قومریە بەرزنجی: پەیڕەوی سیستەمی کۆتامان نەکردووە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

قومریە بەرزنجی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچەدا دەڵێت: ئێمە پەیڕەوی سیستەمی کۆتامان نەکردووە، ئەو ژنانەی بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵ دەرچوون بە دەنگی خۆیان دەرچوون.

ڕۆژی شەممە (19/تەموز/2025) کۆمەڵی دادگەری کوردستان، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر بەست، تێیدا مامۆستا (عەلی باپیر) وەکو ئەمیری کۆمەڵ هەڵبژێردرایەوە. لە کۆی (29) کەس بۆ سەرکردایەتی تەنیا سێ ژن دەرچوو، ژنێکیش وەکو ئەندامی یەدەگ هەڵبژێردراوە.

قومریە بەرزنجی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بە دەرچوونی سێ ئەندام بۆ سەرکردایەتی حزبەکەی دەڵێت: ئەو ژنانەی دەرچوون بە دەنگی خۆیان دەرچوون، پەیڕەوی ڕێژەی کۆتامان نەکردووە. لە کۆی (29) کەس سێ کەس ئافرەتە، ئەندامێکی یەدەگی سەرکردایەتیشمان ئافرەتە " کۆمەڵێک مەرج هەیە لە پەیڕەوی ناوخۆ، چەند مەرجێک لە سەرکردایەتی دانراوە، لە هیچ یەکێک لە مەرجەکان پەیوەندی بە جیاوازی ڕەگەزەوە نییە، بۆ پیاو و ژن وەک یەکە بە بێ دیاریکردنی ژمارەی کاندید، دەکرا ژمارەی ژن زۆر لەوە زیاتر بێت ئەگەر دەنگیان بهێنایە، ئێمە مەرج و سنورمان بۆ ئەوە نەبوو". 

سەبارەت بە پەیڕەونەکردنی سیستەمی کۆتا دەڵێت" لە پەیڕەو سیستەمی کۆتا جێگیرکراوە، بەڵام ژنان بە بێ کۆتا بە دەنگی خۆیان دەرچوون".

سەبارەت بە هەبوونی ژن لە پێگەی بڕیار قومریە بەرزنجی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە "ئافرەتمان لە ئەنجوومەنی سیاسی هەبووەو هەیە و لە پەیڕەویش جێگیرکراوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە پۆستەکەیدا داکۆکی لە مافی ژن دەکات؟ قومریە بەرزنجی گوتی" بەڵێ وەک پێشتر بەردەوام دەبم و بە ئیزنی خوا باشتریش کاردەکەم، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و بە هەموو جۆرەکانییەوە بە تایبەت بەرامبەر بە ژنان و ئیدانەی هەموو جۆرەکانی دەکەین دەکەین".

قمریە شێخ محمد بەرزنجی ، لە دایکبوی 1970، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستە سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتیەكان، شارەزای زاستی شەرعی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری سکرتێرەی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین