یاسا و ڕێنماییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ژن کوشتن و دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان ناوخۆیی

نوچە نێت:

ئامادەکردن: چرا کوردستانی 

 

لەگەڵ بوونی چەندین یاسا و ڕێوشوێنی زۆرباش لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆش ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا تووشی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە و لە چەندین ڕووداوی تەمومژاوی و گوماناویدا گیان لە دەست دەدەن. لێرەدا ئەوەیە، لە هەرێمی کوردستاندا گرفت لە بوونی یاسای پێویست هەیە بۆ وەستاندنەوەمبەرامبەر ئەو کردەوە دزێوە، یاخوود یاسا هەیە بەڵام کۆسپ لە بەردەم جێبەجەجێکردنیدا هەیە؟ 

 

بەشی یەکەم: دیاردەی ژن کوشتن لە هەرێمی کوردستان

کوشتنی ژنان بە یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت و لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان وەک نەریتێک دەبێنرێت کە لە کولتووری کۆنەپەرستی وعەقڵییەتی پیاوسالارییدا سەرچاوەی گرتووە، کە زۆرجار لە لایەن باوک، برا و هاوژینەوە ئەو تاوانە ئەنجام دەدرێت، کە دیاردەیەکی قێزەوەن و دواکەوتووی کۆمەڵگەی کوردەواری و زۆربەی کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە بەهۆی چەندین بیانووی نا بەجێوە ڕەوایەتی بەو دیاردەیە دەدرێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە بە ناوی پاراستنی شەرەف و نامووس. لە هەرێمی کوردستاندا ئەم دیاردەیە لەمێژینەوە بوونی هەبووە و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری بەجێماوە و لە چەندین ڕووداوی گوماناویدا ژنان دەبنە قوربانی. 

ئەگەرچی ماوەی چەند ساڵیکە هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ڕێژەی کوشتنی ژنانەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە تاوانەکانی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکرێت. بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسی نوژنها، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024، تاوەکو تشرینی دووەمی ساڵی 2025، 42 ژن کوژراون، 19 ژنیش بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، 5 ژنیش هەوڵی کوشتنیان دراوە، 1 ژنیش ناچار بەخۆکوشتن کراوە. 

 

هۆکارەکان 

بیانووی شەرەف و ناموس: بیانووی شەرەف و دابونەریتی خێڵەکی یەکێک لە باوترین ئەو بیانوانەن کە ژن لە سایەیدا دەکوژرێت و ژیانی لێ دەسێندرێتەوە.

عەقڵییەتی پیاوسالاری: بوونی ئەو بیرۆکەیەی کە پیاو خاوەنی جەستە و بڕیارەکانی ژنە لە خێزاندا، یەکیکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و تا کوشتن. 

 کێشەی خێزانی و هاوسەرگیری پێشوەختە: کیشە کۆمەڵایەتیەکان بوونەتە کلتوریکی ناشیرین و دیاردە ئەوەش هەمووی پەیوەندی بە نەبوونی ڕۆشنبیری تیگەیشتن لە پرۆسەی هاوسەرگیریە کە بە گشتی نازانی بۆ دەچیتە ئەو پڕۆسەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی لێکتێگەیشتن و زۆربوونی کێشەکانی جیابوونەوە.

خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا: کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەشێکن لەو پڕۆسەیە کە زۆرجار دەبنە هۆی هەڕەشە لەسەر ژنان و ئابڕوویان. 

 

بەشی دووەم: سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی ژن کوشتن بە یاسا لە کوردستان

لە هەرێمی کورستان ئەگەر بەراوردی ئێستا بکەیین بە ساڵانی نەوەدەکان بە نموونە، ئەوەی بەدی دەکرێت زیادبوونی ڕێژەی ژنانە لە ڕووی چەندیەتییەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی بڕیارسازی وەک؛ بوونی ژنان بە ڕێژەی %30 کەمتر نەبێت لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاریزگاکان، زیادبوونی ژمارەیان لە پۆستەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پارتە سیاسییەکان و دەزگا فەرمی و ئەکادیمی و پیشەییەکانی دیکە. بوونی هاوئاهەنگی ژنان چ لە نێو سەرجەم ئەو دامەزراوانە و چ لەگەڵ ژنانی دیکەی گشت چین و توێژە جیاجیاکانی نێو کۆمەڵ گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە.

سەرەتای ئەم گۆڕانە گرینگانەش بە یاسا، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات وەرگرتنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە دوای ساڵانێکی دوورودڕێژ لە شەڕی ناوەخۆیی و بێ متمانەیی سیاسی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان و سەردەمی دوو ئیدارەیی لە بەرواری (7/5/2006) پەرلەمانی کوردستان بۆ متمانەدان بە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، دواتر لە لایەن (نێچیرڤان بارزانی)ەوە ناوی وەزیرانی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا ،بە کۆی دەنگ متمانەدرا بە (نێچیرڤان بارزانی) وەکو سەرۆکی حکومەت و (عومەر فەتاح) وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت. 

 

ڕوانگەی سەرۆکی حکوومەت لە مەڕ پرسی ئافرەتان

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرکردەی دیاری کورد، بووەتە سومبولی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان، لە یەکەم نەفەسی سەرۆکایەتی کابینەکانەوە دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەکسانی، هەمیشە بە گرنگییەوە خوێندنەوەی بۆ ماف و ئەرکەکانی ئافرەتانی کوردستان، کردووە. ئەم گرنگیدانەی بە ڕۆڵی ئافرەتان لە ئەولەویاتی بڕیارە سیاسی و کارەکانی حکوومەتەکەی بووە. سیاسەتی یەکسانی ڕاگەیاندووە و بەڕێزەوە لە مافی ئافرەتی کوردستانی ڕوانیووە، لەکاتێکدا دۆخی ژنان لەوپەری خراپیدا بوو، تووندوتیژی دژ بە ژنان بەر بڵاوبووە، لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەوڵیدا حکوومەتەکەی بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و نەهێشتنی تووندوتیژیی دژ بە ژنان ئەرکدار بکات. بۆ ئەوەیش چەندین رێوشوێنی گرتە بەر، لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرسی ئافرەتان، گۆڕینی یاساکان و چەسپاندنی یاساکان. هاوکات هەمیشە لە دەرکەوتن و گوتارەکانیدا پەیامی گرنگ و جیاواز ئاراستەی کۆمەڵگە و ئافرەتان دەکات. بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی. 

 

گۆڕانکاری یاسایی لە سەردەمی کابینەی پێنجەم

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتدا، بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان چەندین کار و پڕۆژەیاسای تایبەت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەندین ئەنجامی زۆرباشیان هەبووە، گەرچی تا خاڵی کۆتایی ئەم گرفتە بنبڕ نەبووبێت، بەڵام ڕێژەی ئەنجام دانی بە شیوەیەکی بەرچاو هێناوەتە خوارەوە. لەوانە 

 

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە یاسا 

وێڕای ئەوەی لە کابینەکانی پێشووتر کۆمەڵێك گۆڕانکاری گرینگ ئەنجامدرا بوو، بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە کابینەی چوارەمدا ڕابەرایەتی چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی کرد، دواتر دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی پێنجەمدا، هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، تا ئاستێکی زۆرباشیش شوێنی خۆی گرت.

لەوانە، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی، کە گۆڕینی زاراوەی (غسل العار) لە یاسادا گۆڕی لە (13/8/2002)، یاسای باری کەسی عێراق ڕێگەی بە دیاردەی ژن کوشتن دەدا لە ژێر ناوی شۆردنەوەی شەرەف لە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەدا ئەو سوککردنەوەی سزایە لابرا و لەوە بەدوا وەک کوشتنی ئەنقەست مامەڵە لەگەڵ بکوژی ژن بەو پاساوە دەکرێت.

هەر لەمبارەیەوە (17/6/2007) بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاردەی دزێوی ژنکوشتن لە هەرێمی کوردستان بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردن و سزادانی یاسایی بکوژان، سەرۆک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی عومەر فەتاح جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزارەت و ڕێکخراوی چاودێریی مافی ژنی کورد لە دەرەوە، بۆ وەستانەوە دژی دیاردەی ژنکوشتن لە هەرێمی کوردستان. لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت ڕەخنەی لە زاراوەی ((غسل العار)) گرت و گووتی، " دەبێت ئەو زاراوەیە بگۆڕدرێ بۆ زاراوەی کوشتنی بە ئەنقەستی گیانێکی بێتاوان، کوشتنی ژنان دیاردەیەکی دواکەوتووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نێو کۆمەڵی کوردەوارییە، دەبێت لە هەردوو بواری کلتووری و قانوونیدا بەرەنگاری ئەو دیاردە دزێوە ببینەوە و پلانێکی فراوان و گشتگیر دابڕێژین بۆ گۆڕینی ئەم کلتوورە ڕەشە، کە بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ گەلەکەمان". 

هاوکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورردستان کە لە وتاری ڕاگەیاندنی کابینەی پێنجەم (7/5/2006) ڕایگەیاند وەزارەتی وەرزش و لاوان بڕیاریدا خەڵاتێکی ساڵانە پێشکەش بەو کەسایەتی و لایەنانە بکات، کە باشترین کاریان کردووە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەمەڕ پرسی توندوتیژیی دژی خانمان.

کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێم بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی توندوتیژی دژ بە ژناندا دەکرد، تەنانەت هاوکاربوو لەگەڵ تەواوی ئەو ناوەند و میدیا و ڕێکخراوانەش کە ڕەخنەیان لە حکوومەت دەگرت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لەو بوارەدا فشاریان لەسەر حکوومەت دروست دەکرد. لەو بارەیەوە ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕەخنە لە حکوومەتی هەرێم دەگرێت، کە سەرباری بەرەوپێشچوون لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە کوردستان، دۆخی ژنان پێویستی بە کاری زیاتر هەیە، لە بەرامبەردا بە بڕیاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت وەزارەتە تایبەتمەندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەگ باڵا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ڕۆژی (2008/10/29) کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و بڕیاردان لەسەر بەرەوپێشبردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندوتیژی لە شارەکاندا و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

 

یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن

لە سەردەمی کابینەی پێنجەمدا، جیهان بەگشتی لە ڕووی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتەوە گۆڕانکاری و پێسکەوتنی خێرای بەخۆوە بینی، شێوازەکانی پەیوەندی کردن، گەشەسەندن و ئاسانکاریی زۆر بەسەر داهات. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوون، بەلام لەگەڵ لایەنی باشەی ئەم بەرەوپێشچوونە، بەداخەوە لایەنی خراپیشی هەر زوو لەس کۆمەڵگەدا دەرکەوت، بە تایبەت بەرامبەر ناو زڕاندنی ژنانی چالاک و کارا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. ئەمەش بوو بە شێوازێکی نوێی توندوتیژیی. 

لە پێناو ڕێگریی کردن لە دەرهاوێشتە خراپەکانی تەکنەلۆژیا، لە ساڵی 2008، یاسای ژمارە 6  قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن یەکێک بوو لەو یاسا گرنگ و پێویستییانەی لە پێناو ئارامی خێزانیی و کەمبوونەوەی دیاردەکانی توندوتیژیی دژ بە تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و کچان و ئافرەتانیش بە تایبەتی. 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا باسی گرنگی دەرکردنی ئەو یاسایە دەکات و دەڵێت: "هەنگاوێکی سەردەمیانە بوو بۆ پاراستنی ئافرەت لە هەڕەشە و شەڕ پێفرۆشتن و هەوڵی کەسانی بەدکار لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە، لە ڕێگەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە خۆ زڕاندنی ناو و ئابڕووی ئافرەت، کە زۆر بەداخەوە بووەتە هۆی ئەوپەڕی توندوتیژی و گۆشەگیری و تەنانەت کەیسی کوشتنیشی لێ کەوتۆتەوە".  سەرەنجام لە ڕێگەی هەوڵەکانی کابینەی پێنجەمەوە بەپێی ڕاپۆرتە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دۆخی ژن لە کوردستاندا بەرەو باشتر چوو و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی، گەشبینی بە ژیان و داهاتوو لای ژنان گەشایەوە. 

 

بارودۆخی یاسایی و ڕێوشوێنەکان 

یاساکان هەنگاوێکی بنەڕەتین، بەڵام بێ گۆڕانکاری لە جێبەجێکردن، چاودێری دادپەروەرانە، و گۆڕانی فکری کۆمەڵایەتی، کاریگەرییەکانیان سنووردار دەمێننەوە. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆرجار ئاماژە بەم بۆشاییە دەدەن، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسا لە کەیسەکانی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتاندا ئەمانەن: 

یاسای سزادانی عێراقی: کوشتن بە ناوی شەڕەف لە عێراقدا سزاکەی کەم بوو، بە پاساوی ئەوەی ئەو جۆرە کوشتنە دەچێتە خانەی کوشتنی شۆرینەوەی شەرمەزاری کە بە عەرەبی بە (غسل العار) ناودەبرێت.

کەلێنە یاساییەکان: بۆشایی نێوان یاسا و جێبەجێکردن کە زۆربەی کات یاساکان لە کاغەزدا باشن، بەڵام پۆلیس، دادگا، و دامودەزگاکانی پاراستن کەمی کادر و بودجە و ڕاهێنانیان هەیە بۆ بەدوای داواکارییەکان کەوتن. هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکان تاوەکوو ئێستاش ڕووبەڕووی کێشە و گرفت دەبێتەوە.

دەربازبوون لە سزا: لە هەندێک حاڵەت، تاوانبارانی توندوتیژی سزای سووک وەردەگرن، یان پشتیوانی خانەوادە بۆیان دەبێت بە دەروازەی دەرچوون لە سزا یاخوود لە زۆربەی حاڵەتدا بکوژان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری بەر لێخۆشبوون دەکەون یان ڕاکردن لە یاسا لە سزا ڕزگاریان دەبێت.

کۆمەڵگای عەشیرەتی: یەک لە سەرەکیترین ئاستەنگەکانە لە بەردەم جێبەجێکردنی یاسا بەسەر تاوانباردا، ئەمیش کاتێک کە کاتێک کێشەکان لەسەر بنەمای ئابڕوو و عەیبە لە نێو خێزان یان لای پیاو ماقولان،چارەسەر دەکرێن و دیوەخانەکان لە بری  دادگا، دەبن بە مەیدانیی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.

نەبوونی متمانە و توانای خۆبەڕێوەبردن: زۆربەی ژنان پاڵپشتی داراییان نییە یان دەترسن لە کۆمەڵگە و لە لادان لە خێزان، کە وادەکات کەمتر بکەرانی توندوتیژیی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن هاوکات کەمبوونی هۆشیاری مافی یاسایی کە زۆر ژن، بەتایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکاندا، مافەکانی خۆیان لەژێر یاسا نازانن یان ناتوانن بگەن بە دادگای یاسایی، هەروەها کەمبوونی خانووی پاراستن کەمترن لە ئەو پێداویستییەی هەیە، کە وادەکات ژنان هەلی کەمتر هەبێت بۆ دەرچوون لە کێشە بەبێ مەترسی.

 

ئەنجام

ــ لە بەرئەنجامی خوێندنەوەمان لەمەڕ ئەم بابەتەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا، لە کوردستان یاسا و گۆڕانکاریی زۆر باش و پێویست هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان، بەڵام ئەمە تەنیا بە دەرکردنی یاسا تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە جێبەجێکردنی توند هەیە. 

ــ جێبەجێنەکردنی وەکوو پێویست و دەربازبوون لە سزا زۆرجار بەهۆی سوڵحی عەشایەرییەوەیە سەرەکیترین ئاستەنگن بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە.

ــ کابینەی پێنجەم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکەمینجار و بە فەرمی هەنگاوی یاسایی گرتووەتەبەر، وەک گۆڕینی یاسای (غسل العار) و دەرکردنی یاسای دژی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

 

سەرچاوەکان

ڕێبەند ڕەزا، دەرفەت و یەکسانی، ، 2025، دەزگای نووچە، هەولێر.

ڕزگار ڕەزا چووچانی، پەرتەوازەیی و یەکڕیزی، بەرگی یەکەم، 2024، دەزگای نووچە، هەولێر.

شەونم یەحیا، ژن، پرسێکی هاوبەش و ڕوانگەیەکی جیاواز، 2024، چاپخانەی ڕۆکسانا، هەولێر.

هێرۆ عەلی، ئامارە فەرمییەکانی کوشتنی ژنان لە کوردستان، ماڵپەڕی ژن ئەجینسی.

JINHAGENCY | ئاماری ساڵێک؛ ئامارە فەرمییەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەشاردرێنەوە

پەری محەمەد، ژن کوشتن وەک دیاردەیەکی قێزەوەن، ماڵپەڕی چاوی کورد.

ژن کوشتن وەک دیاردەیەکی قیزەون - Chawy Kurd

پەری مامەسێنی، ژن کوشتن کلتوورێکی ناشرین، ماڵپەڕی درەو.

درەو | ژن کوشتن کلتورێکی ناشیرین.

شنە بابە عەلی، ژن کوشتن لە کوردستان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو، ماڵپەڕی شار پرێس.

ژن کوشتن !

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین