سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: جیرارد شالیانمان وەک گەواهیدەری ئازارەكان و گەیێنەری دەنگی کورد ناسی کوردستانی

نوچەنێت

لە ڕێوڕەسمیكدا، كە بەبۆنەی ڕێزگرتن لە کۆچی دوایی دۆستی كورد و بیرمەندی فەرەنسی جیرارد شالیان، کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ماڵئاوا دۆستی ئازیز، یادت بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

ڕۆژی هەینی (2025/10/3) ماڵپەڕی (رووداو) بڵاویکردەوە، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و رێزگرتن لە جیرارد شالیان، شاعیر، نووسەر، بیرمەندی جیۆسیاسی و داکۆکیکاری دێرینی مافەکانی کورد سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "شالیان دۆزی کوردی گەیاندە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکانی جیهانی رۆژئاوا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "گەلی کوردستان هەمیشە بەڕێز و پێزانینی قووڵەوە یادی جیرارد شالیان دەکاتەوە، وەک دۆستێکی راستەقینە کە سەرسەختانە لە سەنگەری راستی و ئازادیدا وەستا".

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێزان، میوانانی هێژا،

ئەمڕۆ، بە خەمێکی قووڵەوە، ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی جیرارد شالیان، بیرمەند و لێکۆڵینڤانی ناوداری فەرەنسی دەگێڕین، کە ژیانی خۆی بۆ دۆزینەوەی راستییەکان، لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشانی گەلان لە پێناو مافەکانیان تەرخان کردبوو. شالیان دۆستێکی دڵسۆز و نزیکی دۆزی گەلی کوردستان بوو.

ئێمە شالیانمان وەک دەنگێکی دلێری داکۆکیکاری دادپەروەری، گەواهیدەری ئازار و ئاواتەکانی کورد و گەیێنەری دەنگی ناسی، کە دۆزی کوردی گەیاندە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکانی جیهانی رۆژئاوا، لە کاتێکدا دەنگی ئێمە کپ کرابوو. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی ئەو بیرمەندە رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە تێگەیشتن لە خەباتی پێشمەرگە و یارمەتیدەر بوون لە دەرخستنی رەوایەتیی دۆزەکەمان دژی ستەم و زۆرداری.

گەلی کوردستان هەمیشە بە رێز و پێزانینی قووڵەوە یادی جیرارد شالیان دەکاتەوە، وەک دۆستێکی راستەقینە کە سەرسەختانە لە سەنگەری راستی و ئازادیدا وەستا و هیچ کات لە هەڵبڕینی دەنگی دادپەروەری سڵی نەکردەوە.

بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە، لە ناخمەوە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خێزانە بەڕێزەکەی، هاوڕێ و کەسوکاری و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و رۆشنبیریی فەرەنسا و تەواوی جیهان دەکەم؛ گیانی شاد بێ و داواکارم لە خوای گەورە، لەم کاتە سەختەدا سەبووری و ئارامی بە خێزان و ئازیزانی ببەخشێت.

ماڵئاوا، دۆستی ئازیز؛ یادت بۆ هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین