قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕاگەیێندرا کوردستانی

نوچەنێت

لە ڕێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕاگەیاند، کە بڕیارە زیاتر لە (7) هەزار و (500) فەرمانبەری شاری هەولێر، نزیكەی (14) هەزار زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (28/ تشرینی یەکەم/ 2025) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، "بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر" بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندازیاران "قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی لە سەنتەری شاری هەولێر و عەنكاوە ڕاگەیەندرا."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی ساسان عەونی لە ڕێوڕەسمێکدا خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند و گووتی، "خۆشحاڵین ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی زەوی ڕادەگەیەنین كە ساڵی پار بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتی و پاداشتێك بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەرانی حكوومەت بڕیاری دابەشكردنی زەوی دا." هەروەها ئەوەشی گووت، کە "ئەمڕۆ زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنكاوە دابەش دەكرێت، كە لە ڕاستیدا ژمارەی پارچە زەوییەكانیش نزیكەی 14 هەزارە، بەڵام بەشێكی بۆ قەرەبووی خاوەنی زەوی و جووتیارەكانە."

وەزیری شارەوانی لەبارەی نەخشەی زەوییەکان و ئەو زەوییانەی بە فەرمانبەرانی عەنکاوە دراوە ڕایگەیاند، "ئەندازیارەكان دیزاینی زۆر جوانیان بۆ نەخشە كەرتییەكان كردووە و ستانداردی زۆر باش لە دروستكردنی نەخشە كەرتییەكاندا" جێبەجێ کراون. هەروەها هەر "ئەمڕۆ زەوی بەسەر ئەو هەزار و 279 فەرمانبەرەی عەنكاوەش لە شوێنێكی تایبەت لەگەڵ فەرمانبەرانی هەولێر دابەش دەكرێت و بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی پێکهاتەی عەنكاوەش نەخشەیەكی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە لە شوێنێكی تایبەت بە خۆیان بۆ دروستكراوە" و بۆ بەخشینی زەوییەکان پێیان تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین