سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریکا کرد کوردستانی

نوچە نێت

شاندێکی هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریکا سەردانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان كرد و تیایدا "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، کایە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کار و هاریکاریی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا" تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (نۆی ئەیلوول/2025) فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د.نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێشوازییان لە شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و کۆمپانیا فرەجۆرەکانی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لوتس، بەڕێوبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، کرد.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا، کە وێڕای نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستان ئامادەی بوون، وێڕای تاوتوێكردنی "کایە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کار و هاریکاریی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا"، جەخت "لە گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە تێکڕای کایە جیاجیاکاندا"، كرایەوە بیروڕا سەبارەت "بە چۆنیەتیی برەودان بە هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کایەکانی وزە، کاری بانکی و تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرددا، ئاڵوگۆڕ کرا."

سەبارەت بە ڕەوشی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ کاری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی ژووری بارزگانیی ئەمەریکای لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکاندا کرد و وێڕای نیشاندانی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرخستنی کاری هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆمپانیاکانیدا، بەشداریکردنیانی لە پرۆسەی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانیدا، بە گرنگ لە قەڵەم دا."

لای خۆیانەوە شاندی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێزانینەوە باسیان لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری لە سەرخستنی کارەکانیاندا، کرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین