ڕەوشی دەریاچەی زرێبار.. پشتگوێخستنی دامەزراوەیی و تێکدانی لۆکاڵی کوردستانی

نوچه‌نێت

دەریاچەی زرێباری مەریوان [لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان] پێویستی بە یارمەتییە. هیچ هیوایەک بە حکومەت و پلانەکانی نەماوە. ئێستا زیاتر چاوەڕوانی لە خودی خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکرێت بۆئه‌وه‌ى فریاى ده‌ریاچه‌كه‌ بكه‌ون.

ڕۆژی دووشەممە سێی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی هەواڵنێری "ڕادیۆ زەمانە" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە لە لایەن خاتوو "فەریبا دانشمێهر" نووسراوە و تیایدا هاتووە: دەریاچەی زرێباری مەریوان لە [ڕۆژهەڵاتی] کوردستان، یەکێکە لە گەورەترین دەریاچەکانی ئاوی شیرینی ئێران. ئەم دەریاچە جگە لەوەى سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئاوە، هەرد و هەواری دەیان جۆر پەلەوەر و گیانلەبەری ئاوییە و جەمسەرێکی سەرەکی گەشتیاریی لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتەیە.

هیچ ڕووبارێک ئاوی ئەو دەریاچە دابین ناکات، بەڵکو کانییەکانی ژێرەوە و کەفی ئەو دەریاچە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، ئاوەکانی دابین دەکەن.
 

سالانه‌ ئاوى زرێبار 1.3 سانتیمه‌تر كه‌م ده‌كات



بە گشتی تەنیا 3% هەموو ئاوەکانی سەر گۆی زەوی، ئاوی شیرینن و تەنیا بەشێکی بچووک لەو سەرچاوە ئاوە شیرینانە وەک ئاوی ڕەوانن و لەو دەریاچانەن کە بکرێ سوودیان لێوەربگیردرێت و لە بەردەست بن. ئه‌وانه‌ى ده‌مێننه‌وه‌ ئاوە شیرینەکان وەک سەهۆڵەکانی جەمسەری باکوور و باشوور و ئاوەکانی ژێر زەوین کە بەکارهێنانیان پڕ تێچووە و زیانیشیان هەیە. بۆیە دەریاچەکانی ئاوی شیرین لە سەرانسەری جیهان، به‌خششى سرووشتین و پێویستە خەڵک و دەوڵەتەکان هەوڵ بدەن بیانپارێزن و بە شێوەی ژیرانە و هوشیارانە سوودیان لێ وەربگرن.

بەڵام دەریاچەی زرێبار بەو جۆرە نییە، نەک هیچ هەوڵێکی بەرچاو بۆ پاراستن و ڕاگرتنی ئەو ده‌ریاچە لە لایەن دامەزراوە حکومییە بەرپرسیارەکانەوە نادرێت، بەڵکو بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکەیش بە چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان لە دەوروبەری ئەو دەریاچە، زیاتر بەرەو تێکدان و لەناوبردنی دەبەن.

هیچ هیوایەک بە حکومەت و پلانەکانی نەماوە، ناکارامەیی و بێدەستوبردیی حکومەت و دامودەزگاکانی لەو بارەوە ئاشکران. ئێستا تەنیا چاوەڕوانی لە خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکرێت.  

لەم ڕاپۆرتەدا، وێرای چاوخشاندنێک بەسەر ئەو فاکتەرانەی کە کاریگەرن لەسەر تێکدانی ئەو دەریاچە، هەوڵ دەدەین هۆکارە بنچینەیی و سەرەکییەکانی ئەو بارودۆخە ڕوون بکەینەوە.

ژیانی گوندیی دەوروبەری زرێبار

ساڵانێکە زێرابی هەندێ لە گوندەکانی دوروبەر، دەڕژێتە ناو ئاوی زرێبار و ئەوەش وەک یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی ئەو دەریاچە ناسراوەتەوە. هەم زێرابی مرۆیی و هەم پاشماوەکانی ئاژەڵەکان دەڕژێنە ناو زرێبار.

لە ساڵانی پێشووتردا، دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری زرێبار هەموو ساڵێک پاشەڕۆ یان پاشماوەی ئاژەڵەکانی خۆیان لە سووچێکدا کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکی گونجاودا و بە یارمەتی لافاو بیڕژێننە ناو زرێبار. ئەو کارەیان زۆر جار لە کۆتاییەکانی زستان یان سەرەتای بەهار ئەنجام دەدا، ڕێک ئەوکاتەی کە لافاوە بەگوڕوتاوەکان بەرەو زرێبار کەفەڕێژیان دەکرد.

گوندییەکان لەو دەرفەتە کەڵکیان وەردەگرت و پاشماوەی ئاژەڵەکانی خۆیان دەخستە ناو لافاوەکە و لافاویش لەگەڵ خۆی دەیبرد بەرەو دەریاچەی زرێبار. بەڵام دوای دامەزرانی ئەنجوومەنی سەوزی "چیا" لە مەریوان، لە ڕێگای هەندێ خولی فێرکاریی و ڕاهێنانەوە گرنگیی پاراستنی زرێباری وەبیری خەڵک هێنایەوە. دانیشتوانی گوندەکان هێدی هێدی دەستیان لەو کارە هەڵگرت. بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت هەندێ لە چالاکترین ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە هەموو ساڵێک بە شێوەی خۆبەخش دەچوون بۆ یارمەتی ئاژەڵدارەکانی ئەو گوندانە و یارمەتییان دەدان بۆ ئەوەی پاشماوەی ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دوورتر لە شوێنی ژیانیان و نەیڕێژنە ناو ئاوی زرێبار. ئەو هەوڵە مەیدانیانە بە کردەوە بوونە هۆی خۆشەویستی ئەنجوومەنی سەوزی چیا و پێشنیازەکانیان بەهەند وەرگیرا.

زۆرێک لە گەنجانی ئەو گوندانە خۆیان بوونە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە و بوون بە پێشەنگی جێبەجێکردنی بەرنامە و ڕاهێنانە سەوزەکانی. بۆ نموونە گوندی "دەرەتفێ" لەو گوندانەیە کە زیاترین کەسانی خۆبەخشی لە چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی مەریواندا هەبووە.

کێشەی گوندییەکان لەگەڵ دەریاچەی زرێبار تا ڕادەیەک بە هۆی چالاکییەکانی ئەنجوومەنی سەوز و وشیاری و هاریکاری خۆیان چارە کرا. چونکە لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەستیارییەک سەبارەت بەو پرسە لە زەینی تاکەکاندا دروست بوو. هەڵبەت هەندێ کێشە وەک خۆیان ماونەتەوە، وەک ئەو پەیینە کیمیاییانەی زەوییەکانی کشتوکاڵی دەوروبەر، کە ئێستاش دەڕژێنە ناو زرێبار و پیسی دەکەن.


گۆڕان لە شێوازی کەڵکوەرگرتن لە زەوییەکانی دەوروبەری زرێبار

سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، هێشتا هەندێ لە دانیشتوانی دەوروبەری زرێبار بە شێوازی جۆراوجۆر، زیان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەگەیێنن. سەرەکیترین پاڵنەریان بە دەستهێنانی سوودە. ئەویش لە ڕێگای بڕینەوەی دار و دارستانەکانی دەوروبەری زرێبار. 
چەند ئامانجیشیان لەو کارە هەیە: دەستەیه‌کیان تەنیا دەیانەوێت لە چێوی وشکی دارە بڕدراوەکان بۆ درووستکردن و فرۆشتنی خەڵووز کەڵک وەربگرن. بەڵام ئامانجی دەستەیه‌کی تر گۆڕینی شێوازی بەکارهێنانی زەوییەکانە. سەرەتا دارستانەکان دەبڕنەوە، دواجار لە جیاتی ئەو سەوزە و گیا سروشتییەی کە لەوێ ڕوواوە، کشتوکاڵی تێدا ئەنجام دەدەن یان زۆر جار دارمێوی تێدا دەکێڵن. زۆرێک لە باخەکانی مێو و ترێی دەوروبەری زرێبار، بەرهەمی بڕینەوەی دارەکان و لەناوبردنی دارستانەکان و گۆڕانیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهاتە.

گۆڕانی شێوەی بەکارهێنانی زەوییەکان جگە لە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر دارستانەکان، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر بارودۆخی زرێباریش کاریگەری دادەنێت. لێکۆڵینەوە زانستییەکان لەو بارەوە دەری دەخەن کە هەموو ساڵێک نزیکەی ١.٣ سانتیمەتر لە قووڵایی زرێبار کەم دەبێتەوە و تەناس و بنەنیشتەکانی کەفی ئەو دەریاچە ئەستوورتر دەبن. کەمبوونەوەی قووڵایی ئاو و ئەستووربوونی بنەنیشتەکانی کەفی زرێبار دەبێتە هۆی درووستبوونی هەژاریی خۆراک لە دەریاچە بە هۆی کەمبوونەوەی ئوکسجین لە ناو ئاو و مکانیزمەکانی ئۆکساندن و ژیانەوەی ئاوەکانی ژێرەوەی دەریاچە؛ "لەم بارەوە سەیری ئەو سەرچاوە بکەن: ناسێح قادری و هاوکاران، کاریگەرییەکانی چالاکییە مرۆییەکانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار"، ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی خاک و ئاوڕێژوانی وڵات).

حكومه‌ت و خه‌ڵك بایه‌خ به‌ زرێبار ناده‌ن

 

بەتایبەتیکردنی قۆرخکردنی کەڵکوەرگرتن لە سروشت

ئاشکرایە گۆڕینی شێوازی کەڵکوەرگرتن لە زەوییەکان و دارستانەکانی دەوروبەری زرێبار، لەسەر ژیانی ئەو دەریاچە کاریگەری دادەنێت. یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو گۆڕینی شێوازی کەڵکوەرگرتنە، چالاکییە گەشتیاری و بازرگانییەکانی دەوروبەری زرێبارە. مەبەست لە چالاکییە بازرگانییەکان سازکردن و کردنەوەی ئەو بینایانەن کە لە نزیک زرێبار و بە مەبەستی کردنەوەی شوێنی حەوانەوە و هوتێل ئەنجام دراون.

کۆبوونەوەی خەڵک لە دەوروبەری ئەو دەریاچە، هەم دەبێتە هۆی ئەوەی زبڵی جۆراوجۆر بچێتە ناو ئاوەکەوە و هەم کاریگەری لەسەر کوالێتی ئاوەکانی ژێرزەویی و دەرئەنجام کواڵیتی ئاوی زرێبار دادەنێت. گۆڕینی زەوییەکانی دەوروبەری زرێبار بۆ شوێنی نیشتەجێبوون بە شێوەی سروشتی کێشەی زێرابیش دێنێتە ئاراوە، چونکە زێرابی خانوو و بیناکانی دەوروبەری زرێبار نەخراوەتە سەر سیستەمی زێرابی شار، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو زێرابانە زۆر جار لە ڕێگای کەندنی بیرەوە ئەنجام دەدرێت. هه‌ڵکەندنی ئەو بیرانەیش دوای ماوەیەک ئاوەکانی ژێرزەویی دەوروبەری زرێبار، واتە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی ئەو دەریاچە پیس دەکات.

جگە لە پەرەسەندنی بێ بەرنامە و پلانی چالاکییە بازرگانی و گەشتیارییەکانی دەوروبەری زرێبار، خانووباخەکان [هاوینە هەوار]ی دەوڵەمەندەکان، لە دەوروبەری زرێبار یەکێکی ترە لە سەرچاوەکانی پیسبوونی ئەو دەریاچەیه‌. چاوخشاندنێک بە پاسار و پەرژینەکانی زەوییەکانی دەوروبەری زرێباردا قووڵایی کێشەکە ئاشکرا دەکەن. لێکەوتە سروشتی و جوگرافییەکانی ئەو جۆرە چالاکیانە و دروستکردنی ئەو بینایانە، هەم لە ڕووی سرووشتی و جوگرافیایی و هەم لە ڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە لە باسەکەی سەرەوەدا شرۆڤە کرا.

بەڵام دروستکردنی خانووباخ [هاوینەهەوار] لە دەوروبەری زرێبار، لایەنێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە. بەتایبەتیکردن [قۆرخکردنی] مافی کەڵکوەرگرتن لە سروشت. بە دەربڕینێکی تر، لەو پرۆسەیەدا، خاوەن پارەکان و دەوڵەمەندەکان بە پارەکانیان دەوروبەری زرێبار و مافی کەڵکوەرگرتن لە سوودەکانی بە شێوەیەکی قۆرخکارانە بە دەستەوە دەگرن و دوای ئەوە، خەڵکی هەژار و ئاسایی بە کردەوە لەو سوودانە بێبەش دەبن. واتە تەنانەت سەیرکردنی جوانییەکانی دەوروبەری زرێباریش بەو پەرژینکاریە قۆرخکارانە، دەبێتە بەشی تاقمێکی تایبەت. دەوروبەری زرێبار دەبێتە موڵکی تاکەکەسی و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی تاکەکەسی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەسەر کەڵکوەرگرتن لە خەڵاتەکانی سرووشتدا زاڵ دەبن.

خاوەندارێتی تایبەتی زەوی و "کەلێنی مێتابولیکی"

لۆژیکی پشتەوەی ئەو داگیرکاری و تێکدانانە چییە؟ چ تایبەتەمەندییەکی هاوبەش لە ناو چالاکییە تێکدەرانەکانی خاوەن هوتێلەکانی دەوروبەری زرێبار، خاوەن موڵکەکان و ئەو کەسانە هاوینەهەوارەکان دەکەنەوە و تەنانەت چالاکییەکانی خەڵووزفرۆشە گوندییەکاندا هەیە؟

کارل مارکس، نزیکەی دوو سەدە پێش ئێستا، دەستەواژەی "کەلێنی مێتابولیکی" بۆ وەسفکردنی ئەو دۆخە داهێنا. کەلێنی مێتابولیکی نێوان مرۆڤ و سروشت کاتێ دێتە ئاراوە کە بنەمای مێژوویی خاوەندارێتی تاکەکەسی دەگۆڕدرێت بۆ نێوەندگیری سەرەکی نێوان مرۆڤ و سروشت. مارکس پەیوەندییە مێتابولیستییەکانی پێش خاوەندارێتی تاکەکەسی بە "پرۆسەی دوولایەنەی ئەو گۆڕانکاریانە دەزانێ کە مرۆڤ و سروشت لە گشتێکی پێکەوەبەستراوی ئورگانیکدا پێناسە دەکرێن و درێژەی تەمەنی هەر کامیان بەستراوەی ئەوی ترە. بەڵام کەلێن و قەیرانی ژینگە، ڕێک کاتێ ڕوو دەدات کە هەوڵێکی بەردەوام بۆ پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و بەدەستهێنانی سوود، بە بێ ڕەچاوکردنی سنوورەکانی سروشت و ژینگە لە ئارادا بێت. لەو دۆخەدا، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا تووشی "نامۆیی" دەبێت و پارە دەبێتە نێوەندگیرێکی سەرەکی لەو پەیوەندیانەدا. ئەو دۆخە بە ئاشکرا سەبارەت بە دەریاچەی زرێبار بەرچاو دەکەوێت. لۆژیکی پشتەوەی تێکدانی ئەو دەریاچە و سەرچاوەکان و دارستانەکانی دەوروبەری، لە لایەکەوە لۆژیکی کەڵەکەکردنی قازانج و لە لایەکی ترەوە، لۆژیکی خۆشگوزەرانی و چێژوەرگرتنی قۆرخکارانەی چینی باڵادەستە.  

 


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین