سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاریدێنێت تەواو مەرکەزییە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەخنەی توند لە سیستەمی سیاسی عێراق دەگرێت و دەڵێت، عێراق لە ناوەڕۆکدا سیستەمێکی تەواو مەرکەزییە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەوە بە "فیدراڵی ناودەبرێت، بەڵام دەستوور جێبەجێ ناکرێت" و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت لە هیچ سیستمێکی فیدراڵیدا نابینرێت.

ڕۆژی شەممە (2025/10/24) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێکدا لە بانگەشەی لیستی (275)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە قەزای شێخان، ڕەخنەی لە مامەڵەی بەغدا گرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاریدێنێت تەواو مەرکەزییە و دەستوور جێبەجێ ناکرێت.

لەبارەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە، ئاماژەی بەوە دا کە دەستوور بۆ هەموو عێراق و هەموو پێکهاتەکانە، مەسەلەی دەستوور و جێبەجێنەکردنی نەک تەنیا زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە بەڵکو بۆ ناوچەی دیکەش بە هەمان شێوەیە، "دەستوور جێبەجێناکرێت، بۆیە کێشەی مووچەمان هەیە"، بۆیە کێشەی مادەی 140 و شایستەی پێشمەرگە و پڕچەککردنی پێشمەرگەمان هەیە. هەروەها گووتیشی، مەسەلەی مووچە مافی هەموو خەڵکە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەی مووچەیە. 

هاوكات ڕۆژی چوارشەممە (2025/10/8)  سەرۆکی هەرێمی کورستان لەدیدارى مێرى، کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، گەورەترین کێشەی عێراق ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا کەس نازانێت سیستمی عێراق فیدراڵییە یان ناوەندییە، لە سەرەوە پێی دەگوترێت عێراقی فیدراڵی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا عێراق هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە و ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکەن، لە هیچ سیستمێکی فیدراڵی نابینرێت، ئەوەی کە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێزە.

سیستەمی فیدڕاڵی یەکێکە، لە گرنگترین شێوازەکانی حوکمڕانی لە جیهانی هاوچەرخدا کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حکومەتی ناوەندی و یەکە ناوخۆییەکاندا دامەزراوە. ئەم سیستەمە بە گوێرەی پێویستی و تایبەتمەندییەکانی هەر وڵاتێک، شێوازی جیاوازی هەیە، کە وەک چارەسەرێکی دیموکراسی خراوەتەڕوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرە پێکهاتەن لەڕووی ئیتنی، ئایینی، زمان، کولتوورییەوە، بۆیە ئەم شێوازە لە دەستووری عێراقیش (2005) جێگیرکراوە بەڵام لە ئێستادا، زۆرێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی فیدڕاڵییەت لە عێراق شکستی هێناوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین