ئاڵۆزی و گرژییەكانی پردێ كۆنتڕۆڵ کرا کوردستانی
دوای ئاڵۆزییەکانی شەوی ڕابردوو لە ناحیەی ئاڵتوون کۆپری (پردێ) لە باکووری کەرکوک، بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای حیزبیی لەنێوان لایەنگرانی حیزبە کوردی و تورکمانییەکان، بەیانی ئەمڕۆ بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپای عێراق، ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە.

ڕۆژی شەممە (25/10/2025) دوای دروستبوونی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی شەوی ڕابردوو لە پردێ، لەنێوان لایەنگرانی حیزبە کوردی و تورکمانییەکان لەسەر هەڵکردنی ئاڵای حیزبیی لە ناوەندە حكومییەكان، لە ئێستادا دۆخی ئەمنی بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لە سەرتاسەری ناوچەکە سەقامگیر بووەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی وردەکاری پشت ڕووداوەکە، هاوکات هێزەکانی سوپا و چالاکوانە مەدەنییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە بڵاوبوونەوە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم دانیشتوانی ناحییەکە کرد ئارامی ناحییەکە بپارێزن و دان بە خۆدا بگرن.

لای خۆشییەوە، ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی، ئاماژەی بەوە کرد "سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئەوانەی بەشدارییان لە گرژییەکاندا کردووە لایەنگری ئەوان نین." هەروەها داوا لە خۆپیشاندەرانی تورکمان کرا دەستبەجێ بکشێنەوە.

ساڵحی دووپاتیشی کردەوە، کە ئێستا سوپای عێراق لە سەرتاسەری ناحییەکەدا جێگیرکراوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی دیکە.

گوتیشی، "لە ئێستادا دۆخی ناحییەکە سەقامگیرە و لیژنەی لێکۆڵینەوە کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی لایەنەکانی پشت رووداوەکە."

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو شەڕ لەنێوان لایەنەکان دروستبوو، بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپا و هاتنە سەر هێڵی حیزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ڕێگریکردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی و گۆڕانی بۆ شەڕی نەتەوەیی، دۆخەکە ئێستا هێور بووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین