سەرۆک بارزانی: فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیانی خەڵکی کوردستان لە هەموو جیهان باسی دەکرێت کوردستانی

نوچەنێت

لە دهۆک سەرۆک بارزانی چاوی بە بەشێک لە مامۆستا ئایینییەکانی ئەو دەڤەرە کەوت و لەبارەی چەند تەوەرێکی جیاواز وتارێکی هەمەلایەنەی پێشکەش کرد و داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد خەڵک مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر وشیار بکەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە (1/11/2025) بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، "له شاری دهۆك، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبووه‌وه" و تێیدا هەڵبژاردنی بە پڕۆسه‌یه‌كی زۆر گرنگ وەسف کرد و ڕاشیگەیاند، خه‌ڵك لە هەڵبژاردندا بڕیار له چاره‌نووسی خۆی ده‌دات، گوتیشی، "به لای پارتییه‌وه هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆست نییه به قه‌د ئه‌وه‌ی كه ده‌مانه‌وێ هێز و ده‌نگی پارتی به هه‌موو لایەک نیشان بده‌ین و به‌و هێز و ده‌نگەشه‌وه به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق بكه‌ین." هەروەها سەرۆک بارزانی لەم کۆبوونەوەیەدا "ئاماژه‌ی به قۆناغه‌كانی زوڵم و زۆری و جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان كرد به موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزدییه‌وه چ له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه‌كانی عێراق یان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه داعش كردی."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی سەرۆک بارزانی، "ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه دوای 2003 هه‌وڵماندا پێكه‌وه عێراقێكی نوێ بنیاد بنێین، ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق نووسرا و زۆربه‌ی كێشه‌كان له وێدا چاره‌سه‌رییان بۆ دانرا، پێمان وابوو ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره جێبه‌جێ بكرێت عێراق له زۆربه‌ی كێشه‌كان رزگاری ده‌بێت، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ش نه‌كرا." لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا "ئومێدمان وایه دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، له‌گه‌ڵ هەندێك لایه‌نی دڵسۆز رێككه‌وتن بكه‌ین و عێراق له‌م میحنه‌ته رزگار بێت. داوامان له كاندیدانی خۆشمان كردووه كه ده‌بێ نوێنه‌ری هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بن به بێ جیاوازی."

سەرۆک بارزانی جەختی "له ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و پێشکەوتنەکانی هه‌رێمی كوردستان كرد كرده‌وه" و لای خۆشیەوە ڕایگەیاند، "كه پێویسته پشت به خۆمان ببه‌ستین و زیاتر په‌ره به بواره‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی بده‌ین." لە کۆتاییدا "داوای له پیاوانی ئایینی كرد كه له لای خۆیانه‌وه به جددی، خه‌ڵك له مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر هوشیار بكه‌نه‌وه كه له ڕووی ئایینیه‌وه رێگه‌پێدراو نییه و ده‌ردێكی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشه."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین