بۆ ڕۆژی دەنگدان كار بۆ گەڕانەوەی کوردانی دەرەوەی نەینەوا دەکرێت کوردستانی

نوچەنێت: چرا یاسین

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان زیاتر لە (40) هەزار کوردی سنووری نەینەوا ئێستا لە دەرەوەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتیش لە نەینەوا، دەڵێت، "هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان دەکەین".

ئەمڕۆ یەكشەممە (26/10/2025) محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، جگە لە نیشتەجێی کەمپەکان بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان زیاتر لە 40 هەزار کوردی سنووری نەینەوا ئێستا لە دەرەوەی کەمپەکانی نێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. گوتیشی، حیزبە کوردستانییەکانی نەینەوا بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئامادەکاریمان کردووە بۆ هاندانی هاونیشتمانیانمان کە لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە و دەنگ بدەن.

 هەر لە لێدوانەکەدا لە بارەی گەڕانەوەی کوردەکانی دەرەوەی کەرکووک بۆ نێو پارێزگاکە لە ڕۆژی دەنگدان، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕێنەوە، بۆ کورد کارەسات ڕوودەدات، چونکە دەنگدەری کەم دەبێتەوە لە پارێزگاکە."

ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بازگەکانی نێوان نەینەوا لەگەڵ هەولێر و دهۆک قسەمان کردووە، کە لە ڕۆژانی دەنگداندا ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانیان، لەم رۆژانەشدا سێ ژمارە مۆبایل کارا دەکەین، بۆئەوەی هەر خێزانێکی کورد ڕێگری لێکرا، ئاسانکاری بۆ بکەین.

 هاوکات  نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا ڕایگەیاند "هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە کوردانەی نەینەوا دەکەین کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا نیشتەجێن"، داواشی لەو هاونیشتمانییانە کرد، لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە و هاوسەنگییەکە رابگرن

دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە هەزاران کەسی خەڵکی پارێزگای کەرکووک ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و زۆربەیان تێکەڵی ژیان و کاری شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، دەنگدەر دەبێت بگەڕێتەوە پارێزگاکەی خۆی بۆ دەنگدان، نەگەڕانەوەی خەڵک بەشداری و ڕێژەی کورد لە پارێزگاکە کەمدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر کورسی و نوێنەرایەتیی کەرکووکیش دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەماندا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین