆکایەتی هەرێم خۆی وەک و کەسایەتییەکی سیاسی سەرکردەیەکی سیاسی دیار لەناو کاری حزبایەتی، پارتایەتی و نیشتیمان پەروەری، مێژووی خۆی و خانەوادەکەی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزی هەیە، سەرکردەیەکی کاریزمییە و خۆشەویستی تایبەتی لەناو دڵی هاوڵاتیانی کوردستان هەیە بەبێ جیاوازی.
ئەو سەرکردانە کەمن، کە لە دەرەوەی حزبی خۆیان خۆشەویست بن، کاک نێچیرڤان، لەلای خەڵکی بێ لایەن خۆشەویستە و پێگەی تایبەتی هەیە، بۆیە کاک نێچیرڤان بارزانی کە ئەو چاڵنجەی ڕایگەیاند، تەکانێکیدا بە پڕۆسەکە و هەموو چین و توێژەکان، بەئافرەت، گەنج ولاو، بە خوێندەوارو خەڵکی خاوەن بڕوانامە، تێکۆشەر، سیاسی وڕۆشنبیر بەدەمییەوە هاتن. خۆشەویستی ئەو لە ناو خەڵك، یەکێک لە نهێنەکانی سەرکەوتنی چاڵنجەکە بوو.
بێگومان پشتیوانی بەڕێز کاک "مسرور بارزانی" وەکو تەواوکەری پاکێجەکە وەکو سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی و ئەویش وەکو هێزێکی دیکەی ئەم پڕۆسەیە، هێزێکی دیکەی بە چاڵنجەکە بەخشی و بووە هۆکاری ئەوەی کە سەرکەوتنی چاڵنجەکە مسۆگەر بکات.
ئێمە شانازی بەوسەرکەوتنە دەکەین، بەڵام باری ئێمەی قورس کرد، لەبەر ئەوەی ئێمە لەمەولا ئیتر لەڵێڤڵەکە لە ئاستێکین دەبێت ئەم ملیۆن و سەروترە بپارێزین، هەروەها لەهەڵبژاردنەکانی داهاتو دەبێت زیاترو زیاتریش سەربکەوین، بۆیە ئەمە جگە لە وەی دەسکەوتە بەرپرسیارییەتێکی قورسی بۆ ئەندام و هەوادارو پارتییەکان دروستکرد.
نوچەنێت: بەڕێزتان پەرلەمانتار بوون و ئەزموونت هەیە، پێت وایە سیستەمی هەڵبژاردن و یاسا غەدر لە پارتی دەکات بەپێی ئەم ڕێژە دەنگە زۆرەی هێناویەتی؟
د.چنار: بێگومان سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەو جاری پێشوش هی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەداخەوە نیەتەکە بەو ئاڕاستەیە کە زیان بە ئێمە بگەیەنێت، بۆ نمونە دەسکاری کردنی کورسی کۆتاکان، دروستکردنی بازنەی جیاواز و دابەشکردنی کۆتا بەسەر هەندێ ناوچە، کە لە بنەڕەتدا پێکهاتەکان بەو قەبارەیەی لەوێ نین، بۆیە ئامانجەکان دیارن و ئێمە دەزانین، ئامانجیان بەو ئاڕاستەیە بوو پارتی چۆن بشکێ یان چۆن لاوازی بکەن.
ئەو سیستەمی هەڵبژاردنە زۆر ناداد پەروەرە لەبەر ئەوەی خەڵکێک هەیە بە چواردە هەزاردەنگ لە پارێزگایەک یەکەم بووە، یان خەڵکێک هەیە بە ڕێژەیەکی کەم توانیویەتی سی کورسی و چل کورسی بەدەست بهێنێت، ئەو "ڕێژە بەرزە" دەنگەی ئێمە لەبەر ئەوەی لەناو چەند بازنەیەک قەتیس کراوە" ئەگەر ئەوە بکرێتە قەبارەی کورسی و یەک بازنە بوایە ئەوە چل تا پەنجا کورسیمان بەدەست دەهێنا، ئێمە ئەزموونمان هەیە لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئەوکات عێراق یەک بازنە بوو، لیستی کوردستانی ٦٥ کورسی بەدەست هێناوە.
لەبەرئەم هۆکارەیە کە جەنابی "سەرۆک بارزانی و پارتی" پێداگرن لەسەر گۆڕینی ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی میکانیزمێکی تر بدۆزرێتەوە داد پەروەری زیاتری تێدابێت. بۆ ئەوەی ئەم دەنگانە نەفەوتێن و ببن بەکورسی و دەنگی ئێمە بەهێزتربێ لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
کاک نێچیرڤان لە دەرەوەی حزبەکەشی خۆشەویستە
نوچەنێت: بیرۆکە وپلانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئافرەتان بۆ هاتنە پێشەوەی زیاتر لە نێو پێگەکان بۆ ساڵی (٢٠٢٦) چیە؟
د.چنارسەعد: یەکێک لەو پلانانەی کە هەمانە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرنامەمان بۆی داناوە، تەنانەت کۆنفراسێکی تایبەتیمان ئەنجامدا لەسەر بەشداری و ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسی، ئیداری و بەڕێوەبردن، سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەردوو بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی (کوردستان)مان کرد، یەکێک لەوکارانەی دەستمان پێکردوە و هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەیە کە سیستەمی یان ئەو ڕێژە کۆتایەی کە بۆ ئافرەت دانراوە لە پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری تێدا بکرێ، ڕاستە شانازی دەکەین کە لە ئێستادا ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ عێراق، ڕێژەی سی لەسەد ڕێژەی کۆتا بۆ ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە لە عێراق بیست و پێنج لەسەدە، لەدەستوریش هەروا جێگیر بووە بەڵام نیازمان هەیە ئەو ڕێژەیە زیاتربکەین، کاتێ ئەم ڕێژەیە بەرز دەکەینەوە بێگومان دەبێ پڕۆژە یاسایەک هەبێت، پڕۆژە یاسەکە هەمواربکرێتەوە، ئەوەش پشتیوانی حزبەکانی دیکەشی پێویستە، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەمان پێشکەش کردووەو ڕەزامەندی سەرکردایەتی خۆمان هەیە، بەڵام پێویستی بە لۆبییەو بەتەنها ناتوانین ئەم کارە بکەین.دەمانەوێ "پرسی ئافرەت لە کوردستان ئەوەندە پێش بخەین، لەداهاتوو"بگەینە قۆناغێک کە پێویستمان بە سیستەمی کۆتا نەبێت.
بەپێی دوا ئاماری سەرژمێری کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، ڕێژەی نێرو مێ لە ئاستی عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر یەکسانن بۆیە ئێمە لەمەودوا ناڵێین، ڕێژەی ٣٠٪ لە سەدی کۆتامان دەوێ بەڵکو دەبێت بڵێین کوا نیوەکەی من؟
واتە ئێمە داوای بەشداری و ڕۆڵ و بینینی خۆمان دەکەین لەو نیوەیەی کە بەشی ئێمەیە وەکو وجودی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ژمارەیی، وەکو وجودێکی کوالێتی و تواناییش ئێمە دەمانەوێ بەشدارێکی کاریگەربین لەناو ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو هێز وکاریگەرییە و ئەو عەقڵ و مەعریفەتە بخەینە خزمەتی کۆمەڵگە.
نوچەنێت: باسی ڕێژەی کۆتات کرد، ڕێژەی کۆتا بۆ ئەم قۆناغە تاچەند گرنگە و ئەگەر گرنگە هۆکارەکەی چییە؟
د.چنار: لەم قۆناغەدا کۆمەڵگا پێویستی بە کۆتایە، هێشتا ماومانە، ڕەنگە دوای چەند دەیەی تر، بگەینە قۆناغێک ئیتر ژن و پیاو بەیەکەوە ئەوەندە بەتوانابن ئەوەندە ڕۆڵیان هەبیت، پێویستمان بە کۆتا نەبێت. لەم دیدارانەی جەنابی سەرۆک بارزانی وهەردوو جێگرەکەی، جەختیان لەوە کردەوە، کە خۆزگە ڕۆژێک دابێت پێویستمان بە کۆتا نەبێت ئێمەش ئەو خۆزگەیە دەخوازین، هەوڵدەدەین بگەین بەم قۆناغە.
نوچەنێت: وەکو ئافرەتێکی ئەکادیمی و سەرکردە، خاوەن ئەزمون لە پێگەی ئیداری وحزبی چیت هەیە بۆ ئافرەتان تا لە هەموو کایەکان ڕۆڵیان هەبێت؟
د.چنار: داوا لە ئافرەتان دەکەم بە هێزو توانای خۆیان بێنە گۆڕەپانی کار و ڕۆڵ ببینن. خاوەنی ئامانج و خەون بن، خۆیان لەخەونی بچوک قەتیس نەکەن بەوە ڕازی نەبن لەبازنەکی بچوک وەکو خانمێک وەکو ئافرەتێک لە چوارچێوەی ئامانجی کەسی تەنها بمێننەوە، کار بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بکەن، ئەم کارەش لە خێزان و گەڕەک و ناوچەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment