بە پشتیوانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیان منداڵی نەخۆشی دڵ چارەسەر دەکرێن کوردستانی

نوچەنێت

بە هاوکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین و قەستەرەی دڵ بۆ دەیان منداڵ کە بەشێکیان تووشبووی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵن تیمێکی پسپۆڕی ئیتاڵی لە بواری نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان گەیشتوونەتە دهۆک.

ڕۆژی شەممە (2025/11/8) ماڵپەڕی (رووداو) بڵاویکردەوە، بە پشتیوانی نووسینگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پرۆگرامی رێکخراوی هیڤی چەندان منداڵی نەخۆشی دڵ لە دهۆک چارەسەر دەکرێن. جۆسێپێ سانتۆرۆ، یەکێک لە پزیشکە پسپۆڕە ئیتاڵییەکان ڕایگەیاند، "ئێمە لە چەندین ناوەندی گەورەی بواری نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی دڵی منداڵان لە ئیتاڵیاوە هاتووین. پلانمان ئەوەیە پشکنین بۆ نزیکەی (60) نەخۆش بکەین و نەشتەرگەری بۆ نزیکەی (40) نەخۆش بکەین".

 پزیشکە ئیتاڵییەکە دەشڵێت، "خۆشحاڵین بەو دەرفەتەی رێکخراوەکە پێی بەخشیوین بۆ ئەوەی راهێنان بە پزیشکانی پسپۆڕی دڵ و نەشتەرگەریی دڵی خۆجێیی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن خۆیان و بێ یارمەتی ئێمە بتوانن هەمان کار بکەن و توانایان بەرز بکەینەوە".

سەردانی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، کە بە هاوبەشیی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIAی ئیتاڵی  و نەخۆشخانەی "جیانینا گاسلینی" لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێ.

د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخرای هیڤی ڕایگەیاند، "تیمەکە لە (2025/11/15-7) لە سەنتەری دڵی ئازادی لە دهۆک کار دەکەن و پلان وایە قەستەرەی دڵ بۆ نزیکەی )30( نەخۆش بکرێت. تیمەکە دەستنیشانی نەخۆشییەکان دەکەن و چارەسەریش دەکەن، نزیکەی (10) نەخۆشی دیکەش کە تووشی نەخۆشی خوێنبەرەکان بوون چارەسەریان بۆ دەکرێت.

 رێکخراوی هیڤی کە لە (2005)وە دامەزراوە و لەلایەن نووسینگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە (2,500) هەزار نەخۆش لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پڕۆژەکانیان سوودمەند بوون و (547) نەخۆشیشیان بۆ چارەسەرکردن ناردووەتە ئیتاڵیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین