کچێکی گەنج بە دوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

کچێکی گەنج کە خەڵکی کرماشانی کوردستانی رۆژھەڵات دەڵێت، یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991ـیە، هاتووەتە کوردستان تا بە دوای کەسوکار و ناسنامەی خۆیدا بگەڕێت.

ڕۆژی یەکشەممە، (یەک ئایار/2025) کچێک بە ناوی مەعسوومە میربەگی، تەمەن 34ساڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ھەڵەبجە رایگەیاند، ساڵی 1991لە کەمپێکی ئاوارەکان بە ناوی ''ئاوارەکانی ھەڵەبجە'' لە شاری گیەڵانی کرماشان (گیەڵانی رۆژئاوا) لە ئاوارەکانی ئەوکاتی باشووری کوردستان بەجێماوە. 

ئەو کچە بە زمانی فارسی قسەدەکات و گوتی': ئێستا نزیکەی حەوت ساڵە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق ھیچ هاوکارم نەبووە بۆ دۆزینەوەی کەسوکارم. 

مەعسومە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە بەدواداچوون و کارەکانی لە رێگەی یاساییەوە ئەنجام بدات ''من تەنیا بەدوای کەسوکارم و ناسنامەمدا دەگەڕێم، لەوە زیاتر ھیچم ناوێت، تەنیا دەمەوێت لەڕووی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ کارەکانم بکەم". 

مەعسوومە، لە کرماشان دەژیت و دەڵێت: شەش یان حەوت ساڵە زانیومە کە لە منداڵە ونبووەکان کوردم، ھەر لەوکاتەوە دەستم بە بەدواداچوون کردووە و کارە یاساییەکانم لە ئێران جێبەجێ کردوون. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ھاونیشتمانییە کۆرپەیەکی تەمەن یەک مانگ بووە کە ساڵی 1991لەلایەن سەربازێکی ئێرانییەوە لە کەمپی ئاوارەکان دۆزراوەتەوە و نێردراوەتە بەشی منداڵانی بێسەرپەرشت لە کرماشان، دواتر خێزانێکی گیەڵانی-کرماشانی ئەرکی بەخێوکردنیان گرتووەتە ئەستۆ.

ساڵی1991، بە ھەزاران هاوڵاتی کورد لە ترسی هێرشی ڕژێمی بەعس، لە کاتی سەرما و سۆڵەی زستان بە پێ و بە ئۆتۆمبیل بەرەو ئێران هەڵاتن، لەم کۆڕەوەدا سەدان هاوڵاتی بە بەتەمەن و منداڵ و ون بوون، یانیش لە برسا گیانیان لە دەستدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین