وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەی درووستكردنی شەقامی 60 مەتری لە هەولێر جێبەجێ دەكات کوردستانی

نوچەنێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گوژمەی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار، پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری لە شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت، کە چەندان ڕێگای سەرەکی پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەمرۆ شەممە (2025/10/11) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە، چونکە شەقامە بازنەییەکانی 120 مەتری و 150 مەتری بە سێ ڕێگای سەرەکیی (هەولێر-بەحرکە، هەولێر-پیرمام، و هەولێر-کۆیە) پێکەوە دەبەستێتەوە.

وەزیری شارەوانی گوتیشی،" ئەوەی ئەمڕۆ بەردی بناغەی دادەنێین، یەکەمین شەقامی 60 مەترییە کە لە ماستەرپلانی هەولێردا هەیە و جێبەجێ دەکرێت."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاماژە بەوە دەكات، ئەم شەقامە خزمەت بە ناوچەیەکی یەکجار فراوان دەکات و کارئاسانی بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی چەندان گەڕەک و شارۆچکەی نوێ دەکات، لەوانە شاری ئاراس، کەڕک، گردجووتیار، و شارەکانی ئارام یەک و ئارام دوو.

وەزیری شارەوانی دڵنیایی دا کە لە داهاتووشدا کار لەسەر جێبەجێکردنی شەقامەکانی دیکەی نێو ماستەرپلانەکە دەکرێت.

هەر سەبارەت بەو پڕۆژەیە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت و 36 ملیار و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 15 مانگە، بەڵام بڕیارە زووتر لە وادەی دیاریکراو تەواو بێت.

ئەم شەقامە نوێیە جگە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکەکانی وەکو ئازادی نوێ، ئارام 1، و ئارام 2، و لە داهاتووشدا ئارام 3، هەروەها گەڕەکەکانی کەڕک و چەند ناوچەیەکی دیکە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتەوە دابەش کراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین