فەوزیە ڕەشید: کاک نێچیرڤان بارزانی زۆر پاڵپشت بوو لە گۆڕینی یاساکانی باری کەسی
بەهرە حەمەڕەش
فەوزیە رەشید، ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمان بووە، لە ساڵی 1992، ئەوکاتە تەنیا نۆ ژن لە پەرلەمان و دووژن لە فراکسیۆنی پارتی هەبوون " یەکەم خولی پەرلەمان بوو لە کوردستان و پێشتر هیچ ئەزمونێکی لەو جۆرەمان نەبوو، بەڵام کوردایەتی و خزمەتی خەڵک هەموو ئەندامانی فراکسیۆنەکانیان کۆدەکردەوە. وەکو ئێستا ناکۆکی حزبەکانمان نەدەبردە پەرلەمان، بەڵکو هەموومان لەسەر بەرژەوەندییە کوردستانییەکان کۆک بووین".
سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵایەتی ئەوکاتە، فەوزیە ڕەشید دەڵێت" سەرەتا کە داوام لێکرا ببم بە ئەندام پەرلەمانی کوردستان، کەسێکم نارد بۆ لای باوکم لە کەرکوک، گوتم پێی بڵێن من دەبم بە ئەندامی پەرلەمان ئەو ڕای چییە؟ لەوانەیە لەسەر من ڕژێم کێشەی بۆ دروست بکات، باوکم گوتبووی ئەم کارە سودی بۆ کورد هەیە؟ ئەگەر سودی هەیە با بیکات، زۆر لەسەر کوڕەکانم گیراوم با جارێکیش لەسەر کچ بگیرێم، ڕاستە دۆخی کۆمەڵایەتی دواکەوتووتربوو لە ئێستا, بەڵام خەڵک بەرژەوەندی نەتەوەیی زۆر لا گرنگ بوو".
لە بارەی ڕێگری کۆمەڵایەتی فەوزیە ڕەشید گوتی" هاوسەرەکەم خۆی پێشمەرگە بوو، ماڵی باوکیشم کوردپەروەربوون، بۆیە من پاڵپشتییان دەکردم نەک ڕیگریم لێبکەن، هەروەها لە لایەن خزمەکانیشمەوە بە هەمان شێوە، ڕاستە خەڵک هەبوو دەیگوت ژن چی دەکات لە پەرلەمان؟ بەڵام من لە لایەن نزیکەکانمەوە هان دەدرام بەردەوام بم".
لە ساڵانی نەوەدەکان گوێبیستی تەقاندنەوەی ئارایشتگەکانی ژنان دەبووین، یان تیزابیان بە قاچی ژناندا دەکرد؟ کێ بوون ئەم کارانەیان بەرامبەر بە ژن ئەنجام دەدا؟ فەوزیە بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە" ئەو شتانەم دەبیست، هەروەها ئەو شوێنانەش دەتەقێنرایەوە کە مەی تێدا دەفرۆشرا، پێموایە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بوون، چونکە لە بنەمادا کلتوری کوردی زۆر ڕێز لە ئافرەت دەگرێت و ئافرەت بە گەورە دەزانێت، جگە لەمانە خەڵکێک هەبوو دەیویست ئەزموونی کوردستانی باشوور تێکبدات دژی پەرلەمانی کوردستان و ئەو دامەزراوە مەدەنییانە بوون کە کورد خەریکی بونیاتنانیبوون".
بەر لە ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیش دەگوترێت "22ژن کوژران، گوایە جگە لە ئیسلامییەکان لایەنی تری سیاسی هەبوون دەستیان لە کوشتنی ئەم ژنانەدا هەبووە"؟
فەوزیە رەشید ڕایوایە" هەندێ خێزان هەبوون، کرانەوەی کۆمەڵگە و چوونە دەرەوەی ژنانیان پێ تەحەمول نەدەکرا جیا لە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، بۆیە ژن کوشتن هەبوو، بەڵام جیا لەوە نەمبیستووە لایەنی سیاسی دیکە هەبن لە پشت ئەم کارەوە. ئیستاش وێڕای کرانەوەو هەبوونی تەکنەلۆژیا هێشتا ژن دەکوژرێت، چونکە هەندێک خیزان کرانەوە قبوڵ ناکەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەش هەندێک ژن لە ناو حزبە ئیسلامییەکانیش هەن زۆر چالاکن و داکۆکی لە مافەکانی خۆیان دەکەن".
سەبارەت بە داخراوی ئەوکاتەی کۆمەڵگە فەزیە رەشید دەگێڕێتەوە" جارێک لە ناو پەرلەمان دانیشتبووین، پیاوێک هات بەو کەسەی کە لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو گوتی، دەزانی کچێکمان دیوە لە هەولێر پانتۆڵی لە پێ بووە! واتە بە سەرسوڕمانەوە دەی گێڕایەوە، ئەوەی تریش وەڵامیدایەوەو گوتی: ئەوە ئاوارەی سلێمانی و کەرکوک و ئەوانە بووە. منیش هیچم نەگوت".
فەوزیە رەشید ماوەی سیانزەساڵ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، سەبارەت بەو کارە باشانەی کە لەم ماوەیەدا لە پەرلەمان کراون بەوە دەیخاتەڕوو" ئەوەی کەمن زۆر شانازی پێوەدەکەم ئەوەبوو، کە لە ساڵی 2001ئەندامان و سەرۆکی پەرلەمان، توانیمان حزبەکان رازی بکەین، بۆئەوەی لیژنەیەک لە پەرلەمان دروست بکەین، بە ناوی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئافرەتان، من بووم بە سەرۆکی لیژنەکە، توانیمان هەندێ گۆڕانکاری یاسایی زۆر باش بکەین".
لە بارەی گۆڕانکارییە یاساییەکان فەوزیە ڕەشید ئاماژە بە یاسای باری کەسی دەکات" یەک لە شانازییەکان ئەوەبوو کە توانیمان یاسای فرەژنی، مەرجدار بکەین، هەروەها کوشتنی ژن بەبیانووی (غسل العار) نەمێنێت و وەک هەر کوشتنێک ئەژمار بکرێت. ئەوکات بە رەحمەت بێ د.مستەفا زەڵمی، زۆر هاوکار بوو".
لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی کێ هاوکارتان بوو لە گۆڕینی ئەم یاسایانە؟ لە وەڵامدا فەوزیە رەشید گوتی" کاک نێچیرڤان بارزانی، زۆر هاوکارمان بوو چونکە مرۆڤێکی کراوەیە، دەیویست ژن زوڵمی لێنەکرێت و ئازادبێت. ئەویش داوای لە د.مستەفا زەڵمی کردبوو هاوکاربێت، بۆئەوەی وەک شتێکی نامۆ لە کۆمەڵگە دەرنەکەوێت، چونکە کۆمەڵێک مەلا هەبوون زۆر پێیان ناخۆش بوو".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتی شەڕی ناوخۆدا فەوزیە ڕەشید باس لەوەدەکات" لە کاتی شەڕی ناوخۆدا 51ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی، یەکێتی و مەسیحییەکان 101ڕۆژ لە ناو بینای پەرلەمان پەناگیربووین، کاک مەسعود و مام جەلال هاتن گوتیان، چیتان دەوێت، گوتمان: دەمانەوێ شەڕ بوەستێت، هەروەها هیچ ئەندام پەرلەمانێک لێدوانی بۆ راگەیاندن نەدەدا دەیانگوت، نەکو شتێک بڵێین خەڵک تووشی شڵەژانی زیاتر ببێت، بەرژەوەندی خەڵک لای ئێمە لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment