خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز بەخشرایە پڕۆفیسۆر حەمید بۆزئەرسەلان کوردستانی

نوچەنێت

لە پێش داکردنی بارانی پەڵە و لە پایزە ئێوارەیەکی پڕشکۆدا ، ڕێکخراوی ڕۆشبیری جەمال نەبەز لە ژێر دروشمی (ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە)، بەسەرپەرشتی خاتوو نیعمەت تۆفیق مەحمود پێنجەمین خولی خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەزی سازکرد.

ئێوارەی (2025/10/11) کاتژمێر پێنج لە هۆڵی ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان لە ناو تەلاری پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەی زۆر لە بەرپرسانی حیزبی و حوکمی ، ڕۆشنبیران، بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات و بەهاوکاری ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیری کارۆ،  پێنجەمین خولی  خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز لەژێر ناوی خولی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) بەڕێوەچوو.

دەرون مەعروف، بەڕێوبەری ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز سەبارەت بەچۆنیەتی بەربژێرکردنی ئەو کەسەی کە خەڵاتەکەی پێێ دەرێت، هەروەها چۆنیەتی ناونانی خولی خەڵاتەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچە نێت گوتی''ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز خاوەنی دەستەیەکی ئەکادیمی شارەزایە، کە پێکدێن لە هەریەکە لە بەڕێزان (د.سالم جاسم ، د.حەیدەر لەشکری، دکتۆر سەروەر عەبدوڵڵا)، ساڵانە نۆ جار کۆدەبنەوە لە نیوان 65 کەسایەتی و 25 دەزگادا کە خزمەتیان بە کورد و کوردستان کردوە، بەربژێری ساڵ بۆ خەڵاتەکە دەستنیشان دەکەن، لە هەمانکاتدا پێویستی کەسی دەستینشانکراو لەیەکێک لەو بوارانەدا خزمەتی کردبێت کە مامۆستا جەمال نەبەز کاری تێدا کردوە، هەروەها سەبارەت بە ناونانی خولی ئەم ساڵ کە بە ناوی ڕۆمانووس و ڕۆژنامەنووسی دیاری کوردە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە ناوی خولەکان بەپێی حەرفی ئەبجەدی دیاری دەکەین، لە ڕابردوودا خولی یەکەم بە ناوی مامۆستا جەمال نەبەز بوو، خولی دووەم بەناوی مامۆستا جەمال ڕەشید بوو، خولی سێیەم بە ناوی مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی، خولی چوارەم بەشیر موشیر بوو، بۆ ئەم ساڵیش خولی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە''

جەمال نەبەز خاوەنی چەندین  بەرهەم و چەندین لێکۆڵینەوەی جیاوازە، لە هەریەکە لە بوارەکانی (وێژە ، زمان ، کوردناسی، پەروەردە، هونەر، وەرگێڕان، ڕۆژنامەوانی، مێژوو، رۆژهەڵاتناسی ) کاری کردوە ،

بە گوتەی بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم مەڕاسیمە لە شارەکانی تری کوردستان سازدەکرێت، هەروەک چۆن لە ساڵی دووەمدا مەڕاسیمەکە لە شاری هەڵەبجە سازکراوە، بۆ ئەم ساڵێش وابڕیاربووە لە شاری دهۆک بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە ناوبانگەشەی هەڵبژادنداین بۆ ئەمسالیش لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، سەبارەت بەو گۆڕانکاریەی کەئەم ساڵ لە ڕۆژی بەخشینی خەڵاتەکەدا کراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەبژێری خەڵاتەکە لە ڕۆژی 11 تشیرینی یەکەمدا لە دایک بووە، لە ناو هۆڵەکەدا مەڕاسیمی لەدایک بوونی بۆ بەڕیوەبرا، بە بەشداری تیپی مۆسیقای کەرکوک و چڕینی چەند گۆڕانیەک ئێوارەکە ڕازاوەتر کرا  .

 لە وەڵامی پرسیارێکی دەزگای نوچە نێتدا کە هۆکار چیە کە تا ئێستە پێنج  خول بەڕێکراوە،بەڵام ناوی خولەکان لە ژێرناوی پیاواندا بووە، هەروەها پینج خەڵاتیشەکەش هەر بۆ پیاوان بووە؟ دەوەن مەعروف وتی''بۆ ساڵی داهاتوو کە خولی شەشەمی بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز دەبێت ڕەنگە ناوی خولەکە بە ناوی خاتوونێکی هێژای کوردەوە بێت، کە خزمەتی کورد کوردستانی کردبێت، یان خەڵاتەکە بدرێت بە خاتونێک ''

ساڵانە خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز خۆی دەبینێتەوە لە بڕوانامەیەکی شایستە، قەڵەمێکی زێڕین، لۆگۆی زێڕینی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز، بڕی دوو هەزار دۆلار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین