بافڵ تاڵەبانی: لە كوردستان چەندین دەردەسەری زۆرمان بینیوە و دەزانین باجی شەڕ چییە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتى وڵاتانی عەرەبی دەڵێت، "چۆن دەكرێت وڵاتانی ئەوروپا رێگە بەو دڕندەییە بدەن ئەمڕۆ لە فەلەستین دەكرێت، لەكاتێكدا بانگەشەی دیموكراسی دەكەن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28/ئاب/2025) بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتى وڵاتانی عەرەبی گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند،  "سلێمانی شارێكە مێژوویەكی پڕ شانازی هەیە لە دیموكراسی و روانینێكی ناوازە بۆ ژیان، بۆچوونە جیاوازەكان لە شاری سلێمانیدا بەشێوەیەكی ئازادانە گوزارشتی لێدەكرێت."

سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت  و بافڵ جەلال تاڵەبانی گووتی، "تاوەکو دێت دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناعەدالەتی، بنەماکانی دیموکراسی لاواز دەکەن و ئازاری هاوڵاتییانى مەدەنییش زیاد دەکەن، هەر لە غەززەوە تاوەکو سووریا، لە یەمەنەوە تاوەکو گۆشەکانی دیکەی جیهان، ئەمانە خەمێکی گەورەن لەسەر دڵیان، بەتایبەتی ئەو زوڵمانەی لە فەڵەستین دەکرێن، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و رۆژئاوا چۆن دەتوانن باسی وانەی دیموکراسی بۆ ئەوان بکەن، لەکاتێکدا کە رێگە دەدەن تۆقاندن لە فەڵەستین رووبدات". 

سەرۆكی یەكێتی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە ئاماژەی بەوەشكرد، "لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، گەنجان داوای هیوا و دەرفەت و دادپەروەی دەکەن، کۆمەڵگەی مەدەنی داوای لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتی دەکات، ژنان سەرکردایەتی بزافەکان دەکەن بۆ یەکسانی، کۆمەڵگاکان دەیانەوێت بە شکۆمەندی بژین، ئەوەش ئەوەمان بە بیردەهێنێتەوە کە گۆڕانکاری تەنیا پێویست نییە بەڵکو هەمووان داوای گۆڕانکاری دەکەن و گۆڕانکاری ئەگەری هەیە بێتەدی، گەر پێکەوە کاربکەن".

هەروەك گووتیشی، "لە کوردستان چەندین دەردەسەرییان بینیوە و دەزانن باجی شەڕ چییە و دەشزانین خەڵاتی ئاشتی چییە، دەشزانین مەترسییەکانی دابەشبوون چییە، دەشزانین هێز لە یەکێتیدایە و ئەو هێزەی لە یەکێتیدایە چەند پتەوە، بەتایبەتی، کە لە هەرێمەکەی ئەوان، کە خەڵک کۆڵنادەن و هەرگیز بێهیوا نابن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتی بونیاد بنێین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین