جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی: پارتی حیزبی كردارە کوردستانی

چرا یاسین: نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە پێکەوە ژیان، دەستوور و فیدڕاڵیەت، ڕەخنەشی لە مامەڵەی بەغدا گرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەشڵێت،  "ئەو هەڵبژاردنە، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە.‌‌

ئەمڕۆ  شەممە (2025/10/25) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێکدا لە بانگەشەی لیستی (275)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە قەزای شێخان، ستایشی خەڵکی شێخانی کرد و ڕایگەیاند، "ئەو سنوورە واری پارتییە"، واری کۆمەڵێک قارەمان و شەهیدە کە بەهۆی ئەوانەوە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین. 

سەرۆکی هەرێم، بەشێکی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە شێخان و نموونەش دێنێتەوە بۆ ئەو پێكەوەژیانە و دەڵێت، خەڵكی ئێزدی زەوی خۆیان بەخشیوە بۆ دروستکردنی مزگەوت. هاوکات گووتی، پارتی بەردەوام هەوڵیداوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان بێت، مێژووی پارتی دیارە، بەردەوام بێ جیاوازی حیزبی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بووە، پارتی ئەو حیزبەیە جێگەی هەمووانی تێدا کراوەتەوە و گەرەنتی پاراستنی کوردستان، "پارتی گەرەنتی پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە".

 لە بەشێکی دیکەی گووتەکانی ڕەخنەی لە مامەڵەی بەغدا گرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاریدێنێت تەواو مەرکەزییە و دەستوور جێبەجێناکرێت، بۆیە کێشەی مووچە و کێشەی ماددەی 140 و شایستەی پێشمەرگە و پڕچەککردنی پێشمەرگەمان هەیە. 

جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ: "دەستوور جێبەجێناکرێت، بۆیە کێشەی مووچەمان هەیە، بۆیە کێشەی مادەی 140 و شایستەی پێشمەرگە و پڕچەککردنی پێشمەرگەمان هەیە. گووتیشی مەسەلەی مووچە مافی هەموو خەڵکە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەی مووچەیە، جارێکی دیکە لە دڵەوە سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم، سەرەڕای گوشار و ئاستەنگەکان، "میللەتی ئێمە بۆ دۆست و دوژمنانی سەلماند، پشت و پەنای کوردستانن و لەگەڵ حیزبی خۆشیان دەمێننەوە و سەرفرازی دەکەن."

هەر لەبارەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە، ئاماژەوی بەوە دا کە دەستوور بۆ هەموو عێراق و هەموو پێکهاتەکانە، "ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بێت بێگومان دەستووریش جێبەجێ دەکرێت"، مەسەلەی دەستوور و جێبەجێنەکردنی نەک تەنیا زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە بەڵکو بۆ ناوچەی دیکەش بە هەمان شێوەیە. هەروەها ئامانجی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ئامانجمان لە بەغدا و چوونمان بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە فیدراڵییەت و دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، گرنگە دەستوور جێبەجێ بکرێت، چونکە جێبەجێنەکردنی کارەساتی زۆر گەورەی بەسەر عێراقدا هێناوە.

جێگری سەرۆکی پارتی، جەختیشی لەوەکردەوە، "پارتی حیزبی کردارە و حیزبی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە".  داوای لە لایەنگرانی حیزبەکەشی کرد، "یەک دەنگیش بەفیڕۆ نەدەن" و دەڵێت، "یەک دەنگیش بۆ ئێمە زۆرە، ڕۆژی دەنگدان دەبێ پێکەوە بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پارتی هێندە دڵنیایە لە جەماوەرەکەی، دڵنیاییە دەباتەوە، هەندێک جار سستی دروست دەبێ، هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنە ئەو سستییە نەبێ، پێویستە دەرفەت نەدەین یەک دەنگیش بە فیڕۆ بڕوات و کەمببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا باسی هەوڵەکانی حیزبەکەشی دەکات بۆ مەسیحییەکان و دەڵێت، "هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە مەسیحی کۆچ نەکات، لەسەر خاکی کوردستان بمێننەوە، بەرەو دەرەوە نەچن و لەو خاکە بمێننەوە، پارتی گەورەترین پشتیوانی مەسیحییەکانە، هەر وەکو پشتیوانێکی گەورەی مەسیحییەکانیش دەمێنێتەوە، هەرچی بۆ مەسیحییەکان بکرێت وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتە کەمە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین