د. ناسر هه‌ركى په‌رله‌مانتارى عێراق : هاتنى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا په‌یوه‌ندى به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. ناسر هه‌ركى په‌رله‌مانتارى عێراق : هاتنى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا په‌یوه‌ندى به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌

بڕیار بوو حکومەتی عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر پارێزگای هەولێر لە ماوەی رابردوو لێکۆڵینەوە بکات، ئایا به‌ لێکۆڵینەوەی بارودۆخەکە بەکوێ گەشت؟

ئه‌وانه‌ى هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم
دوژمنى حكومه‌تى فیدڕاڵن
 

د. ناسر هه‌ركى: ئێستا بارودۆخی هەولێر ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ عێراق، لە بارێکی ئارامدایە لەبارێکی دارایی باشتر دایە، ناڵێین زۆر باشە بەڵام به‌ بەراورد باشتره‌. مەبەستم ئەوەیە ئەوانەی کە ئێستا ئەم ئاژاوایە دەنێنەوە دەزانن، هەرێم خەریکە لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت و رێکكەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکرێت. جا هەوڵ ده‌درێت کە ئەو ئارامییە بۆ عێراقیش بگەڕێتەوە، بۆیە ئەمانەی ئەو کارانە دەکەن ئه‌و ئه‌نجامانه‌یان ناوێ و خۆیان سوودمەندن لە بارودۆخی ناجێگیر، لە ناسەقامگیرى لە عێراقدا. بۆیە هەوڵدەدەن ئەو سەقامگیریەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ناسەقامگیری بکەن. ده‌یانه‌وێ رێکكەوتن لەنێوان ئەو دوو حکومەتی هەرێم حکومەتی فیدراڵیدا نەبێت. جگە لەوەی ئەو پێشکەوتنانەی کە هەرێمی کوردستان بە خۆیەوە دەبینێت رەنگە ئەمەش بۆ ناحەزان قابیلی قبووڵکردن نەبێت.

ئەوانەی کە دژی نەتەوه‌ى كوردن، نایانەوێت کوردیش وەکو وڵاتانی تر و خەڵکی تر و نەته‌وه‌کانی تر خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری خۆی بێت. هه‌ڵبه‌ته‌ ئەمانە هۆکارەکانن. ئێستا له‌ نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی تا رادەیەک لێکتێگەشتن هەیە، ده‌یانه‌وێ بگەنە رێگەچارەیەك کە ئەو کێشانەی لە نێوانیاندا هەیە نەمێنێت. بەڵام وەکو باسمکرد ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی یاسان و دژی حکومەتی فیدراڵیشن نەك تەنیا دژی حکومەتی هەرێمی کوردستانن هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.

هیچ زانیاریەك هەیە کە کامە لایەن لە پشت ئەم هێرشانەی سەر پارێزگای هەولێرە؟

د. ناسر هه‌ركى: بابەتی کامە لایەن ناتوانین لایەنێك دیاری بکەین، یاخود دەزگایەک دەستنیشان بکەیت. بەڵام بێشك ئەو خەڵکانە عێراقیین، بێگومان گرووپەکانی ئەوانەی کە دەسەڵاتیان لە عێراق هەیە لە بنباڵی بەشێك لەو دەسەڵاتی عێراقی جێگای خۆیان کردۆتەوە. ناسەقامگیری عێراق نەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێزی عێراقیش ئەمەش خۆی لەخۆیدا هۆکارێکە کە ئەمانە بەم شێوەی کە هەیە، یا جموجۆڵیان هەیە رۆڵیان بەرچاوە.

 

كازمى نابێت داواى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى بكات
به‌ڵكو ده‌بێت بڕیاره‌كان جێبه‌جێ بكات



دوێنێ کازمی لە کۆبوونەویەكدا باسی لەوە کردووە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان هەیە پێویستە پڕ بکرێتەوە، خۆ پێشتریش رێکكەوتن کراوە لە مانگی 10 رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانى ژووری ئۆپراسۆنی هاوبەش، بەڵام جێبەجێ  نەکراوە. گرێنتی چییە ئەمجارە رێنمایەکانی کازمی جێبەجێ بکرێت؟

د. ناسر هه‌ركى: راستی رێزم بۆ جەنابی کازمی هەیە، کازمی خۆی حەز دەکات و نیەتیشی هەیە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی نییە کە بتوانێت فەرمان دەربکات. ئەو جگە لەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقه‌، ناکرێت ئەو داوا بكات بڕیاره‌كان جێبەجێبکرێت، دەبێت راسته‌خۆ بڕیاره‌كانى جێبەجێ بکرێت. بۆیە ئێمە چاوەڕوانی لەوه‌ ناکەین کە وا داوا بکات لە جێبەجێکرنی ئەو بڕیارە، دەبێ ئەو فەرمان بکات بۆ جێبەجێکردنی، چونکە جێبەجێکردنی ئەم رێکكەوتنامە و نەمانی ئەو بۆشاییەی کە ئێستا بوونی هەیە ئەمە کاریگەری تەواوی لەسەر سەقامگیری عێراق بە گشتی دەبێت. بۆیە نەمانی ئەم بۆشاییە نەك تەنیا سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە سوودی بۆ هەموو عێراق هەیە. چیتر هێزەکان بە گشتی نابنە قوربانی ئەو تیرۆرستانەی کە ئەم بۆشاییە رێخۆشکەرە بۆیان، چالاکی تێدا ئەنجام بدەن.

رێکكەوتنی شەنگال بە کوێ گەشت، ئێمە دەزانین لەسەر ئەم رێکكەوتنە حکومەتی هەرێم گلەیی هەیە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت به‌ هه‌زاران خێزان گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان. دۆخی راسته‌كه‌ کامەیە؟

د. ناسر هه‌ركى: بەداخەوە ئەوانەی گەڕاونەتەوە، دووبارە خەریکە ئاوارە دەبنەوە. بەهۆی ئەوەی ئیدارەیەکی دروست نییە، دەسەڵات دەسەڵاتی عێراقی نییە. بەداخەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی عێراق. ئەگەر نا رێکكەوتنێك لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵێ کراوە، بۆچی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رێگرنابێت له‌وه‌ى خەڵکێکی دەرەوەی عێراقی دەسەڵاتیان لە عێراقدا هەبێت.  جگە له‌وەش هێزە عێراقییەکان پاڵپشتن لە مانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ئەمەش بۆ نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى جێبه‌جێكارى به‌هێز له‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

ئه‌و ئاوارانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال جارێكى تر ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌
 

وەزیری بەرگری تورکیا بە نهێنی سه‌ردانى كانى ماسێى كردووه‌ بێ وەرگرتنی رەزامەندی حکومەتی عێراق، ئێوه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق چۆن له‌و بابه‌ته‌ ده‌ڕوانن؟

د. ناسر هه‌ركى: بابەتی هاتنی وەزیری به‌رگرى تورکیا پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. وەزیری دەرەوەی تورکیا یا وەزیری بەرگری تورکیا بێ، ئەوانە هەر کاتێك هاتبن پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەبووە. ئەوانە دەتوانن رێككەوتن لەگەڵ عێراق بکەن، ئێمە هەرێمی کوردستان بەشێکین لە عێراق هەر کاتێك عێراق رێکكەوتنێکی لەگەڵ هەر شوێنێك بکات ئێمە پابەندین بە جێبەجیکردنی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی.

لە پایزی رابردوو بارەگای لقى پارتی لە بەغدا سووتا، لێکۆڵینەوەکان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كوێ گه‌یشت؟

د. ناسر هه‌ركى: هەروەک دەزانرێت ماوەیەك لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای لقى پارتی دیموکراتی کوردستانی له‌ به‌غدا کرد، هەر لەوێش رایگەیاند، ئێمە وەکو پارتی هەموو کات لەگەڵ یاسایین داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین ئەوانەی ئەم کارانەیان کردووە بە پێ یاسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت. هیچ کات لە رووی یاساییه‌وە بێدەنگ نابین مافی خۆمان لە رێگای یاسا داوا دەکەین و داکۆکیش دەکەین. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین