سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بەبێ بڵاوکردنەوەی رق و کینە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا دەڵێت، هه‌مووان با ئازاد بن له‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ سياسه‌ت و ئاراسته‌ و كارنامه‌كه‌يان، به‌ڵام نابێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (دووی تشرینی یەکەم/2025) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاندووە،  "هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، سبه‌ى كه‌ ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فيدراڵه‌، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ڕێنمايييه‌كانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌يه‌كى شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگيى پێكهاته‌كانى كوردستان بێت و نه‌بێته‌ هۆى گرژى و دابه‌شكردن و بێزاركردنى كۆمه‌ڵگه و تێكدانى ئاراميى هاووڵاتييان."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواش دەکات، "هه‌مووان با ئازاد بن له‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ سياسه‌ت و ئاراسته‌ و كارنامه‌كه‌يان، به‌ڵام نابێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌. خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى مه‌ده‌نى، ململانێيه‌كى شارستانى له‌م پرۆسه‌يه‌دا به‌ڕێوه‌ ببات. كانديدبوونى ئافره‌ت زۆر گرنگ و بايه‌خداره‌، ده‌بێ ناو و پێگه و ڕێز‌ى پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێ ڕێز له‌ هێما و پيرۆزييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان بگيرێت، هێزه‌ ئه‌منييه‌كانيش پيشه‌يييانه‌ و بێ جياوازى ئه‌ركى خۆيان له‌ پاراستنى هه‌مووان جێبه‌جێ بكه‌ن."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "دواجار هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فيدراڵ، ئامانجيان خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى كوردستان و عێراقه‌، ده‌بێ بزانن كه به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، ده‌توانن خزمه‌تى باشترى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌ن و ماف و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى بپارێزن. بۆيه‌ نابێ له‌ بانگه‌شه‌دا كارێكى وا به‌رانبه‌ر به‌ يه‌كتر بكه‌ن كه‌ سبه‌ى نه‌توانن پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن."

هاوکات، هيواى بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو لايه‌ك و سه‌قامگيرى و سه‌رفرازى و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌خوازم.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین