پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان ــ سلێمانی جێبەجێ دەکرێت کوردستانی

نوچەنێت: پەیام عەلی

هێڵی سێیەمی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئاوی دووکان-سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، کێشەی کەم ئاوی لەو شارە بۆ ماوەی (30) ساڵی داهاتوو چارەسەر دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (9/تشرینی یەکەم/2025), وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە “ڕۆژی یەکشەممە (12/تشرینی یەکەم/2025), گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی3 واژوو دەکرێت، كە ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی زیاتر لە (423) ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، كە "کێشەی کەم ئاوی لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات."

گرێبەستەکە لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کۆمپانیای جێبەجێکار واژوو دەکرێت، دوای ئەوەی وەزارەتەکە بە نووسراوی ژمارە (11443) گرنگی پڕۆژەکەی بۆ سەرۆکایەتی دیوان بەرزدەكاتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە نووسراوی (1394) لە (18/ئەیلوول/2025) داوە.

لەو بارەیەوە ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند، "تەواوی ئەو کەلوپەلانەی بۆ دیزایینکردنی پڕۆژەکە بەکاردێت بەگوێرەی ستانداردی جیهانی و بەرزترین کوالێتی دانراوە، هەروەها کوالێتی ئاوەکەی بەگوێرەی ستانداردی عێراقی بۆ ئاوی خواردنەوە و WHO دەبێت". هەروەها گوتیشی “ئەم پڕۆژەیە خزمەتی شاری سلێمانی دەکات و دەبێتە پالپشتییەکی گەورە بۆ هەردوو پڕۆژەکانی یەک و دوو، وە پڕۆژەی ئاوی سەرچنار".

سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد “ئەو پڕۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی دووساڵ تا دووساڵ و نیو دەخایەنن، بەڵام هەوڵدەدەین بەشێوەی فریاگوزاری ساڵ و نیوێک زیاتر نەخایەنێت”

هاوکات، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی باشتر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە دانیشتوانی شاری سلێمانی، بڕیاری دا گوژمەکە لە (398) ملیۆن و (486) هەزار دۆلارەوە بۆ (423) ملیۆن و (890) هەزار دۆلار زیاد بکرێت.

کەم ئاوی لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە گرفتە ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی بووە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هەبووە. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی ستراتیژی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابینکردنی ئاوی شاری سلێمانی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین