ئیمارات به‌ فه‌رمى بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانى ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئه‌لزاهری كونسوڵى گشتى ئیمارات له‌ هه‌ولێر كرد و ناوبراو بانگهێشتنامه‌یه‌كى فه‌رمى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى ئه‌م وڵاته‌ بكات.

پێشتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و قه‌ته‌ڕ بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمیان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانى میسڕ و قه‌ته‌ڕ بكات، بۆیه‌ ئیمارات سێیه‌م وڵاتى عه‌ره‌بى ده‌بێت بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانى بكات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى ئایار، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و كونسولى گشتى ئیمارات راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3/5/2021 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئه‌لزاهری، كونسولى گشتیی میرنشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی (ئیمارات) له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز كونسوڵی گشتیی ئیمارات سڵاو و ڕێزی به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و جێنشینی ئه‌بو زه‌بی به‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یاند و بانگهێشتنامه‌یه‌كى به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كان، بۆ سه‌ردانى ئیمارات، ڕاده‌ستی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ تیایدا خواستى ئیماراتى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سڵاو و ڕێزی خۆی به‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان گه‌یاند و سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیانى به‌ بانگهێشته‌كه‌یان ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند له‌ كاتێكی گونجاودا بۆ هه‌ردوولا سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی و حكوومه‌ت و گه‌لی ئیمارات به‌رز نرخاند.

تاوتوێكردنی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق به‌گشتی، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئیمارات و گرنگیی زیاتر په‌ره‌پێدانیان له‌ بواره‌كانی ئابووری و بازرگانیدا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین