مارکۆ روبیۆ سوودانی: لێپێچینەوە لە هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بكە کوردستانی

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پڕۆژەی دەستەی حەشدی شەعبی سودانی دەگەیێنێت و داواش دەكات، بەغدا بەردەوامی بە ناردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات.

ڕۆژی چوارشەممە (23/تەمووز/2025) تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە، سەبارەت بە ناوەڕۆكی گفتوگۆكان برۆس دەڵێت، گفتوگۆكان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزە بووە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا کردەوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، رۆبیۆ ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەربڕیووە، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات.

لەلایەكە دیكەوە بەپێی ڕایگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسی لە دەستدرێژییەکانی ئەمدواییانە کردووە، کە کراونەتە سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، سەڵاحەددین و کەرکووک كراوە.

هەروەها دەشڵێت، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە هاوکاتبوونی ئەم هێرشانە لەگەڵ رێککەوتنی بنەماکان لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان، بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە کەرکووک و سەڵاحەددین.

 سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەكرد، كە ناردنی ئەم یاسایە بۆ پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی ئەو رێڕەوی چاکسازیی ئەمنییەدایە کە حکومەت گرتوویەتیەبەر، هەروەها بەشێکە لە کارنامەی حکومەت کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کراوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین