سەرۆک بارزانى: لەم خولەى پەرلەمان هەوڵ بۆ گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن دەدەین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک مەسعوود بارزانى لە گوتارى کەرنەڤاڵى بانگەشەى پشتیوانى بۆ لیستى (275)ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە شارى هەولێر رایگەیاند، بەرنامەى پارتى لەم خولەى پەرلەمانى عێراق گۆڕێنى یاساى هەڵبژاردن و دەرکردنى یاساى نەوت و گاز و یاساى ئەنجوومەنى فیدراڵى دەبێت.

ئەمرۆ هەینى (2025/11/7)  سەرۆک بارزانی لە گوتارى  کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی پارتی بۆ پشتیوانی لە لیستی 275 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە پارتی بەرچاوی ڕوونە و دەزانی چی دەکات و داوای چی دەکات، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەم دەرفەتەی ڕەخساند لەگەڵ دۆستان و هاوخەباتمان، بتوانین چارەسەری بارودۆخەکە بکەین و پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە ڕێگەی ڕاستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو،  یەکەم: یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەی لەسەر بنەمای لیستی حزبی یاخود لیستی نیمچە کراوە، ئەم یاسایەی ئێستا، یاسایەکی نادادپەرەوەرە، یاسایەکە مافی هەموو لایەک ون دەکات، تەیا چەند لایەک کە بە ئارەزووی خۆیان دایان ڕشتووە، لەبەر ئەوە ئەم یاسایە بە کەڵک نایەت و کارێکی جددی دەکەین ئەم یاسایە بگۆڕدرێت.

سەرۆک بارزانی لە بەشێکى دیکەى قسەکانى گوتی، هیچ ڕەوا نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان 70 بۆ 80 لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووانیش سەدا 20 کەمتر بێت. 

سەبارەت بە یاساى نەوت و گازیش سەرۆک بارزانی ئاماژەى بەوە کرد، کە پێویستە یاسای نەوت و گاز دەربچێت کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی چیتر هیچ بەهانایەک نەمێنێت بەدەست ئەوانەی یاریی بەهەموو شتێک دەکەن لە بەغدا.

دەربارەى یاساى ئەنجوومەنى فیدراڵیش سەرۆک بارزانى رایگەیاند، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی زامنێک دەبێت بۆ مافی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین